جارێكی تر ئاوارە بوونەوە
میلیشیاكان هاوەنبارانی ئاوارەكانی خورماتوو دەكه‌ن

:: PM:01:57:10/12/2017 ‌
لە شەوی ڕابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چڕی ئاوارەكانی شاخی پشت شارۆكەی خورماتوو و نزیك چەمی پونگەیان هاوەنباران كرد، بەوهۆیەوە جارێكی تر خەڵكی خورماتوو كە لە شارۆكەكە هەڵاتن و لەو ناوچانە گیرسانەوە، دووبارە بەرەو ناوەندی یەكەی كارگێڕی گەرمیان ئاوارە بوونەوە.

ئازاد حەسەن یەكێك لە ئاوارەكانی شاخی پشت شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" گوتی، لە شەوی ڕابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم میلیشیاكان بە چڕی ناوچەكانی ئێمەیان هاوەنباران كرد، واتە شاخی پشت شارۆكەی خورماتوو و ناوچەی چەمی پونگە كە بەشێكی ئاوارەكانی لێ گیرساوەتەوە، بەڵام بەهۆی هاوەنبارانكردنەوە، سەرجەم ئاوارەكان دووبارە ئاوارەبوونەوە و هەڵاتن.

سۆران عاسی یەكێك لە نوێنەرانی خۆبەخشانی شارۆكەی خورماتوو لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، بەهۆی هاوەنبارانكردنی حەشدی شەعبی لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستە 60 خانەوادەی تری خورماتوو دووبارە ئاوارە بوونەتەوە و چوونەتە شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان، میلیشیاكانی شیعە بەو كارە دەیانەوێ ئێمە بترسێنن، بەڵام بۆیان ناچێتەسەر و هەرگیز لێیان قبووڵ ناكەین.

ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو خێزانانەی بەهۆی هاوەنبارانی حەشدەوە ئاوارە بوون، جاری دووەمیانە كە ئاوارە دەبنەوە، هەر خێزانێك لە چەمی پونگە و پشتی شاخی خورماتوو بوون، لە دوێنێ شەوەوە خەریكی هەڵاتن و دووبارە ئاوارە بوونەتەوە، مایەی سەرسوڕمانیشە كە میلیشیاكان بە ئاسایی خەڵكی بێتاوان و ماڵ و منداڵ و پەككەوتەكان ئاوارە دەكەن، كەچی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ بێدەنگن و خۆیان لێی كپ كردووە.

دوای ناپاكی گرووپێكی ناو حزبێكی سیاسی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی ئەوان هاتنە كەركووك و خورماتوو و دەستیان بە تاڵان و دزی و كوشتوبڕی خەڵكی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان كرد و سەدان خانوو و دووكانیان تەقاندەوە و هەزاران كەس بەوهۆیەوە ئاوارە بوون و سەدانی تریش گیراون و كوژراون و ستەمیان بەرامبەر دەكرێ، بەوهۆیەوە خەڵكی كوردستان ڕۆژی ڕادەستی كردنی كەركووك و خورماتوویان بە میلیشیاكان لەلایەن گرووپە ناپاكەكەوە بە ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر ناوناوە و بەردەوام دووپات لەوە دەكەنەوە، ماڵ و حاڵ و ژیانیان بەهۆی ناپاكی ئەو گرووپەوە لە دەست داوە و داوا لە دادگا و پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە بە توندی سزای ناپاكەكان بدەن.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د