ریال مەدرید لەگەڵ هازارد بڕاندوویەتییەوە

:: AM:09:45:11/01/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەكردار دەستی بە هەوڵەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەی بەلجیكی ئیدین هازارد كردووە دوای ئەوەی رەتی كردبووەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی ئینگلیزی درێژ بكاتەوە.

باوكی هازارد چەند رۆژێك پێش ئێستا نەیشاردبووەوە كە كوڕەكەی نایەوێ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی نوێ بكاتەوە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئیمزا بكات.

رادیۆی (مۆنتی كارلۆ)ی جیهانی بڵاوی كردەوە: ریال مەدرید بەتەواوی لەگەڵ هازارد و باوكی كە بەڕێوەبەری كارەكانییەتی رێككەوتووە و لەسەر سەرجەم خاڵەكانی گرێبەستەكەی نێوانیان رێككەوتوون، هەروەها لەسەر ئەو پارەیەش رێككەوتوون كە پێویستە بدرێتە یانەی چێڵسی لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە تا ئێستا گفتوگۆ و رێككەوتنەكان تاك لایەنە و بەتەنیا لەگەڵ یاریزانەكەیە و یانەی ریال مەدرید بەفەرمی پەیوەندی بە بەرپرسانی یانەی چێڵسییەوە نەكردووە سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو ئەستێرە بەلجیكییەوە.

جێی باسە هازارد لە ماوەی چوار وەرزی رابردووی یاریكردنی لە ریزی یانەی چێڵسی توانیویەتی 2 ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بۆ یانەكە بەدەست بێنێ و هەروەها دووجاریش بە باشترین یاریزانی خولەكە دەستنیشان كراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م