نه‌زمی حزووری كونسوڵی گشتیی فه‌ڵه‌ستین ده‌ڵێت بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به داننان به قودس وه‌ك پایه‌ته‌ختی ئیسرائیل كارێكی دوژمنكارانه‌یه و ئه‌و باسی هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی كوردستان بۆ "وشه" ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه باڵوێزی فه‌ڵه‌ستین له به‌غدا دژی ریفراندۆم قسه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام روونه كه قسه‌كانی ده‌ستكاری كراوه.
كه‌ركووك هه‌مان بایه‌خی قودسی بۆ كورد هه‌بوو كه به ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا درایه‌وه عێراق، ئێسته هه‌ست به ئازاری كورد ده‌كه‌ن به له‌ده‌ستدانی قودسهكهتان؟ به‌تایبه‌تی كه باڵوێزی فه‌ڵه‌ستین له‌دژی ئه‌و خواسته‌ی كورد قسه‌ی كرد؟
من له‌گه‌ڵ باڵوێزی فه‌ڵه‌ستین له به‌غدا قسه‌م كرد و بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و ئه‌و قسانه‌ی نه‌كردووه، ئه‌و به فه‌رمی پێی راگه‌یاندم كه ئه‌و قسانه‌ی نه‌كردووه، به‌وه‌ی دژی پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه، ته‌نانه‌ت باسی ریفراندۆمی هه‌ر نه‌كردووه، ئه‌و ته‌نیا دووپاتی له یه‌كپارچه‌یی عێراق و وتوێژی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كردووه، به‌ڵام روونه كه قسه‌كانی ده‌ستكاری كراوه.
بڕیاره‌كه‌ی چوارشه‌می دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا چۆن ده‌خوێننه‌وه و چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
بڕیاره‌كه‌ی تڕه‌مپ به بڕیاری بهلفۆڕێكی تری ده‌زانین، واته بڕیاری كه‌سێك كه خاوه‌ن نییه شتێك ده‌دات به‌وه‌ی كه مافی نییه، راسته ئه‌و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه، به‌ڵام خۆ ئه‌مه‌ریكا شوێنگره‌وه‌ی دنیا نییه، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی پێشێلكاری بڕیاره‌كانی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تییه، پرسی قودس به هه‌مان شێوه‌ی پرسی فه‌ڵه‌ستین پرسی گه‌لێكه به ده‌ستی داگیركارییه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تاكانی ئازاربه‌خش بوون له رێگه‌ی بڕیاری دابه‌شكاری ژماره 181 و داننان به دوو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی و فه‌ڵه‌ستینی.
ئه‌و دوو جمكه یه‌كێكیان كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بوو ژیا و ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی تا ئێسته‌ش له‌ژێر چاودێری چڕدایه، بۆیه بڕیاره‌كه و به‌ڵێننامه‌ی بهلفۆڕیش بریتین له به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌دایكبوونی ئیسرائیل، له‌وه‌ته‌ی ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره قودس له‌ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی حسیب كرا، كه ده‌سته‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات نه‌وه‌ك ئیسرائیل، دواتر بڕیاره‌كانی شه‌رعیی نێوده‌وڵه‌تی تا بڕیاری ژماره 242 كه باس له‌وه ده‌كات قودس خاكێكی داگیركراوه، وه‌ك چۆن بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یونسكۆش دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌و كه قودس داگیركراوه و پێویسته ئیسرائیل هه‌موو چالاكییه‌كانی تیایدا رابگرێت له گۆڕینی جوگرافی و دیمۆگرافی یان بهجووكردنی قودس. بۆیه ئه‌وان پشتێنه‌یه‌كی پاریزبهند بۆ قودس پێك دێنن كه خاك و شارێكی داگیركراوه.
قودسی رۆژئاوا له 1948ه‌وه داگیر كراوه، له 1967یش قودسی رۆژهه‌ڵات به به‌ری رۆژئاواشه‌وه داگیر كرا، كه پێشتر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئوردندا بوو، ئه‌وانه ئاماژه‌ن كه شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ قودس كردووه كه حاڵه‌تێكی دیاریكراوه و شارێكی داگیركراوه. بۆیه ئه‌مه‌ریكا له سه‌رووی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه نییه و بوونی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یۆنسكۆ و دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له لاهای بۆ چییه؟، و تره‌مپ دێت بڕیارێكی وا ده‌دات.
تڕه‌مپ له وتاره‌كه‌ی دوێنێ ئاماژه‌ی كرد كه سه‌رانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا نه‌ینتوانی ئه‌و بڕیاره بده‌ن، به‌ڵام من ده‌یده‌م، ئه‌وه چۆن ده‌خوێننه‌وه؟
ئه‌و بابه‌ته نوێ نییه و له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكانی پێشووی ئه‌مه‌ریكاش هه‌بووه و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا هه‌ر شه‌ش مانگ ئه‌و بابه‌ته‌ی دوا ده‌خست، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تره‌مپ كردی زۆر گه‌وره بووه، چونكه بڕیاره‌كه ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ قودس نییه، به‌ڵكو داننانه به قودس وه‌ك پایه‌ته‌ختی ئیسرائیل، كه هه‌ڵوێستێكی په‌ره‌سه‌ندوو و ئاشكرای ئه‌مه‌ریكا له‌و پرسه‌دا.
ئه‌گه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ قودس گواسترایه‌وه، ئێوه وه‌ك فه‌ڵه‌ستین چی ده‌كه‌ن؟
وه‌ك فه‌ڵه‌ستینی كه دوێنێش سه‌رۆك مه‌حموود عه‌باس وه‌ك تاكه نوێنه‌ری شه‌رعی فه‌ڵه‌ستین دووپاتی لێ كرده‌وه كه بڕیاره‌كه بۆ ئێمه هیچ به‌هایه‌كی نییه و پێویسته له به یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی ببینه‌وه، بۆیه وه‌ك ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین پێگه‌مان له كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تاوان هه‌یه و تیمێكی شاره‌زا و یاساناسمان ده‌بێت كه فایلێك ئاماده ده‌كه‌ن بۆ سكاڵاكردن له‌دژی بڕیاره‌كه‌ی تڕه‌مپ كه مافی دانی ئه‌و بڕیاره‌ی نییه.
ئایا ئه‌و بڕیاره ته‌نیا له‌لایه‌ن فه‌ڵه‌ستینییه موسڵمانه‌كانه‌وه ره‌ت كراوه‌یه، یان پێكهاته‌ی تریش هه‌ن ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه؟
قودس ته‌نیا هی موسڵمانه‌كان نییه، بۆ مه‌سیحییه‌كانی كڵێسای قیامه‌ی تیادایه و شوێنی نوێژی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د بووه هه‌روه‌ها كڵێسای قیامه‌ی تیادایه وه‌ك له به‌یت له‌حم كڵێسای مه‌هد هه‌یه، واته لانكه‌ی پێغه‌مبه‌ر مه‌سیح، دواتر جووی فه‌ڵه‌ستینی هه‌بوون كه خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستین بوون، هه‌روه‌ها جووی تر هه‌بوون كه له شوێتی تر بوون، وه‌ك جووه‌كانی كوردستان، به‌ڵێ جووه‌كانی فه‌ڵه‌ستین به‌شێكن له فه‌ڵه‌ستین، به‌ڵام ئێمه دژی جووهكانین كه له ده‌ره‌وه هاتوون له قودس نیشته‌جێ بوونه، بۆیه ئاین ناسنامه‌یه‌كی نیشتیمانی نییه.
وه‌ك فه‌ڵه‌ستینی چاوه‌ڕوانی ئه‌و بڕیاره‌تان ده‌كرد؟
سه‌رانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌یان بۆ بڕیاره‌كه ده‌كرد، هه‌ر سه‌رۆكێك ده‌هات باسی ده‌كرد و هه‌ندێكیان كردبوویانه بابه‌تێكی پێوه‌ست به هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، ئه‌وان به‌ڵێنیان به جووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌دا كه وه‌ك پایه‌ته‌ختی ئیسرائیل دان به قودس ده‌نێین و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وێ ده‌گوازینه‌وه، تا كار گه‌یشته ئه‌و ئیداره‌ی ئێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا كه ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی جووی هێنا پێشه‌وه له‌وانه كۆشتهری زاوای، بۆیه جووه‌كان پاڵه‌په‌ستۆیان كرد و بڕیاره‌كه ده‌رچوو، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی عه‌ره‌بی و ئیسلامی مه‌سیحی و ئاشتیخوازان هه‌یه كه پێویسته بۆچوونی ئه‌وانیش وه‌ربگیرێت. ئێسته ناڕه‌زاییه‌كی زۆر هه‌یه له وڵاتانی مه‌سیحیشه‌وه، له‌لایه‌ن وڵاتانی گه‌وره‌ی وه‌ك چین و رووسیا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسا و هۆڵه‌ندا و توركیا.
