دكتۆره مه‌یسوون حوسێن حه‌یده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی دارئه‌لعه‌تا بۆ شیاندنی منداڵانی ئۆتیزم و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا به وردی باس له‌وه ده‌كات چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵانی ئه‌و حاڵه‌ته بكرێت، به‌ڵام نیگه‌رانه له‌وه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌و كه‌سانه نییه، هه‌رچه‌نده ده‌ڵێ، "هیوام هه‌یه و با خه‌ڵكیش هیوای هه‌بێـ".
حه‌یده‌ری چاره‌نووسی ئه‌و ٣٤ دۆنم زه‌وییه دیاری ده‌كات كه حكوومه‌ت پێی دابوو بۆ پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "زه‌وییه‌كه‌م گه‌ڕانده‌وه بۆ حكوومه‌ت چونكه خه‌ڵكی بێ‌ویژدان زانییان ژنم، كاره‌كه‌یان لێم تێك دا، بۆیه وازم له‌و پڕۆژه‌یه هێنا".
ئۆتیزم چییه و چۆن ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟
-ئۆتیزم له حاڵه‌تێكدا ده‌رده‌چێت له نزیك ته‌مه‌نی سێ ساڵی یا له دوای ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا، ده‌بێت له‌و ته‌مه‌نه‌دا جیا بكرێته‌وه و تێكه‌ڵ نه‌كرێت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كانی تر، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری خۆی بۆ بكرێت، ئۆتیزم حاڵه‌ته نه‌ك نه‌خۆشی، واته به كردار چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت بۆ باشبوون، وه‌ك نه‌خۆشی نییه ده‌رمان وه‌ربگرێت.
ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌كه ئاسان نییه و هه‌موو كه‌س ناتوانێت ده‌ستنیشانی بكات ته‌نیا كه‌سی تایبه‌ت به‌و بواره، به‌ڵام له كوردستان و عێراق ئه‌م توانایه زۆر كه‌مه، بۆیه كارمه‌ندی بیانی ده‌هێنین بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه ده‌سته‌یه‌كی باوه‌ر پێكراوبن له‌و بواره‌دا. هه‌روه‌ها پشكنینی ده‌ستنیشانكردن لای ئێمه به خۆڕایییه، هه‌ندێ جار دایك و باوك باوه‌ڕ ناكه‌ن منداڵه‌كانیان ئۆتیزمیان هه‌بێت، به‌ڵام به پشكنینه‌كه دڵنیا ده‌بنه‌وه و ده‌یانخه‌نه ژێر چاودێری كرداریی بۆ باشبوون.
دامه‌زراندنی سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئێوه چۆن بوو به‌شه‌كانی له چی پێكهاتوون؟
له ساڵی ٢٠١٢ كۆلێژی ئیماراتی هات له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆبوونه‌وه و توانییان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان ئه‌و سه‌نته‌ره دروست بكه‌ن، لێره منداڵه‌كان سه‌ره‌تا پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ حاڵه‌ته‌كه‌ی ده‌كرێت كه له چ جۆرێكدایه، كاتێك پزیشك شێوازه‌كه‌ی دیاری كرد، دواتر مامۆستا له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت، چونكه هه‌موو حاڵه‌ته‌كان وه‌ك یه‌ك نین، هه‌ر یه‌كێك به‌شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆی چاره‌سه‌ری بۆ دیاری ده‌كرێت به‌شێوازی دانیشتن و گفتوگۆ ده‌بێت له‌گه‌ڵ تووشبووه‌كه. منداڵ هه‌یه ئۆتیزمی هه‌یه دواكه‌وتنی مێشكی هه‌یه هه‌ر مێشكی ته‌واو نییه، هه‌یه قسه‌كردنی ته‌واو نییه، هه‌ریه‌كێك له‌وانه به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه.
منداڵه‌كان له چ ته‌مه‌نێكدان و چه‌ند سه‌عات لای ئێوه ده‌بن و ژماره‌یان چه‌نده؟ لێره چی فێر ده‌كرێن؟
له ته‌مه‌نی دوو ساڵ و نیو تا ١٤ساڵی وه‌رده‌گیرێن، ئێمه له سه‌نته‌ره‌كه‌مان دوو كاتمان هه‌یه، یه‌كێكیان به‌یانیانه له سه‌عات 08:00 تا 13:00یه و منداڵه‌كان به‌شێوه‌ی گرووپ گرووپ دابه‌ش كراون و فێركه‌ران له‌گه‌ڵیانن، هه‌روه‌ها به‌شی ئێوارانمان هه‌یه كه منداڵه‌كان به‌شێوه‌ی تاك واته هه‌ر منداڵێك به ته‌نیا له‌گه‌ڵ فێركه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت له ماوه‌ی سه‌عاتێك تا دوو سه‌عات واته به گوێره‌ی ئاسته‌كه‌ی.
