فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا بە توندی ڕەخنە لە عەبادی دەگرن

:: PM:01:40:10/12/2017 ‌

فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان، لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەش بە توندی ڕەخنەیان لە ناونەهێنانی پێشمەرگە لەلایەن عەبادییەوە گرت لە كاتی ڕاگەیاندنی پەیامی سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش. دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو جۆرە پەیامە خزمەت بە سیستەمی فیدراڵی و گونجانی پێكهاتەكانی عێراق ناكات و پێچەوانەی دەستوور و هاوبەشایەتی ڕاستەقینە و بنەماكانی عێراقی نوێیە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، جەماوەری گەلەكەمان بە هەموو لایەن و پێكهاتەكانییەوە ئەمڕۆ گوێبیستی پەیامەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون، كە بە نوێنەرایەتی هەمووان پەیامی سەركەوتنی هەموو عێراقییەكانی بەسەر تیرۆریستانی داعش و ڕاوەدوونانیان لە عێراق خوێندەوە، بێگومان سەركەوتن بەسەر تیرۆر ڕۆژێكی گرنگ و مێژوویییە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، تووشی شۆك بووین كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق هەموو پێكهاتە و هێزەكانی سیستەمی تەناهی عێراقی لەیاد بوو، جیا لە پێشمەرگە كە بە هیچ شێوەیەك ناوی پێشمەرگەی نەهێنا، لە كاتێكدا پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ناونەهێنانی پێشمەرگە فەرامۆشكردن و نادیدەگرتنی قوربانی هەزاران شەهید و برینداری و دیلی پێشمەرگەیە كە بە خوێنی خۆیان لاپەڕەی پڕ لە شەرەف و زێڕینیان نووسییەوە و دژی تیرۆر و پاشماوەكانی جەنگان و ڕووبارێك خوێنیان بەخشی لە پێناوی بەرگریكردن لە تەواوی عێراقییەكان، لەو كاتەوەی كە هێزەكانی سوپای عێراق لە سەرەتای هاتنی تیرۆرەوە پاشەكشەیان كرد و ناوچەكانیان بۆ تیرۆریستان چۆڵ كرد.

ئاماژە دراوە، لەبیركردنی پێشمەرگە پێویستی بەوەیە سەرۆك وەزیران هەڵەكەی ڕاست بكاتەوە و داوای لێبوردن بكات، پێویستە ئەو بە هاوسەنگی هەڵوێست دەرببڕێ، جیالەوەیش ئەو فرتوفێڵەی لە پڕۆژە یاسای بودجە لەسەر پێشمەرگە هەیە نەهێڵرێ، چونكە ئەوە تەنیا فێڵكردن لە پێشمەرگە نییە، بەڵكو لە تەواوی خەڵكی كوردستانە.

لە كۆتای ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ئەو شێوازی مامەڵەكردنە پێچەوانەی سیستەمی فیدراڵی و هاوبەشایەتی ڕاستەقینەیە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق و خزمەت بە عێراقی نوێ و دەستوور ناكات كە هەمووان دەنگمان پێی داوە، هاوكات جیاوازی دەخاتە ناو پێكهاتەكانی عێراق، بۆیە پێویستە لاپەڕەكانی ڕابردوو لابدەین و دووبارە متمانە بگێڕینەوە و هەڵوێستی ئەرینی دەرببڕین و روحی هاوبەشایەتی و یەكسانی و دەوڵەتی هاووڵاتییان و دادپەروەری بەدی بهێنرێت.

جێی باسە دوێنێ شەموو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە عێراق ڕاگەیاند و لەناوبردنی یەكجارەكەی ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعشی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دووپات كردەوە، بەوهۆیەوەیش ئەمڕۆ یەكشەم كرایە پشوو و عەبادی لە پەیامی سەركەوتن بەسەر داعش ناوی تەواوی هێزە بەشدارەكانی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش هێنا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی پێشمەرگەی نەكرد، ئەمەیش ناڕەزایەتی توندی لەلایەن كوردستانەوە لێ كەوتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د