له شارۆكه‌ی كه‌لار، دژی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و چه‌ند رێكخراوێكی یه‌كێتی بۆ ئازادكردنی كوڕه بكوژه‌كه‌ی مام جه‌لال خۆپیشاندان كرا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، ماڵباتی یه‌كه‌م شه‌هیدی ژینگه‌ی گه‌رمیان، له به‌رده‌م دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركووك /گه‌رمیان، دژ به هه‌وڵی ئازادكردنی "ته‌یمووری راوچی" كه به كوڕی مام جه‌لال ناسراوه، گرد بوونه‌وه.
ماردین حه‌مه‌نووری ره‌حیم كچی شه‌هید نه‌قیب حه‌مه‌نووری به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێسته هه‌وڵێكی ڕژد له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی شه‌هید نه‌قیب حه‌مه‌نووری له كه‌لاره‌وه بۆ شاری سلێمانی بگوازرێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی دادگا ته‌میزی ده‌كات، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئه‌و كه‌یسه له دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك /گه‌رمیان ئه‌نجام بدرێت، چونكه لێره تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه و له هه‌ر گواستنه‌وه‌یه‌ك گومانمان هه‌یه.
كچی نه‌قیب حه‌مه‌نووری له‌ناو گردبووهكاندا گوتی، ده‌ترسین به پاساوی یاسای لێبوردنی گشتی، ئازاد بێ و هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئازادكردنی، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند رێكخراو به نهێنی كاری بۆ ده‌كه‌ن، له‌وانه لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان و رێكخراوی ئه‌نفال و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له كوردستان.
دووپاتی كرده‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه ته‌یموور خۆی به نه‌خۆشی ده‌روونی له قه‌ڵه‌م داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بكرێ.
نیگار هونه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی سروشتی له كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، پشتگیری ماڵباتی شه‌هید نه‌قیب حه‌مه‌نووری ده‌كه‌ین، شه‌هیدكردنی به‌ڕێوه‌به‌رێكی پۆلیسی دارستان و ژینگه، ئه‌نجامدانی تاوان بوو به‌رانبه‌ر به ژینگه‌پارێزان، بۆیه نابێت بێ ده‌نگ بین.
رۆژی 15ی كانوونی دووه‌می 2016، نه‌قیب محه‌مه‌د نووری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان، له شارۆكه‌ی كه‌لار به ده‌ستی چه‌ند راوچییه‌ك شه‌هید كرا، له ناویاندا ته‌یموور بوو كه به ته‌یمووری كوڕی مام جه‌لال ناسراوه و تاقانه‌ی ئه‌نفاله، هاوكات خودی ئه‌و شه‌هیده‌ش تاقانه‌ی ئه‌نفال بوو.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرینی