لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی و گۆڕانكاری لە پارێزگای دهۆك، ئەمڕۆ یەكشەم بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی دهۆك لە پۆستهكهی ئاڵوگۆڕی پێ كرا و كەسێكی تر لە شوێنەكەی دانرا.
بەهزاد عەلی ئادەم جێگری پارێزگاری دهۆك ئاشكرای كرد، ماوەیەكی زۆرە نەوزاد سلێمان وەك بەڕێوەبەری پاسپۆرتی دهۆك كار دەكات، بۆیە لەمیانەی هێنانەپێشەوەی كەسی تازە بۆ ناو پەیكەری كارگێڕیی شاری دهۆك، ئەمڕۆ یەكشەم دوای گۆڕینی بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی دهۆك، كەسێكی تر لە شوێنی ئەو دانرا و بە فەرمی دەستبەكار بوو.
زیاتر گوتی، عەمید دڵدار نووری عەباس لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكەوە لە شوێنی نەوزاد سلێمان بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی دهۆك متمانەی پێ درا و دەستی بە كاركردن كرد، وەك پارێزگای دهۆك بە تەواوی پشتیوانی لە عەمید دڵدار دەكەین و هیوادارین لە پۆستە تازەكەی سەركەوتوو بێ و ڕۆڵێكی باش بۆ ڕاپەڕاندنی كاروباری خەڵكی دهۆك بگێڕێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی دهۆك یەكێكە لەو فەرمانگانەی ڕاستەوخۆ بە وەزارەتی ناوخۆیی عێراقەوە گرێ دراون، فەرمانگەیەكی حكوومەتی فیدراڵە، بەڵام لە ڕووی كارگێڕییەوە بەرپرسەكانی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە دێنە هەڵبژاردن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری.