ژنێك له سلێمانی چه‌ند ساڵ دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری بكاته‌وه و ماڵی باوكی ڕێی پێ ناده‌ن، بۆیه به‌بێ ئاگاداری ئه‌وان هاوسه‌رگیری ده‌كات و منداڵه‌كانی و ماڵی باوكیشی جێ دێڵێت، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م سه‌ركێشیی و داخراوییه‌ی خێزای كوردی، به سێ فیشه‌ك كۆتا به ژیانی دێنێت و كه‌سیش به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه نه‌گیراوه.
"له‌نجه" ناوی خوازراوی ئه‌و ژنه‌یه كه به‌هۆیی ڕێگریكردن له ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری دووه‌می و دواتر شووكردن به نهێنی، ده‌كوژرێت و شه‌ش منداڵ له دوای خۆی جێ دێڵێت، یه‌كێك له كچه‌كانی له‌نجه باس له دایكی ده‌كات كه ژنێكی باڵابه‌رز و له‌شێكی ڕێكی هه‌بووه، ڕووخساری هێنده شیرین بووه ئه‌سته‌م بوو كه‌سێك بیبینێت و سه‌رنجی رانه‌كێشێت، پێستی سپی و قژ و چاوه ڕه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ پێكه‌نینه جوانه‌كه‌ی هێنده‌ی تر ده‌یگه‌شانده‌وه، بۆیه له‌به‌ر جوانییه‌كه‌ی زۆر پیاو ئاره‌زووی خواستیان ده‌كرد، تا دواجار جوانییه‌كه‌ی بوو به مه‌رگ.
ئه‌و كچه كه ده‌یه‌وێت ناوی به (خه‌رمان) بنووسرێت و مه‌به‌ستی هه‌یه له‌و ناوه، چیرۆكی كوشتنی دایكی و سه‌رگه‌ردانبوونی خۆی و خوشك و براكانی بۆ "وشه" ده‌خاته ڕوو و ئه‌وه‌یش ناشارێته‌وه كه دایكی بوو به قوربانی كۆنیی ئه‌قڵی ماڵی باپیری.
له‌نجه كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات، ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵ ده‌بێت و خاوه‌نی شه‌ش منداڵ بووه، كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ٢٣ ساڵ و كچه بچووكه‌كه‌ی چوار ساڵ، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندان داخوازی دێت و ماڵی باوكی ڕازی نابن، ناچار هه‌وڵ ده‌دات به شیوازێكی تر هاوسه‌ر هه‌ڵبژێرێ.
خه‌رمانی كچی كه له‌و ژیانه هه‌ر خه‌می بۆ ماوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت "ماڵی باپیرم له ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی ده‌ژیان، دوای ئه‌وه‌ی زانییان دایكم داواكاریی زۆره و ده‌یه‌وێ هاوسه‌رگیری بكات و ئێمه /منداڵه‌كان/ و ماڵی مامم ڕازین شوو بكات، كێچ كه‌وته كه‌وڵیان و ماڵیان گواسته‌وه بۆ ناو شار، له خانوویه‌كی دوو نهۆمدا ئه‌وان له خواره‌وه و ئێمه له سه‌ره‌وه ده‌ستمان به ژیان كرد، پێش هاتنی ئه‌وان بێكێشه ده‌ژیاین و ته‌نیا بێ باوكیمان پێوه دیار بوو، به‌ڵام دووبرا گه‌وره‌كه‌م كاریان ده‌كرد و بێ كه‌موكورتی ده‌گوزه‌راین، به‌ڵام ماڵی باپیرم هه‌موو شتێكیان تێك دا، ته‌نانه‌ت چوونه ده‌ره‌وه‌مان به چاودێری و پاسه‌وانی ئه‌وان بوو.
چاودێری و ده‌ستوه‌ردان له هه‌موو كاروبار و بڕیارێك، بارێكی ناخۆش بۆ له‌نجه و منداڵَكانی دێنێته ئاراوه، خه‌رمان نایشارێته‌وه كه له‌ژێر گوشاری زۆر و چاودێریی توندا باوانیدا، دایكی وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه هانای بۆ شتی خراپ بردووه و له ڕێی ته‌له‌فۆن و ئه‌و چوونه ده‌ره‌وه كه‌مانه‌ی به‌دزییه‌وه ده‌رده‌چوو، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك دانابوو. به‌گوته‌ی "هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان زۆر له دایكیشم كه‌متر بوو، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی ماڵی باپیرم بوون، چونكه ناچاریان كرد تا به‌و شێوه‌یه‌ی لێ هات".
