عه‌بادی رۆڵ و قوربانی پێشمه‌رگه په‌راوێز ده‌خات و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێ،پێشمه‌رگه پێویستی به پیرۆزبایی عه‌بادی و هه‌موو ئه‌وانه نییه كه وه‌ك عه‌بادی بیر ده‌كه‌نه‌وه. په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ره‌خنه له پارتى و یه‌كێتى ده‌گرێ و پێیوایه به نیشتمانى نه‌كردنى پێشمه‌رگه وایكردووه نه‌یاره‌كانی كوردستان رێز له پێشمه‌رگه نه‌گرن. په‌رله‌مانتارێكى عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه، سوپاى عێراق نه‌یده‌توانى كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى مووسڵ ئه‌نجام بدات.
دواى سێ ساڵ له شه‌ڕى دژ به داعش، دوێنێ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند.
عه‌بادی له گوتاره‌كه‌یدا رۆڵى حه‌شدی شه‌عبی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش به‌رز نرخاند، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى نه‌كرد كه تاكه ده‌روازه‌ى كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى مووسڵ له‌لایه‌ن سوپاى عێراق له سنووره‌كانى هێزی پێشمه‌رگه‌وه بوو.
ئه‌گه‌رچى به‌پێى ده‌ستووری عێراق هێزى پێشمه‌رگه به‌شێكن له سیسته‌مى به‌رگریی عێراق، به‌ڵام تا ئێسته نه بودجه‌ی بۆ بڕاوه‌ته‌وه، نه پشكیشی هه‌یه له‌و چه‌ك و تفاقهى حكوومه‌تى عێراق ده‌یانكڕێت، پرسی پێشمه‌رگه‌ش یه‌كێكه له دۆسیه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان.
حه‌شدی شه‌عبی كه ژماره‌یان 100 بۆ 120 هه‌زار كه‌س ده‌بن و له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق پڕ چه‌ك ده‌كرێ و مووچه‌شی بۆ بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام له راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى تایبه‌ت به مافى مرۆڤ وه‌ك هیومان رایت ۆوچ و ئه‌منستى ئینته‌رناشناڵ، تۆمه‌تباره به سه‌تان پێشێلكاری دژ به هاووڵاتییانى ناوچه ئازادكراوه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش كه زۆرینه‌یان سوننه‌نشینن.
هێزه‌كانى پێشمه‌رگه به سنووری هه‌زار و 50 كیلۆمه‌تر له خانه‌قین تا شنگال شه‌ڕى دژ به داعش كرد، هه‌زار و 824 شه‌هید و زیاتر له 10 هه‌زار برینداری داوه.
دواى رزگاركردنى مه‌خموور و ناوچه‌كانى تر‌ى ده‌شتى نه‌ینه‌وا، سوپاى عێراق له‌و ناوچانه‌ى له ده‌ستى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بوون، كردهوهگهلیان دژ به داعش و رزگاركردنى مووسڵ راگه‌یاند و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك هێزی پاڵپشتى یارمه‌تیى سوپاى عێراقیان ده‌دا.
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه له عه‌بادی ده‌گرێت و ده‌ڵێ هیچ ئاماژه‌یه‌كی به ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیی پێشمه‌رگه نه‌دا، "به‌داخه‌وه به‌ڕێز عه‌بادی جارێكی تریش نه‌یتوانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵات مامه‌ڵه بكات و ڕۆڵی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان پشتگوێ نه‌خات، له كاتێكدا نیا شاهیده كه یه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه به‌ر له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانی تری عێراق كه ئه‌و ناوی هێنان و پیرۆزبایی لێ‌كردن، ئه‌فسانه‌ی داعشی تێك‌شكاند و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه هیچ دوور نه‌بوو ئێسته‌ش داعش نیوه‌ی جیۆگرافیای عێراقی له‌ژێر ده‌ستدا نه‌بێت".
له به‌یاننامه‌كه‌یدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه پرسی ئه‌وه ده‌ورووژێنێ كه به چ ڕوویه‌كه‌وه داوا له پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستان ده‌كات ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌بێت، له كاتێكدا ئه‌مه حاڵ و مامه‌ڵه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی بێت.
له پاڵ ره‌خنه‌كانى، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بێمنه‌تى ئه‌وه‌ش به عه‌بادی نیشان ده‌دات و ده‌ڵێ، پێشمهرگهپێویستی به پیرۆزبایی عه‌بادی و هه‌موو ئه‌وانه نییه كه وه‌ك عه‌بادی بیر ده‌كه‌نه‌وه.
ناو نه‌هێنانى رۆڵى پێشمه‌رگه له گوتاره‌كه‌یدا، یه‌كه‌مجار نییه و پێشتریش عه‌بادی له چه‌ندان بۆنه‌ی تر و به‌شداری له كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تى هاوپه‌یمانى دژ به داعش ناوى پێشمه‌رگه‌ى نه‌هێناوه.
