خواردنی جەرجیر ئه‌و سوودانه‌یشی هه‌یه‌

:: PM:07:56:10/01/2018 ‌

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی پزیشكی دەركەوتووە خواردنی سەوزەی جەرجیر سوودی زۆری بۆ تەندروستی جەستە هەیە و بە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ دژە ئۆكسانەكان و پاراستنی جەستە لە نەخۆشییەكانی شەكرە و شێرپەنجە دادەنرێت.

بەپێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی "medicalnewstoday" دا بڵاو كراوەتەوە و باس لە سوودەكانی سەوزەی جەرجیر دەكات و دەڵێت، یەكێك لە سەوزە بە سوودەكان بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشیی جەرجیرە، چونكە پێكهاتەكەی چەندان مادەی بەسوودی تێدایە، كە پارێزگاری لە جەستە دەكەن، لە چەند سوودێكی سەوزەی جەرجیر:

جەستە لە نەخۆشی شێرپەنجە دەپارێزێت: پێش 30 ساڵ بەر لە ئێستە پزیشكان خواردنی سەوزە بەگشتی و جەرجیریان بەتایبەتی بۆ دژایەتی نەخۆشی شێرپەنجە بە یەكێك لە باشترین چارەسەرەكان دا دەنا، ئێستە بەپێی توێژینەوەیەك كە لەسەر ئەم سەوزەیە ئەنجام دراوە دەركەوتووە، كە جەرجیر دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسانەكان، كە جەستە دەپارێزێت لە نەخۆشی شێرپەنجە.

جەستە لە نەخۆشی شەكرە دەپارێزێت: بەهۆی ئەوەی ئەم سەوزەیە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسانی ئەلفا لیبویك، كە ڕێژەی كلوكۆز لە لوولەكانی خوێندا هاوسەنگ دەكات و چارەسەری تێكچوون لە بەرهەم هێنانی ئەنسۆلین دەكات دەبێتە هۆی پاراستنی جەستە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان