كۆریای باشوور، له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه له ساڵی 2003، به پلانێكی تۆكمه هاوكاریی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و خزمه‌تگوزاری و ته‌لارسازی و زۆر بواری تر، پێشكه‌ش به كوردستان كردووه. ئێسته له هه‌ولێر سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی كۆریای باشوور كراوه‌ته‌وه و ئامانجی گه‌وره و پلانی تۆكمه‌یان بۆ گه‌نجانی كورد پێیه. سوكی هونگ دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌و سهنتهرهیه، له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشه" وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
* پێناسه‌یه‌كی خۆتان و سهنتهرهكهتان بكه‌ن؟.
من ناوم سوكی هونگ له كۆریای باشوور له دایك بووم، له ساڵی 2013ه‌وه له هه‌رێمی كوردستان‌م ئێسته مامۆستای ئابووریم له زانكۆی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ربیل له هه‌ولێر.
دامه‌زرێنه‌ر و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی كۆریم، ساڵی 2016 له مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌ردا ئه‌م شوێنه‌مان كرده‌وه بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌لی كۆری و گه‌لی كورد، له ڕووی خوێندن و په‌روه‌رده و كولتوور و زانست و ئابوورییه‌وه، ده‌مانه‌وێت پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ كورد و خه‌ڵكی كوردستان به گشتی.
* وه‌ك سه‌نته‌ر، ئامانجی كاره‌كانتان چییه؟
ئێمه ئامانجمان دروستكردنی ئه‌و پێوه‌ندییه دۆستانه‌یه كه كۆریای له‌سه‌ری بنیات نراوه و ئێسته یه‌كێكه له وڵاته به‌هێزه‌كانی دنیا، ده‌مانه‌وێت وڵاتێكی سوودبه‌خش بین بۆتان و سوود له باشییه‌كانی ئێوه‌ش وه‌ربگرین، چونكه مێژوو و كولتوورمان زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیكه، ده‌مانه‌وێت سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆمان له ڕێی خوێندن و كولتوور و زانست و ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ ئێوه گه‌شه پێ بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌یش ببن به وڵاتێكی به‌هێز و جوان. چونكه ئێمه له سفره‌وه ده‌ستمان به دروستكردنی وڵات كرد، به‌ڵام ده‌بینین ئێوه زۆر پێشكه‌وتوون له چاو ئه‌وكاتی ئێمه‌وه، به‌ڵام توانیمان به هێز و توانای خۆمان و خۆشویستنی خاكه‌كه‌مان ببینه 11یه‌مین پێشكه‌وتووترین وڵاتانی دنیا له ڕووی ئابوورییه‌وه.
* ده‌تانه‌وێ كار له‌سه‌ر چه‌ند بواری جیاواز له رێی سهنتهرهكهتانهوه له كوردستان بكه‌ن؟
له سه‌ره‌تادا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له بواری ئه‌كادیمیا و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و سێكته‌ره كار بكه‌ین، له ماوه‌یه‌كی كورتی ته‌مه‌نی سه‌نته‌ره‌كه‌مان توانیومانه هه‌شت قوتابی بنێرینه ده‌ره‌وه بۆ خوێندن و قوتابییه‌كیش ئێسته ناوی ده‌رچووه بۆ خوێندنی ماسته‌ر له زانكۆیه‌كی سیئۆل.
* ئه‌و چینه‌ی كۆمه‌ڵگه كامه‌یه كه ده‌توانن سوودمه‌ند بن له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئێوه؟
له لای ئێمه چینایه‌تی پێڕه‌و ناكرێت، بۆ نموونه بۆ كاری فێستیڤاڵهكانمان ئه‌وانه‌ی كۆریایان خۆش بووێت و تامه‌زرۆی كۆریا بن، ده‌توانن به‌شدار بن و سوودمه‌ند بن، به‌ڵام بۆ چالاكی ئه‌كادیمیا ته‌نیا قوتابییه‌كانی زانكۆ ده‌توانن سوودمه‌ند بن، بۆ كاری خۆبه‌خشی و چالاكییه‌كانی تریش، هه‌موو كه‌س ده‌توانێت له‌گه‌ڵماندا كار بكات.
* هاوئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه تا بتوانن ئامانجه‌كانتان بپێكن؟
ئێمه ئێسته له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایین، له گه‌وره‌كردنی هه‌نگاوه‌كانمان و پڕۆژه‌كانمان به دڵنیایییه‌وه پێویستمان به‌هاوكاریی ئه‌وان ده‌بێت، پێوه‌ندی یاسایی و دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵیان هه‌یه و به‌رده‌وام ده‌بێت.
* ئێوه له‌لایه‌ن كێوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و یارمه‌تی وه‌رده‌گرن؟
كاره‌كانمان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن كونسوڵگه‌ی كۆریا له هه‌رێمی كوردستان چاودێری ده‌كرێت و ئه‌وان پاڵپشتمانن، به‌تایبه‌ت له ڕووی دارایی له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێكی ئێمه‌دان و هاوكاریمان ده‌كه‌ن، كونسوڵگه زۆر به ئێمه‌وه ماندوون و سوپاسیان ده‌كه‌ین، پێوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان پێكه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن زانكۆی "ئه‌ربیلی" نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه، پاڵپشتییه‌كی گه‌وره ده‌كرێین.
* كار و چالاكییه‌كانتان ته‌نیا له هه‌ولێر ده‌كه‌ن؟
نه‌خێر بۆ ئێمه شاره‌كان جیاوازییان نییه، ماوه‌یه‌ك لهمهوپێش له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌نجه ڕۆشنبیره‌كانی سلێمانی زۆر به‌تامه‌زرۆیی داوایان لێ كردین ئه‌م جاره فێستیڤاڵه‌كه‌مان ببه‌ینه ئه‌و شاره، بۆیه ئێمه پلانمان داناوه هه‌موو ساڵێك له شارێكی كوردستان فێستیڤاڵی كۆری بكه‌ینه‌وه و ساڵی داهاتوو له سلێمانی ده‌بێت.
* له سه‌ره‌تای كاره‌كانتاندا له چ بوارێك سه‌ركه‌وتوو بوون و توانیوتانه ئامانجه‌كانتان بپێكن؟
تا ئێسته سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ی بیرمان لێ كردوونه‌ته‌وه و جێبه‌جێمان كردوون، سه‌ركه‌وتوو بووین تێیاندا، به‌تایبه‌ت له بواری كردنه‌وه‌ی خولی زمانی كۆری و سینه‌ما و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی قوتابییان، له هه‌موویشیان سه‌ركه‌وتووتر ئه‌نجامدانی فێستیڤاڵی كۆری بوو.
* له ماوه‌ی كاركردنتان له كوردستان ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌متان چی بووه؟
تا ئێسته ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بووه و ڕێگریش نابێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه به‌رده‌وام گوتوومانه پێویسته له‌یه‌كتر تێبگه‌ین و مامه‌ڵه‌یه‌كی جوان له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌رمان بكه‌ین، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن ڕاسته هه‌ندێك جیاوازه لێره، به‌ڵام له كۆتادا پێكه‌وه هه‌موومان كار ده‌كه‌ین.
* بۆ ساڵی داهاتوو هیچ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌یه تا گه‌نجان سوودمه‌ند لێی؟
به‌رده‌وام پلانی تایبه‌تی خۆمان هه‌یه، ئێمه جگه له پلانی ساڵی ئاینده پلانی به‌رده‌وامیشمان هه‌یه، ئه‌ویش له ڕێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریاوه به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی فه‌رمی كۆریی كه ئه‌وان سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن، ساڵانه یه‌ك قوتابی له كوردستان ده‌نێرین و سه‌رجه‌م كۆرسه‌كان به‌خۆڕایی وه‌رده‌گرێت و فێری زۆر شت ده‌كرێت له لای ئێمه.
* ئێسته هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو كات زیاتر پێویستی به پشتگیری دارایی هه‌یه، ئێوه له‌وباره‌وه چیتان كردووه؟
كۆریا به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه كه بۆ دروستبوونی خۆی و بوون به وڵاتێكی به‌هێز و پێشكه‌وتوو، یارمه‌تیی له وڵاتانی تری دنیا وه‌رگرت، به‌دڵنیایییه‌وه حكوومه‌تی كۆریا پلانی زۆری هه‌یه بۆ هاوكاریكردنی كوردستان و زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئێمه پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه، به‌ڵام من له باره‌ی خوێندنه‌وه قسه ده‌كه‌م، به دڵنیایییه‌وه هاوكاری زۆری ئه‌و قوتابیانه ده‌كرێت كه كۆریا هه‌ڵیانده‌بژێرێ، ئه‌وه‌ش جۆرێكه له پشتگیری.
* ستراتیجی كاری ئێوه تاكه‌ی له كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئێمه بۆ ڕۆژێك و دوو رۆژ نه‌هاتووین، هاتووین هاوكاری خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان بین بێ جیاوازی، پلانی درێژخایه‌نمان هه‌یه، كاری ئێمه ته‌واو نابێت له به‌ره‌وپێشبردن و چوونی وڵات ده‌مانه‌وێت ده‌ستمان هه‌بێت و جێیه‌كانی دیار بێت، بۆیه بیرمان له ڕۆیشتن نه‌كردووه‌ته‌وه تا ئه‌و كاته لێره ده‌بین، كه ده‌رده‌كرێین، ئه‌وكات ده‌ڕۆین.
* تا چه‌ند كولتووری كۆری و كولتووری كوردی له یه‌ك نزیكه و جیاوازییه‌كان چین؟
كولتووری كۆری و كوردی زۆر له یه‌كه‌وه نزیكن هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه ئێمه به خۆشه‌ویستی له دڵه‌وه كار بۆ به‌ره‌وپێشچوون و هاوكاری قوتابییانی زانكۆ پێشكه‌ش بكه‌ین، به تایبه‌ت له ڕووی خێزانه‌وه زیاتر له یه‌ك نزیكین، له ڕووی جۆری خواردن جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه، ئێمه زیاتر خواردنی ته‌ندروستتر ده‌خۆین.
* كام شتی ژنی كوردیتان به دڵه؟
ژنانی كورد زۆر چالاكن و زۆر جیاوازن، به‌ڕاستی ئازایه‌تی له چاوه‌كانیان ده‌بینم، ئه‌وان دڵیان زۆر پاكه و كاره‌كانی خۆیان خۆش ده‌وێت كاتێك ده‌یكه‌ن، ئێوه به به‌راورد به وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر چالاكن و زۆر ئازا و پێشكه‌وتوون.
* خوله پیشهیییهكانی هاوینانتان كێ ده‌گرێته‌وه؟
ئێسته خوله پیشهیییهكانمان له هاوینان ته‌نیا قوتابیی زانكۆكان ده‌گرێته‌وه و له ئاینده‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌سانی تری ئه‌كادیمیای تریش بگرێته‌وه.
* بۆ ده‌تانه‌وێ ئه‌مه بۆ كوردستان بكه‌ن؟
ئێمه له كۆریا گوتهیهكمان هه‌یه ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی نیعمه‌ت له‌بیر بكات مرۆڤ نییه"، ئێمه‌یش پێشتر نیعمه‌تی به‌خشینمان له وڵاتانی تر وه‌رگرت بۆ به‌ره‌وپێشچوونی وڵاته‌كه‌مان، ئێسته‌یش پێویسته بیده‌ینه‌وه و بیبه‌خشین به‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت پێش بكه‌ون.
* له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی كوردستان كه زۆر سه‌خته چی به گه‌نجانی كوردستان ده‌ڵێن؟
من تێده‌گه‌م هه‌ستكردن به‌بێ وڵاتی چییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌مان ناخی ئێوه‌دا ئێمه‌ش ژیاوین، ئامۆژگارییان ده‌كه‌م هیچ كات له شكست نه‌ترسن، له ژیاندا شكست هه‌ر هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه پێویست ناكات بترسن، ئێمه له دۆخی زۆر ناخۆشتر له‌مه‌ی ئێوه بووین، به‌ڵام به یه‌كگرتوویی و دانانی پلانی تۆكمه توانیمان سه‌ربكه‌وین ئه‌و كاره ئێوه‌یش ده‌توانن بیكه‌ن.