تره‌مپ رای گه‌یاندووه كه به‌ر له بڕیاردانی و پێشتر سه‌رانی عه‌ره‌بی له بڕیاره‌كه‌ی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، تۆ چی ده‌ڵێی؟
ئه‌وه له‌خۆیدا نه‌نگییه بۆ تڕه‌مپ كه ئه‌و قسانه ده‌كات، واته تۆ پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به سه‌رۆكه‌كان بكه‌یت و بڵیت كه قودس راده‌ست ده‌كه‌م، ئه‌و پێوه‌ندی به سه‌رۆك عه‌باس كرد كه ئه‌و نوێنه‌ری گه‌لی فه‌ڵه‌ستینه پێی گوتووه كه نه‌نگییه ئه‌وه باس بكات كه ئه‌و پرسه لای ئه‌و سه‌ره‌كی و كڕۆكی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستینه، بۆیه هه‌مان قسه‌ی سه‌رۆكی كۆچكردوو یاسر عه‌ره‌فات ده‌ڵێمه‌وه كه له ئێمه نییه ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری تۆزقاڵێك خاكی فه‌ڵه‌ستین بێت.
له‌كاتی ده‌رچوونی هه‌ر بڕیارێك له‌دژی فه‌ڵه‌ستین له وڵاتانی عه‌ره‌بی هیچ ناكرێت، ته‌نیا خه‌ڵكه‌كه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و خۆپێشاندان ده‌كه‌ن؟
ئێمه بێزار نابین، به‌ڵام ده‌ڵێین كه پێویسته دنیای عه‌ره‌بی د‌رك به‌وه بكات كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك هه‌یه و ته‌نیا بۆ فه‌ڵه‌ستین نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی هه‌ڕه‌شه‌یه، ئه‌و كاره ده‌ستبردنه بۆ هه‌ستی موسڵمان و مه‌سیحییه‌كانی دنیا، بۆیه پێویسته وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رپرسیاره‌تی خۆیان بگرنه ئه‌ستۆ و قودس بپارێزن و بڕیاره‌كه‌ی تڕه‌مپ ره‌ت بكه‌نه‌وه.
ئاخۆ به‌و بڕیاره‌ی تڕه‌مپ سێیه‌م جه‌نگی جیهان به‌رپا ده‌بێت؟
ئه‌وه‌ی تڕه‌مپ كردی لێكه‌وتی مه‌ترسیداری ده‌بێت، من ناتوانم بڵێم جه‌نگی جیهانی، به‌ڵام گه‌رمكردنی ململانێكان، ئه‌و له دوێنێوه كه‌شێكی گرژی دروست كردووه كه نازانین به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، ئه‌و پێشبینییه‌كانی تێپه‌ڕاند.
ئه‌وه‌ی له نێوان فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ئیسرائیل روو ده‌دات و ئه‌و بڕیاره‌ی دوایی ئه‌مه‌ریكاش، ئایا پێوه‌ندیان به ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێرانه‌وه هه‌یه؟
نه‌خێر پێوه‌ندی به‌وه‌وه نییه، ئێران وڵاتێكی موسڵمانه و وڵاتێكی جه‌مسه‌رییه له ناوچه‌كه‌دا كه پێشتر ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌باره‌ی پڕۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌وه وتوێژیان له‌گه‌ڵ كرد، ململانێی فه‌ڵه‌ستینی و عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه، دواتر پێشتر له‌سه‌رده‌می شا ئێران هاوپه‌یمانی ئیسرائیل بووه.
ئه‌گه‌ر دوای ماوه‌یه‌كی تر وڵاتانی دنیا دانیان به قودس وه‌ك پایه‌ته‌ختی ئیسرائیل دانا و وڵاتانی عه‌ربیش هیچیان پێ نه‌كرا، ئایا شتێك ده‌مێنێت به ناوی فه‌ڵه‌ستین؟
كه‌س ناتوانێت ناوی فه‌ڵه‌ستین ره‌ش بكاته‌وه و خه‌باتی نه‌وه‌كانی دوای یه‌كتر هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، گه‌لی فه‌ڵه‌ستین سه‌ره‌ڕای زیندانی و ئاواره‌یی و ئازار و نه‌هامه‌تی، سه‌لماندی كه خولیای ژیانه و خۆمان به زانست و هۆشیاری و رۆشنبیری چه‌كدار كرد، بۆیه ئێمه ده‌ستمان به خه‌بات و مافه رهواكانمانهوه گرتووه و كه‌ی ناتوانێت ئه‌وانه‌مان لێ بستێنێت یان ره‌شیان بكاته‌وه.
هه‌ولێر/ محه‌مه‌د میران