لە كاتێكدا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق هەوڵەكانی كۆدەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بە گوێرەی هەندێك راپۆرت و بەڵگەنامەی نوێ سڕكردنی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ بە دەستی داعش ساڵی 2014 لە پشتیەوە نهێنی مەترسیدار هەیە كە مالیكی و سەركردەكانی بە گوێرەی پیلانگێڕییەكی ئێرانی ئەنجامیان داوە بە ئامانجی رزگاركردنی رژێمی بەشار ئەسەد لە كەوتن و فراوانكردنی هەژموونی ئێران و لێدان لە پێگەی كوردستان.
بە شێكی تر لە ئامانجەكەی پیلانگێرییەكەی ئێران دۆزینەوەی هۆكار بووە بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی، ئەویش دروستكردنی حەشدی شەعبی و دەستوەردانی سەربازی ئێران بووە لە ناوخۆی عێراق، جگە لەمە لێدان بووە لە سوننەكان و قوڵتر كردنەوەی قەیرانی مرۆیی بووە لە ناوچە سوننەكان.
لە پاڵ رزگاركردنی رژێمی ئەسەد لە كەوتنێكی سەد لە سەد لەسەر دەستی داعش و بەرەی نوسرە، ئێران درەگای عێراقی بۆ ئاواڵا كرد، جگە لەو ئامانجانەی سەرەوەئامانجێكی تریش هەبوو كە یارمەتیدانی حوسییەكانی یەمەن بوو بۆ كودەتا دژ دەسەڵات.
ئاشكراكردنی دۆسیەی كەوتنی موسڵ كە ئێستە زیاتر موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر داوای دەكات و ساڵی رابردوو لە ژێر گوشاری مالیكی و ئێران دۆسیەكە داخرا، هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەڵمەتە پڕوپاگەندەیەی مالیكی دەستی داوەتێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
سەركردەیەكی باڵا لە رەوتی سەدر دەڵێ سڕكردنی لێكۆڵینەوەكان لە كەوتنی موسڵ لە پشتیەوە نهێنی زۆر مەترسیدارر هەیە كە پەیوەستە بە كودەتا كردن بەسەرر عێراق و خەڵكەكەی لەلایەن نوری مالیكی لە نێوان ساڵانی 2006 تا 2014 بە گوێرەی پیلانگێری ئێران.
زیاتر گوتی "حاكم زاملی كە یەكێكە لە سەركردەكانی رەوتی سەدر و سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی بووە، دەیانجار هەبووە ویستوویەتی لەگەڵ حكوومەت و دادگا دانیشتن بكات و نامەی بۆ ناردون بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بەڵام ئەوان وەڵامیان نەداوەتەوە".
روونی كردەوە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیران چەندانجار هەوڵیداوە دۆسیەكە بكاتەوە و لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ دەستپێ بكات، بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵێكی دواتر پاشگەز دەبێتەوە، دیارە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.
بڕیاری كشانەوە لە موسڵ
سەركردەیەكی رەوتی سەدر ئاشكرای دەكات بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە بڕیاری كشانەوەی سوپای عێراق لە موسڵ بە بڕیاری سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكان بووە، نوری مالیكی، كە بڕیاری داوە هەموو پێكهاتەكانی سوپای عێراق لە موسڵ بكشێنەوە. بۆیە كاتێك لیژنەی پەرلەمانی لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك لە سەركردە سەربازییەكان كە هۆكاری پاشەكشەیان چی بوو، بۆچی موسڵیان رادەستی داعش كرد، دەردەكەوێت بەشێك لە سەركردە سەربازییەكانی موسڵ پۆستی دیپلۆماسییان پێدراوە و رەوانەی دەرەوەی عێراق كراون و هەموو ئەو تۆمارە دەنگیانە و نامانەی لە رێگەی بێ تەل ئاڵوگۆڕ كراون لەنێوان یەكەكانی سوپا لە رۆژی یەكەم تا نۆی مانگی حوزەیرانی 2014 واتە پێنج رۆژ پێش هاتنی داعش بۆ موسڵ كە هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی سوپا لەو شارەو جێهێشتنی چەكە قورسەكان، گوم بوونە.
لە سێدارەدانی قوتابیە سەربازەكانی سەربازگەی سپایكەر
بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەكان، ئاگاداری سەركردە سەربازییەكانی سەبازگەی سپایكەر كرا بووەوە كە چۆڵی بكەن و بكشێنەوە، بەڵام داعش زۆر خێراتر جوولەی كرد و سەربازگەكەی داگیر كرد و هەزار 700 قوتابی سەربازگەكەی لە سێدارە دا. سەركردە سەربازییەكان دان بەوەدا دەنێنن كە لە نووسینگەی مالیكی ئاگادار كرا بوونەوە بە پاشەكشە كردن، بەڵام جوولەی پاشەكشەكە هێواش بووە و ئەمەش وایكرد داعش بگاتە ناو سەربازگەكە و ئەو قوتابیانە لە سێدارە بدەن.
هۆكارەكانی كودەتا بەسەر عێراق
بەگوێرەی مەحزەری كۆبوونەوەی سەركردەی هێزە سیاسییە سەرەكییەكان لە بەغدا، هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە مالیكی بە مەبەست شارەكەی رادەستی تیرۆریستان كردووە بە گوێرەی پیلانێكی ئێرانی بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیەی لەسەر سووریا و رژێمی بەشار ئەسەد هەبووە كە زۆر نزیك بوو لە كەوتن. پیلانەكە لەسەر چەند بنەمایەك داڕێژراوە، گرنگترینیان:
یەكەم: ناردنی پەیامێك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نیشاندانی مەترسییەكانی داعش وەك هێزێكی تیرۆریستی، كە ئەگەر رێگری لە فراوانبوونی هەژموونی داعش نەگیر درێت ئەوا گروپە تیرۆریستییەكانی تر بەیعەت بە داعش دەدەن.
دووەم: هەوڵدان بۆ تێكدانی هەرێمی كوردستان، ئامانجیان ئەوە بووە كە داعش كوردستانیش داگیر بكات، ئەمەش روویدا ئەگەر ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان بە خێرایی دژی نەوەستا بوونایەوە.
سێیەم: پاساو هێنانەوە بۆ دامەزراندنی حەشدی شەعبی لەژیرَ ناوی پاراستنی پیرۆزییەكانی شیعە، ئەم هەنگاوەش هێز و هەژموونی ئێرانی لە عێراق زیاتر كرد و پێش ئەمەریكا و رۆژئاوا كەوت لە دەستوەردان لە عێراق.
چوارەم: بە ئامانج گرتنی شارە سوننەكان و خوڵقاندنی قەیرانێكی قوڵی ژێرخانی و مرۆیی لەو ناوچانە، لەسەر ئەو بنەمایە كە دژە هێرش بۆ سەر داعش جارێكی تر ئەو شارانە و خەڵكەكەی دەكاتەوە ئامانج.
پێنجەم: بەدەستەوەدانی پاساوی دەستوەردانی سەربازی ئێرانی لە عێراق، چونكە پێش داعش هەژموونی ئێران تەنیا لە رووی سیاسی و ئابووری بوو.
شەشەم: یارمەتیدانی پیلانی حوسییەكان لە یەمەن و دەستگرتنیان بەسەر دەسەڵات و سەنعای پایتەخت.