دوای شكستی كلاسیكۆ.. ریال مەدرید بڕیارێكی گرینگی دا

:: PM:01:14:24/12/2017 ‌

شكستەكەی دوێنێ شەموو لە یاریی كلاسیكۆ، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناچار كردووە بێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو و یاریزانی نوێ بۆ تیپەكەی بكرێ.

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لە یاریی كلاسیكۆی گەڕی 17ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە ئەنجامێكی گەورە و بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری دۆڕا.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: شكستی یاریی كلاسیكۆ و زیادبوونی جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ 14 خاڵ، یانەی ریال مەدریدی ناچار كردووە بیر لە گرێبەستی نوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو بكاتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە بێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و چەند یاریزانێكی نوێ بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی بكڕێ.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە تیپەكەیان ئێستا بە خراپترین دۆخ تێپەڕ دەبێت و پێویستە لە ماوەی گواستنەوەی زستانە یاریزانی نوێ بهێننە ریزی تیپەكەیانەوە.

یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێكی نوێ كردبوو، بۆ یاریی كلاسیكۆش تەنیا یەك یاریزانیان بانگهێشتكرابوو كە ئەویش تیۆ هێرناندیزی بوو كە بەشداری یارییەكەی نەكرد، یاریزانەكانی تر كە سیپایۆس، مایۆرال و ڤاییخۆ و ماركۆس یۆرێنتی بوون بۆ یارییەكە بانگهێشت نەكرابوون.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەكان یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ كیپا ئەریزاپالاگای گۆڵپارێزی یانەی ئەتلەتیك بیلباو دەدات، هەروەها هەوڵ دەدات هێرشبەرێكی سەری رمیش بۆ تیپەكە بكڕێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م