موتهشهڕ سامه‌ڕایی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى هێزه سوننه‌كان ده‌ڵێ، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژ به داعش نادیده بگیرێت، بۆیه ده‌بێت حه‌یده‌ر عه‌بادی روونكرده‌وه بدات ناو نه‌هێنانى پێشمه‌رگه هه‌ڵه‌یه‌ك بووه به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه یان مه‌به‌ستدار بووه، چونكه ژماره‌ى قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه كه‌م نین و پێشمه‌رگه‌ش یه‌كه‌م هێز بوو داعشی تێك‌شكاند.
گوتى "ناو نه‌هێنانى رۆڵى پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن عه‌بادی جێى داخه، چونكه خۆى باشتر ده‌زانێت كرده‌وه‌گه‌لى رزگاركردنى مووسڵ له‌لایه‌ن سوپاى عێراق پێشمه‌رگه رێى بۆ كردنه‌وه، ئه‌وان نه‌یانتوانى له‌و سنوورانه‌ى له باكوری به‌غدا له‌گه‌ڵ داعش هه‌یانبوو سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، بۆیه به ناچاری هاتن و له میحوه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌وه كردهوهگهلهكهیان راگه‌یاند".
موتهشهڕ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی عه‌بادی له ماوه‌ى رابردوودا دژ به پێشمه‌رگه و هه‌رێمى كوردستان گرتوویه‌تییه‌به‌ر، هه‌مان سیاسه‌ته پێشتر سه‌رۆك وهزیرانهكانى پێش خۆى دژ به سوننه‌كان گرتوویانه‌ته‌به‌ر و ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت به‌رده‌وامى هه‌یه، بۆیه ئه‌و جۆره سیاسه‌ته له‌گه‌ڵ عێراقی نوێ و ده‌ستوور نایه‌ته‌وه.
گوتى "داعش شتێكى نامۆ بوو به عێراق، جیاوازى نه‌كردووه له نێوان پێكهاته‌كانى عێراق، بۆیه هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه جێى رێزن و نابێت نادیده بگیرێت. جگه له‌مه‌ش سیاسه‌تى په‌راوێزخستنى پێكهاته‌یه‌ك له پێكهاته‌كانى عێراق ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكى هه‌ڵه‌یه و له به‌رژه‌وه‌ندی ره‌وشى ته‌ناهیی عێراق نییه". زیاتر گوتى "ده‌بێت عێراق به‌ره‌و ده‌وڵه‌تى سه‌روه‌ری یاسا هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، سوپایه‌كى یه‌كگرتووى بێ میلیشیا، نه‌ك چه‌ك بدرێت به میلیشیاكان و مووچه‌شیان پێ بدرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ده‌رگه‌ى ده‌ستوه‌ردان له كاروباری عێراق واڵا بێت".
له‌سه‌ر ناونه‌هێنانى رۆڵ و قوربانى پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن عه‌بادی، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ره‌خنه‌ى توندیان له عه‌بادی گرتووه، فراكسیۆنى گۆڕانیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌سه‌ر ناو نه‌هێنانى رۆڵى پێشمه‌رگه ره‌خنه‌ى له عه‌بادی ده‌گرن.
ئه‌مین به‌كر په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له پاڵ ره‌خنه‌گرتن له عه‌بادی له‌سه‌ر ناو نه‌هێنانى پێشمه‌رگه، ره‌خنه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێت به‌وه‌ى نه‌یتوانیوه ئه‌و هێزه یه‌كبخات و بیكات به هێزێكى یه‌كگرتوو.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه ناو نه‌هێنانى رۆڵ و قوربانى پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن عه‌بادی، خۆى له خۆیدا تاوانه به‌رانبه‌ر به پێشمه‌رگه و قوربانییه‌كانى، هه‌ر كه‌سێكیش به‌مجۆره بیر بكاته‌وه ئه‌وا گوزارشته له‌وه‌ى ناتوانێت عێراقییه‌كان به‌یه‌ك چاو سه‌یر بكات و ئیداره‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق بدات، گوتى "ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى تر ده‌ستووری نه‌بن، ئه‌وا هێزی پێشمه‌رگه ده‌ستوورییه".
ئه‌مین به‌كر پێیوایه دیوى دووه‌می ناو نه‌هێنانى پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن عه‌بادی هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پارتى و یه‌كێتى كه نه‌یانتوانیوه ئه‌و هێزه بكه‌ن به هێزێكى نیشتمانى، تا ئێسته ناسنامه‌ى حزبی به‌سه‌ریانه‌وه زاڵه و له ژێر هه‌یمه‌نه‌ى ئه‌واندایه نه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه‌شه وایكردووه نه‌یاره‌كانی كوردستان تۆمه‌ت بخه‌نه پاڵ پێشمه‌رگه.
گوتى "ده‌بێت له‌ناو خۆى كوردستان رێز له پێشمه‌رگه بگرین و بیگه‌یه‌نینه ئاستى هێزێكى نیشتمانى و له ئینیتمای حزبی دایانماڵین، ئینجا له هیچ لایه‌نێك قبووڵى نه‌كه‌ین رۆڵ و قوربانى پێشمه‌رگه نادیده نه‌گرن"، زیاتر گوتى "له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا عه‌قڵى عرووبه له ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا هیچ كات ون نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانمان له كوردستان ده‌رفه‌ت به‌و عه‌قڵییه‌ته ده‌دات له به‌غدا گه‌شه بكات".