دوای ئەوەی تەنگژەی دارایی بەرۆكی هاووڵاتییانی كوردستانی گرتەوە، قوتابییەكی شارەدێی شیلادزێ لە تەك چوونی بۆ قوتابخانە و خوێندن، كارگەیەكی ئیسفەنجیشی داناوە و دەیەوێ هەم بخوێنێ و هەم بەم كارە داهاتێك بۆ خۆی و ماڵباتكەی پەیدا بكات و پێویستییەكانی پێ پڕ بكاتەوە.
جومعە زوبێر قوتابییەكی پۆلی 12ی ئامادەیییە لە شارۆكەی شیلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، ئەو دوای كارتێكردنی تەنگژەی دارایی لەسەر بژێوی ژیانی خۆی و ماڵباتەكەی، ناچار بوو كارگەیەكی بچووكی ئیسفەنجی لە شارەدێی شیلادزێ دروست كردووە و بۆ "وشە" گوتی، پاش تەنگژەی دارایی و نەمانی سەرچاوەی داهات و خراپبوونی بژێوی ژیان، بەو بڕە پارەیەی لە بەردەستم مابوو، بڕیارم دا كارگەیەكی دروستكردنی ئیسفەنج دابمەزرێنم و ئیسفەنجی خاو لە توركیا و چین دەهێنرێتە دهۆك و لەوێش من دەیهێنمە كارگەكەم و لە قاڵبی دەدەم و دەیفرۆشمەوە، بە پێی پێویستی هاووڵاتییانیش قاڵبی ئیسفەنجەكان دیاری دەكەین.
زیاتر گوتی، بە گشتی حەوت جۆرە ئیسفەنج لە كوردستان بەكار دەهێنرێت، بەڵام بۆ ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئێمە بەهۆی ساردی كەشوهەواكەی تەنیا سێ جۆر ئیسفەنج لەگەڵ دۆخی كەشوهەوای ناوچەكەمان دەگونجێ، چونكە سەرما و ساردی ئامێدی وای كردووە هەموو جۆرە ئیسفەنجێك گونجاو نەبێ.
ئاماژەی دا، ڕۆژانە بەیانیان دەچم بۆ دەوامی قوتابخانە و لە پۆلی 12ی ئێواران دەخوێنم، بە ڕۆژیش دێم بۆ كارگە لەگەڵ باوك و براكانم كار دەكەم و لەو ڕێیەوە داهاتێك پەیدا دەكەم و لە تەنگژەی دارایی بڕێك داهاتمان دەست دەكەوێت.
لە 2014ەوە دوای بڕینی بەشە بودجە و مووچەی كوردستان بە بڕیارێكی كەسی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لەسەر پێشنیازی چەند سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی دارایی بووە و باروگوزەرانی خەڵكی ڕووی لە خراپی كردووە، بۆیە خەڵك ڕوویان لە كاری جۆراوجۆر وەك سەرچاوەی تری داهات كردووە.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری.