كارەبا 24 سەعاتییەكەی پێنجوێنی مەترسی نەمانی لەسەرە

:: PM:09:05:10/12/2017 ‌
ئەو تاوەر و ستوونانەی كارەبا كە تەواوی كارەبای پێنجوێن دابین دەكات، مەترسی گەورەی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەوەش بەهۆی نۆژەن نەكردنەوەیان و كۆنبوونیان.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ی كانوونی یەكەم، زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن  بە "وشە"ی راگەیاند، تەنگژەیەكی ڕژد لە بەردەم كارەبای سنوورەكەدا هەیە و چەند جارێكیش هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە دراوە كە ڕووبەڕووی ئەو ستوونانە بووەتەوە، بەڵان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

زیاتر گوتی، لەدوای بارینی یەكەم بەفر و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، خواستێكی زۆر لەسەر كارەبای 24 سەعاتی نیشتمانی سنووری پێنجوێن هەیە، چونكە شوێنگرەوەی سووتەمەنی تەنیا كارەبای بەردەوامە، كە خەڵكی ئەم سنوورە ماڵەكانیانی پێ‌ گەرم بكەنەوە.

ڕوونی كردەوە كە تاوەر و ستوونەكانی گەیاندنی كارەبای پێنجوێن، بارگرانی زۆری لەسەرە كە ترسی سووتانی چەندان محاویلە هەیە، لەگەڵ ئەوەی چەندان جار بەشێوەی فەرمی داوای بودجەمان كردووە بۆ چاكسازی لەتۆڕەكاندا ، بەڵام تائێستە رەزامەندی خەرجكردنی بودجەكە نەدراوە.

شارۆكەی پێنجوێن، لە ساڵی 2007وە كارەبای 24 سەعاتی لە ئێرانەوە بۆ دابین كرابوو، بەڵام بەهۆی كەڵەكەبوون و زۆربووی قەرزی كارەبای ئەو وڵاتە لەلای حكوومەتی هەرێم و نەدانەوەی قەرزەكە، ئێران كارەبای پێنجوێنی بڕی و دواتر لە مانگی چواری ساڵی 2016 وە كارەبای نیشتیمانی و بەردەوامی بۆ سنوورەكە دابین كراوە و تا ئێستەش هیچ مۆلیدەیەكی ئەهلی لە پێنجوێن نییە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم