پارتی بەرپرسی سەركردایەتی سلێمانی و كەركووك دەگۆڕێت
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیاری گۆڕینی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی و دانانی كەسێكی تر لە شوێنی بەرپرسی لقی شنگال پارتی بڕیاریان لێ دراوە و سەرچاوەیەكیش هێما بۆ ئەوە دەكات، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانیش دەگۆڕێت.
عارف تەیفوور ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری خازر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیار لە دانانی كەمال كەركووكی لە شوێنی سەلاح دەلۆ وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیان دراوە و هاوكات لە شوێنی شەهید واحید باكۆزی بەرپرسی پێشووی لقی شنگال، قادر قاچاغ دەستبەكار دەبێ.
لەبارەی بوونی خۆی بە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی پارتی، تەیفوور گوتی، باس لەوەیش دەكرێ، بەڵام من لە سەنگەرەكانمان و زانیاری تەواوم لا نییە.
سەرچاوەیەك لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، بڕیار گۆڕانكاری لە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی پارتیش دراوە و عارف تەیفوور لە شوێنی ئەدهەم بارزانی ئەو پۆستە وەردەگرێ، بڕیارەكان یەكلابوونەتەوە و ماوەتەوە ڕۆژی جێبەجێ كردنیان دیاریی بكرێ.
لە ساڵی ڕابردووەوە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە هەڵمەتێكی گۆڕانكاری و چاكسازی لە ناو حزب كردووە و پێشتریش چەندان بەرپرسی لق و مەكتەبەكان گۆڕانكارییان تێدا كرا.
پارتی لە 16ی ئاب/ئۆگەستی 1946 بە ڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی دامەزراوە و زیاتر لە 60 ساڵە وەك حزبێكی سیاسی و بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی بۆ هێنانەدی مافەكانی گەلی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستە 13 كۆنگرەی بەستووە و زۆرترین كورسی پەرلەمانی كوردستانی هەیە و لە پشكی كوردیش لە پەرلەمانی عێراق زۆرترین كورسی پارتی بردوویەتییەوە. سەرۆكایەتی حكوومەتی كوردستانیش وەك حزبی یەكەم و براوەی هەڵبژاردن دەكات.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم
وشە -
باز ئهحمهد