رەفسنجانی..سندووقە ڕەشەكەی ئێران.. مرد یان كوژرا؟

:: AM:10:21:11/01/2018 ‌

رێك ساڵێك دوای مردنی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، گومانەكان لە كوشتنی ئەو زیاتر دەبێت. ئەو لە نۆیەمی كانوونی دووەم لە كۆشكێكی سەر بە ئەنجوومەنەكە خەریكی مەلەكردن بوو كە لە نكاو دڵی دەوەستێت و تا دەگاتە نەخۆشخانە كۆچی دوایی دەكات.

غولامعەلی رەجایی راوێژكاری هاشمی رەفسنجانی ئاشكرای دەكات ئەو شەوەی هاشمی رەفسنجانی كۆچی دوایی كرد چەند كەسێك دەچنە نووسینگەی هاشمی رەفسەنجانی و بەشێك لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی رەفسنجانی لەگەڵ خۆیاندا دەبەن كە لە قاسەی نووسینگەكەی هەڵیگرتبوون.

ئەو بەڵگەنامانەی هەڵگیرابوون زۆر گرینگ بوون و هەموو ئەو دۆسیە و بەڵگانەی پێوەندیدار بوون بە خۆپێشاندانەكانی ساڵی ٢٠٠٩ لە شوێنی خۆیان نەماون و چەند كەسەكە ئەو شەوە بردوویانن.

بە گوێرەی "ئەلعەرەبیە" رەجایی دەڵێت كلیلی قاسەكە هەموو كات لە گیرفانی هاشمی رەفسنجانی بووە و باسی لەوەش كردووە بە فەرمانی حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران بڕیار دراوە دۆسیەی مردنی هاشمی رەفسەنجانی دووبارە بۆ لێكۆڵینەوە چالاك بكرێتەوە.

پێشتر یاسر هاشمی رەفسنجانی كوڕی رەفسنجانی بۆ یەكێك لە میدیاكانی ئێران گوتبووی حەسەن رووحانی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەبارەت بە مردنی باوكی قبوڵ نەكردووە و بۆیە داوای كردووە دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت. ئەو دەڵێت داوا كرابوو دۆسیەكە دابخرێت بەڵام سەرۆك كۆمار رەتی كردووەتەوە دابخرێت، بەڵكوو لێكۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە بكرێت.

لە ١٦ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووش فائیزە هاشمی رەفسنجانی یەكێك لە كچەكانی ئەو دەڵێت لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەشدار بوون باس لەوە كراوە لە لەشی هاشمی رەفسنجانی ١٠ هێندەی حاڵەتی ئاسایی مەوادی "رادیۆئەكتیڤ" دۆزراوەتەوە. تا وەكوو ئێستە هیچ كام لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لێدوانی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.

فاتیمە هاشمی یەكێكی تر لە كچانی هاشمی رەفسنجانیش گوتبووی لە دوای مردنی هاشمی رەفسنجانی چەند كەسێك چوونەتە نووسینگەی هاشمی رەفسنجانی و لە قاسەكەی كۆمەڵێك بەڵگەیان دزیوە. ئەو دەڵێت باوكی شتێكی زۆر گرنگی لە قاسەكەیدا حەشاردابوو. هەروەها دەڵێت دووەم وەسیەتنامەی هاشمی رەفسنجانیش لە شوێنی خۆی نەماوە.

رێك هەفتەیەك بەر لەوەی بمرێت، هاشمی رەفسنجانی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو داوای كرد دەستووری ئێران بگۆڕدرێت.

ئەو لە چلەی ماتەمینی مووسەوی ئەردەبیلی كە یەكێك بوو لە مەرجەعیەتی شیعەی ئێران و داڕێژەرانی دەستووری ئەو وڵاتە، باسی لە گۆڕینی دەستوور كرد و گوتی "كاتێك دەستووری ئێران داڕێژرا كارێكی گرنگ ئەنجام درا، یاساناسان رەشنووسەكەیان ئامادە كرد و دواتر كاتێك گەیشتە ئەنجوومەنی شۆڕش كارێكی قورس بوو تا بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بكات. دواتر بە شێوەیەك رێك خرا كە مەرجەعیەت هیچ كێشەیەكی تێدا نەدۆزییەوە و دواجار پەسند كرا."

ئەو باسی لەوە كردبوو كە دەستووری ئێران باش بوو بەڵام دەستووریش دەبێت گۆڕانكاری بەسەر بێت. هەروەك دەستووری وڵاتانی جیهان دەگۆڕدرێت، ئێرانیش دەبێت دەستوورەكەی بگۆڕێت.

جێگەی باسە دەستووری ئێران دوای ئەوەی لە دەستپێكی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران پەسند كرا، دوای ١٣ ساڵ جارێك هەموار كراوەتەوە. بۆ نموونە مەرجی ئەوە لابردرا رێبەر هەر دەبێت مەرجەع بێت ، هەروەها ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران وەك دامەزراوەیەك خرایە نێو دەستوورەوە.

هاشمی رەفسنجانی سندووقی نهێنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو و رۆڵێكی زۆر باڵا و گرنگی لە چوار دەیە دەسەڵاتی ئەو رژێمە بینیوە. چەند رۆژ لەمەوبەریش ڤیدیۆی كۆبوونەوەیەكی نهێنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بڵاو كرایەوە.

لەو كۆبوونەوەیە عەلی خامنەیی بە رێبەری كۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێت دوای ئەوەی خومەینی كۆچی دوایی دەكات. كۆبوونەوەكە هاشمی رەفسنجانی بەڕێوە دەبات كە سەرۆكی دامەزراوەكە بووە و دەردەكەوێت چ رۆڵێكی گرنگی بینیوە لەوەی خامنەیی بكاتە رێبەری ئێران لە كاتێكدا خامنەیی مەرجەكانی رێبەریی تێدا نەبووە. ئەوكات گرنگترین مەرج ئەوە بووە رێبەر مەرجەع بێت، بەڵام خامنەیی مەرجەع نەبووە.

خامنەیی خۆی لە كۆبوونەوەكە قسە دەكات و هەندێك بەڵگە دەهێنێتەوە كە شایانی ئەو پۆستە نییە و بەڵام پێی دەگوترێت بە شێوەیەكی كاتی ئەمە قبوڵ بكات تا ریفراندۆمی لەبارەوە دەكرێت.

هاشمی رەفسنجانی نهێنیی هەموو ئەو تیرۆرانەش بوو كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامی داون. دادگای بەرلین لە نەورۆزی ١٩٩٧ لە دۆسیەی تیرۆری دكتور شەرەفكەندی سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە فەرمی  هەر یەك لە عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی سەرۆك كۆماری ئەوكات و عەلی ئەكبەر ویلایەتی، وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئێران و عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی بەوە تاوانبار كرد كە فەرمانی تیرۆركردنەكەیان دەركردووە.

٢٠ ساڵ دوای ئەو بڕیارەی دادگا رەفسنجانی هیچ كاتێك بە روونی باسی لە رۆڵی خۆی نەكرد و نهێنییەكانی ئاشكرا نەكرد. شەش ساڵ لەمەوبەر رەفسنجانی تیرۆری میكۆنۆسی گرێدا بە گرووپە توندئاژووكان و بەدەستی هەندێك "مرۆڤی سەرەڕۆ" كە بەمەبەستی گورزوەشاندن لە پێوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەورووپا  ئەنجامیان دا. ئەو گوتبووی خومەینیش دژی ئەو جۆرە كارانە بووە."

ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە هاشمی رەفسنجانی ئاگاداری هەموو نهێنییەكانی ئێران بووە و كەس بە ئاشكرا نەیوێراوە بەرامبەری بوەستێت و رەنگە ویستبێتی هەندێك هەنگاوی سیاسی تر بنێت كە باڵێكی رژێمی ئێران بەدڵی نەبووە و بۆیەش بۆ پاراستنی خۆیان تیرۆریان كردووە. 



وشە - سلێمان تاشان