له‌نجه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێك ده‌به‌ستێت كه ١٠ ساڵ له خۆی بچووكتره، دوای ئه‌وه‌ی چوار جار دێته داخوازی و ماڵی باوكی ڕازی نابن و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له كوڕه‌كه ده‌كه‌ن، له‌نجه بڕیار ده‌دات و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بڕوات و به‌دزی ماڵه‌وه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ته‌نیا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌رمان و خوشكه‌كه‌یدا ده‌بێت و دڵنیایان ده‌كات كه هه‌ر له سلێمانی ده‌ژی.
دوای ئه‌و دیار نه‌مانه، ماڵی باوكی له‌نجه شوێنی ژیانی كچه‌كه‌یان ده‌دۆزنه‌وه و دوای شه‌ڕێكی گه‌وره كه تێیدا له‌نجه و هاوسه‌ره تازه‌كه‌ی ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن، كچه‌كه‌یشیان ده‌برێته‌وه ماڵ. خه‌رمان دووپات ده‌كاته‌وه كه مامه‌ڵه‌ی باوانی له‌گه‌ڵ دایكی‌دا هێنده خراپ بووه، به به‌رده‌وامی سووكایه‌تییان پێ كردووه و زیندانیان كردووه له ژوورێك و ته‌نیا به ویستی باپیره‌ی و خاڵۆی گه‌وره ده‌رگای لێ كراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌یشی گوت، "وایان له دایكم كرد وه‌ك شێتی لێ هات، له ماڵه‌وه ڕای كرد و ماوه‌یه‌ك له شه‌ڵته‌ر مایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڵته‌ر ده‌ریان هێنا، دووباره له ماڵ زیندانییان كرده‌وه، ئه‌مجاره‌یان به كوشتن كۆتای هات".
به‌گوته‌ی خه‌رمان كه ورده‌كاریی كوشتنی دایكی ده‌گێڕێته‌وه، "دوای ئه‌وه‌ی دایكم له شه‌ڵته‌ر هاته ده‌ره‌وه و له ماڵه‌وه زیندانیی كرایه‌وه، دووباره دایكم له ماڵ ڕای كرد، باوكم و براكه‌م و خاڵم كه‌وتنه دوای، له دووریی ماڵی خۆمان باپیرم سێ فیشه‌كی به دایكمه‌وه نا، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك باپیرم و براكه‌م گیران، تا ئه‌وكاته‌ی دایكم گوته‌ی وه‌رگیرا و گوتی له كاتی پاككردنه‌وه‌ی ده‌مانچه‌دا به‌هه‌ڵه ئه‌و فیشه‌كانه‌ی به‌ركه‌وتووه".
"دایكم چوار نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا، گورچیله‌كانی به‌ته‌واوی له‌كار كه‌وتن و سێ مانگ له نه‌خۆشخانه و ماڵه‌وه له‌سه‌ر جێ كه‌وت، هه‌موو لاشه‌ی وه‌ك ڕزیوی لێ هات، ژنێكی مانگئاسا بوو به گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریو، تا له دوا نه‌شته‌رگه‌ریدا مرد، ئێمه‌ش چوار منداڵ له دوای مردنی دایكم و ژنهێنانی دوو براكه‌م له ژێر تاعه‌تی ماڵی باپیرم ده‌ژین.
بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌یسه "وشه" له‌گه‌ڵ باوكی له‌نجه قسه‌ی كرد له‌باره‌ی مردنی كچه‌كه‌ی، بۆ "وشه" ره‌تی كرده‌وه كچه‌كه‌ی كوشتبێت، به‌ڵام ده‌ڵێ "ئه‌و تا مابوو ئابڕووی بۆ ئێمه نه‌هێشت و هه‌موومانی به زیندوویی كوشت، هه‌ر ڕۆژه و به جۆرێك حه‌یای ده‌بردم، جارێك له شه‌ڵته‌ر و جارێكی تر به نهێنی شووكردن و دواجاریش هه‌واڵیان پێ ده‌دام كه له‌گه‌ڵ پیاوی خه‌ڵكدا پێوه‌ندی هه‌یه".
باوكگی له‌نجه دووپاتی ده‌كاته‌وه، "من ده‌بوو بیكوژم، به‌ڵام له ترسی خوا نه‌مكوشت، بێگومان بمكوشتایه ئێسته ئازاد نه‌ده‌بووم و له گرتووخانه ده‌بووم، چونكه وڵات بێ یاسا نییه".
له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی بۆچی ڕێی نه‌داوه له‌نجه به ئاشكرا شوو بكات، باوكی گوتی "ژنێك كه مێردی مرد و شه‌ش منداڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ده‌بێت كچه‌كانی به شوو بدات و ژن بۆ كوڕه‌كانی بێنێت نه‌ك به‌و ئاخری ته‌مه‌نه‌وه خۆی شوو بكات، ئه‌و مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو، بۆیه ده‌بوو به حه‌یای خۆیه‌وه دابنیشێت، ئه‌وه كولتوور و نه‌ریتی ئێمه‌ی كورده".
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان