مستەفا چاوڕەش: دەستی عێراق و دەرەكی لە پشت خۆپێشاندانەكانەوەیە

:: PM:01:15:27/12/2017 ‌
توندوتیژی و سووتاندنی بارەگا و دووكان و بەرپاكردنی پشێوی لە شارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، دۆخێكی توندی تەناهی لەو ناوچانە دروست كردووە و خەڵك نیگەرانن. پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان لە شارەكان بڵاوەیان پێ كراوە و ئەمە وای كردووە سووكایەتی بە پێشمەرگە بكرێ. مستەفا چاوڕەش فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كورتە دیدارەی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، "خۆپێشاندان دەستی دەرەكی و بەغدای لە پشتە" داوایش دەكات، "هەموو لایەنەكان دانیشن و ڕێ نەدەن پشێوی بەرۆكی وڵاتەكەمان بگرێ".

هێنانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی شارەكان و ڕێگری لە توندوتیژی لە كاتی خۆپێشاندانەكان، هەڵمەتێكی چڕی سووكایەتی نادیاری بە پێشمەرگە و گرانكردنی نرخی لێ كەوتووەتەوە تەنیا بۆ پێشمەرگە، وەك فەرماندەیەك هەڵوێستتان لەسەر ئەم سووكایەتییانە بە پێشمەرگە چییە؟
ئەوەی ئەم سووكایەتییانە بە پێشمەرگە دەكات، ناپاكی كوڕی ناپاكە. پێشمەرگە هاتووەتە ناوشار بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵك بكات و ماڵی خەڵك و دووكان و بارەگا نەسووتێنرێ، جیا لەوەیش پێشمەرگە وەك هەموو خەڵك، لەگەڵ داواكارییە ڕەواكاندایە، بۆ باشتركردنی بژێوی خەڵك و پێدانی مووچەی كارمەندان لە كاتی خۆیدا و ستەم نەكردن لە خەڵك، بۆیە پێشمەرگە لە هەر شوێنێك بێ بۆ بەرگریكردنە لە خەڵكی كوردستان و پاراستنی موڵكی گشتی و بارەگای حكوومییە. هەمووان بینیمان لە تەقتەق 14 فەرمانگەی حكوومی سووتێنران، لە كۆیە و ڕانیەش بەهەمانشێوە، ئێستە خەڵك بۆ ڕاییكردنی مامەڵە و كاروبارەكانی لەو ناوچانە ڕوو لە كوێ بكات؟ بۆیە ئەم كردەوانە دەبنە مایەی سەرئێشە بۆ كۆی میلەتەكەمان.

باس لە بوونی حزب لە پشت خۆپێشاندان و توندوتیژییەكانەوە دەكرێ، ئەمە ڕاستە؟
هەر كەسێك لە پشت خۆپێشاندانەكانەوە بێ، هیچ كات نایەت بە ڕاستەوخۆ بڵێ من ئەو توندوتیژییانەم كردووە، بۆیە هەر كەسێك توندوتیژی بكات و هەڵمەت بۆ سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە دروست بكات، ئەوا پێش هەموو كەس سووكایەتی بە خۆی و كەسوكاری خۆی دەكات.

هەموو حزبەكان دووپات لە ڕەوایی داواكانی خۆپێشاندەران دەكەنەوە، بەڵام بۆچی پەنا بۆ توندوتیژی دەبرێ؟
زۆرباشە، مادام هیچ لایەك و هیچ كەسیان نایانەوێ دۆخەكە بەو ئاراستەیە بڕوات، یەك ڕێی تر هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی هەمووان بەیەكەوە دابنشین و واز لەو ڕێیە بێنن كە كەسیان نایانەوێ، با خەڵك و تەلەڤزیۆنەكان پشتیوانی لەو ئاراستە توندوتیژە نەكەن، ئەوكاتە خەڵك دادەنیشێ و بە ئارامی داواكاری خۆی دەكات، هەر كەسێك پشتیوانی ئەو ڕەوتەیش بكات، ستەمێكی گەورە لە میلەتی خۆی دەكات.

پێت وایە چی بكرێ باشە بۆ ئەوەی دۆخی سیاسی و دۆخی خەڵكی كوردستان بەرەو ڕێیەكی دروست ببرێ؟
پێویستە هەموو لایەنەكان بەیەكەوە دابنیشن و هیچ لایەك سەنگەر لە یەكتر نەگرێ، ئەو دۆخەی تێیداین، دەستی دەرەكی و دەستی عێراقی تێدایە، پێویستە بەر بەو كۆسپانە بگرین و هەوڵی ڕژد بدەین، بۆ ئەوەی هیچ لایەك وڵاتەكەمان نەشێوێنێت، بۆیە دەبێ حزبەكان دابنیشن و بەیەكەوە وەك برا كار بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان بكەن، لە مووچەوە تا دوا كێشە كە لە وڵاتەكەمان هەیە.
ڕۆژی 18ی ئەم مانگە خۆپێشاندان لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و شارۆكەكانی تر دژ بە نەبوونی مووچە و خراپی خزمەتگوزارییەكان و دۆخی ژیانی خەڵك دەستی پێ كرد، بەڵام بۆ دوای نیوەڕۆ لە شارەدێی پیرەمەگروون خۆپێشاندانەكان توندوتیژی لێ كەوتەوە و خۆپێشاندەران بارەگای حزبەكان و ئاسایشی شارەدێیەكەیان سووتاند، دواتر لە ڕانیە و كۆیە و تەقتەق و ناوچەكانی تریش هەڵمەتی بارەگا سووتاندن و هێرش و پەلاماردانی بارەگا حكوومییەكان بەردەوامی هەبوو، بەدوایدا هێز لەناو شارەكان بڵاوەی پێ كرا. لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی زۆر كەس چوونەتە ژێر باری هەڵمەتێك كە گومان دەكرێ لەلایەن دەستی دەرەكییەوە ساز كرابێ، بۆ سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە و دروستكردنی تابلۆی فرۆشتنی كاڵا و كەلوپەل لەلایەن فرۆشگەكانەوە بە گرانتر لە نرخی ئاسایی بە پێشمەرگە، ئەمەیش ناڕەزایی زۆری خەڵكی لێ كەوتووەتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د