ئێسته زیاتر له ٨٠ منداڵمان له‌لایه، به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌یه دیاریكراو نییه، چونكه سه‌ره‌تا لای ئێمه ده‌بن له به‌شی ئێواران كه ته‌واو ڕاده‌هێنرێن و ئاسایی ده‌كرێنه‌وه، ده‌هێنرێن بۆ به‌شی به‌یانیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی تر فێر ده‌كرێن. له به‌رنامه‌ی فێركردندا چوار به‌شمان هه‌یه (قسه‌كردن، ئیشكردن، پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی، دواتر ئه‌و منداڵه فێر ده‌كرێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكات له ده‌ره‌وه) بۆ نموونه چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكات كاتێك بچێته بازاڕ یا ماركێتێك یان بچێته دادگا، بچێته پۆلیس به ئه‌كادیمی فێری هه‌ڵسوكه‌وته‌كان ده‌كرێت.
دواتر منداڵه‌كه ره‌وانه‌ی باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه ده‌كرێ به‌گوێره‌ی ئاسته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له ساڵی ٢٠١٦ قوتابخانه‌یه‌كمان دروست كرد بۆ منداڵه ئۆتیزمه‌كان، چونكه به‌شێكیان كه ده‌چوون بۆ قوتابخانه، نه‌یانده‌توانی هه‌ڵسوكه‌وتی منداڵی ئاسایی بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بوو له قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان بن، هه‌روه‌ها له‌و قوتابخانه‌یه‌ش وه‌ك سه‌نته‌ره‌كه‌مان بۆ منداڵی شه‌هید و كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژار پاره وه‌رناگرین، له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆمانه.
كه‌واته ئه‌وانه‌ی ڕاهێنان به منداڵه‌كان ده‌كه‌ن كێن؟
ئه‌و كه‌سه‌ی دێت بۆ ئێره پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت هه‌ڵسوكه‌وتی گونجاو بێت و پێشینه‌ی له كاره‌كه هه‌بێت و هێمن و ئارام بێت، چونكه منداڵه‌كه ڕه‌نگه هه‌ڵسوكه‌وتێك بكات شیاو نه‌بێت، لێی بدات یا شتێكی تێبگرێ، ده‌بێت به‌دڵێكی گه‌وره‌وه وه‌ری بگرێت و كاردانه‌وه‌ی نه‌بێت، مامۆستا و توێژه‌ر و پزیشك هه‌ن لێره له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانن بۆ فێربوون، هه‌روه‌ها كارمه‌نده‌كانمان كورد و عه‌ره‌ب و بیانین، به‌ڵام به‌گوێره‌ی پسپۆڕی دیاری ده‌كرێن و به‌شی زۆریشیان بیانین و له ده‌ره‌وه هاتوون.
له كوردستان هیچ ئامێرێك یا پسپۆڕییه‌ك هه‌یه له ته‌مه‌نێكی بچووك حاڵه‌ته‌كه ده‌ستنیشان بكات یا هۆكاره‌كه‌ی؟
له هه‌موو دنیادا شتێكی وا نییه زوو ده‌ستنیشانی حاڵه‌تی ئۆتیزم بكات، هه‌روه‌ها له هه‌موو دنیا هۆیه‌كی دیاریكراوی 100% نییه بۆ ئه‌م حاڵه‌ته.
به‌ڵام له وڵاتان پله‌به‌ندی بۆ ئۆتیزم ده‌كرێت، ئه‌ی لێره؟
ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك ئیش له‌سه‌ر منداڵه‌كه بكرێت، ده‌توانرێ دیاری بكرێت، به‌ڵام ئامێرێك هه‌یه به‌ناوی () ده‌توانێت منداڵه‌كه ده‌ستنیشان بكات، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه ئه‌و به‌رنامه‌ی ئێمه دامانناوه هه‌مووی پێڕه‌و بكرێت له‌سه‌ری، ئه‌وا ٩٠% گۆڕانكاری ده‌كات و باش ده‌بێت، به‌ڵام 100% چاك ببێت و ببێت به كه‌سێكی ئاسایی، قه‌ت شتی وا نییه، ته‌نیا باشبوون هه‌یه.
هاوئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ چ وه‌زاره‌ت و داوده‌زگایه‌كی حكوومی هه‌یه؟
مۆڵه‌تمان له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه و پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێوه‌ندیمان هه‌یه ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ی پێوه‌ندییان به وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هاوئاهه‌نگییه‌كی ته‌واومان هه‌یه، چونكه ئه‌و قوتابخانه‌ی هه‌مانه به‌یارمه‌تی ئه‌وانه و ئه‌وان به‌شێكیان هه‌یه بۆ په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت.
زانیاری هه‌یه ئێوه ٣٤ دۆنم زه‌ویتان له حكوومه‌ت وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره بۆ منداڵی ناكام و ئۆتیزم بكه‌نه‌وه، ئه‌وه بۆ نه‌كراوه، چونكه خه‌ڵكێكی زۆر چاوه‌ڕێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ن؟
زۆر ڕاسته من ٣٤ دۆنم زه‌ویم له حكوومه‌ت وه‌رگرت له شاری هه‌ولێر، ئامانجیش پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بوو كه پێك هاتبوو له دوو به‌ش، به‌شێكی خێرخوازی بێت و به‌شێكی بازرگانی، وه‌ك ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌و منداڵانه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هاتن بۆ ئه‌وێ فێر بكرێن تا كۆتا هه‌ر له‌وێ بمێننه‌وه، كه گه‌وره‌ش بوون هه‌رله‌وێ كار بكه‌ن، چونكه به‌داخه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ منداڵی ئۆتیزم و ناكام و كه‌مئه‌ندام هه‌یه تا ته‌مه‌نێك دیاری كراوه، دواتر هیچ كارێك نییه بیكات، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه به ڕووناكی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه هاتم، كه‌چی به‌تاریكی گه‌ڕامه‌وه، چونكه هه‌ندێ كه‌سی بێ‌ویژدان و خوانه‌ناس هاتن غه‌درم لێ بكه‌ن كه زانییان من ژنم و هێزی ئه‌وانم نییه، كاره‌كه‌یان لێم تێك دا.
ئه‌ی زه‌وییه‌كه چیی به‌سه‌ر هات؟
كه زانیم نایه‌ڵن پڕۆژه‌كه وه‌ك خۆی بكه‌م و ده‌سه‌ڵاتم نییه، زه‌وییه‌كه‌م گه‌ڕانده‌وه بۆ حكوومه‌ت و ئێسته هیچ پێوه‌ندییه‌كم به‌و زه‌وییه‌وه نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر نا من دیواری ده‌وری زه‌وییه‌كه‌شم دروست كرد له‌سه‌ر حیسابی خۆم و ده‌مویست به پاره‌ی خۆم و یارمه‌تیی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش پڕۆژه‌كه بكه‌م، به‌ڵام لێیان تێك دام و نه‌یانهێشت. بۆیه نازانم حكوومه‌ت چی له زه‌وییه‌كه كرد.
ده‌ته‌وێ جارێكی تر داوا له حكوومه‌ت بكه‌یت زه‌ویت پێ بده‌نه‌وه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه؟
نا، ته‌نیا ئه‌گه‌ر بمپارێزن تا هیچ له من نه‌كرێ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی وا بكه‌م، ئه‌گه‌ر نا داوا ناكه‌م.
دایك و باوك چی بكه‌ن بۆ منداڵه ئۆتیزمه‌كانیان تا به‌ره‌و باشبوون بچن؟
بیانبه‌ن بۆ ئه‌و شوێن و سه‌نته‌رانه‌ی تایبه‌تن به خۆیان و زوو حاڵه‌ته‌كه‌یان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن تا زووتر ئیشیان له‌سه‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ری خۆیان وه‌ربگرن و باش بن.
كه‌سێك منداڵی نه‌خۆشی هه‌بێت و توانای دارایی نه‌بێت، چی بكات و روو له كوێ بكات؟
خه‌ونم ئه‌وه‌یه شارێك دروست بكرێت بۆ منداڵه كه‌مئه‌ندامه‌كان و ئۆتیزم تا له سه‌ره‌تاوه تا كۆتا له‌و شوێنه بن، هیوام هه‌یه با خه‌ڵكیش هیوای هه‌بێت و به‌رده‌وامیش ده‌بین، دووباره ده‌ڵێمه‌وه هه‌ركه‌سێك كه‌مده‌رامه‌ته و توانای پاره‌دانی سه‌نته‌ره‌كه‌ی نییه یا منداڵی شه‌هیده، با منداڵه ئۆتیزمه‌كه‌ی بهێنێت بێ به‌رامبه‌ر وه‌ری ده‌گرم.
وشه/ ژاڵه ناسیح به‌رزنجی