مەترسییەكی تر لە كەمپی ئاوارەكان ئاشكرا بوو
" بە ئاشكرا ژن و پیاو خیانەتی هاوسەرگیری دەكەن"

:: AM:11:16:08/12/2017 ‌
بەپێی بەدواداچوونی رێكخراوێكی ئەڵمانی لە كەمپی ئاوارەكانی سنووری یەكەی كارگێری گەرمیان، ڕێژەی خیانەتی هاوسەرگیری ڕووی لە هەڵكشان كردووە، سەرباری ئەوەی هاوسەرگیری بە زۆری كچانی تەمەنی خوار 18 ساڵ بەردەوامە.
 
ئیمان نووری ئەندامی تیمی رێكخراوی "واد"ی ئەڵمانی لە گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، بە شێوەیەكی ورد و مەیدانی لە ڕەوەشی ژیانی ژنان و منداڵانمان كۆڵیوەتەوە لە كەمپەكانی سنووری گەرمیان، بەتایبەت كەمپی "تازەدێ" كە دەكەوێتە نێوان شارۆكەی كەلار و شارۆكەی دەربەندیخان و كەمپی "قۆرەتوو" لە نزیك خانەقین و دەركەوتووە كە خیانەتی هاوسەرگیری لە هەڵكشاندایە.
 
زیاتر گوتی، یەكێك لە هۆكارەكانی خیانەتی نێوان هاوسەران لە كەمپەكان ئەوەیە تێكەڵی زۆر هەیە و بە زۆر بەشوودانی كچانیش لە ناو كەمپەكان هۆكارێكی ترە  كە هەندێك خێزان بەهۆی هەژارییەوە دەیانەوێ‌ ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەیان كەم ببێتەوە.
 
ئیمان مەترسییەكی تری كەمپەكانی خستەڕوو ڕای گەیاند، مەترسییەكی تر لە كەمپەكاندا ئەوەیە لە نێوان ژن و پیاو خیانەت بوەتە تۆڵەسەندنەوە لە یەكتری و هەردوكیان خیانەت لە یەكتر دەكەن.
 
هاوكات شەیما جەمال چالاكوانی ژنان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زوو بە شوودانی كچان لە تەمەنی منداڵی كارێكی ناپەسەندە و دەبێتە هۆی كاردانەوەی ژنان لە بەرانبەر پیاوان  لە داهاتوودا.

رێكخراوی وادی ئەڵمانی زیاتر لە 10 دۆسیەیان لەبەردەستدایە لە هەردوو رەگەز كە بەهۆی خیاتی هاوسەرگیریەوە لەكەمپەكان دەیانەوێ‌ جیا ببنەوە لە یەكتر.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردبوو پەلاماردانی سێكسی و زوو بەشوودان تا ئێستە لە كەمپی ئاوارەكان بەردەوامە.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم