حكوومەتی عێراق گەنمی جووتیارانی بە نیوە قیمەت حیساب كردووە

:: PM:08:43:11/01/2018 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، كە حكوومەتی عێراق گەنمی جووتیارانی كاتی خۆی بە ٧٥٠ هەزار دینار كڕیوە، ئێستەیش لە خۆیەوە بڕیاری داوە هەر تۆنێك بە ٤٠٠ هەزار دینار حیساب بكات، بۆیە بڕیارە لە دادگا سكاڵا لە دژی حكوومەت تۆمار بكەین.

حكوومەتی عێراق تا ئێستە پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان هەر سێ ساڵی ٢٠١٤ و٢٠١٥ و٢٠١٦ی خەرج نەكردووە، سەرەڕای دواخستنی ئێستە بڕیارێكی داوە، كە پارەكە بۆ نیوە كەم بكاتەوە و گەنمەكەیش بە نیوە قیمەت بۆ جووتیاران حیساب بكات.

 نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٤ و٢٠١٥ و٢٠١٦ی بۆ هەر تۆنێك بە ٧٥٠ هەزار دینار لە جووتیارانی هەرێم كڕیوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە پارەكەی نەداوە.

زیاتر گوتی، پێوەندیم لەگەڵ وەزیری بازرگانی كردووە و باسی لەوە كرد كە ئێستە حكوومەت بڕیاری داوە گەنمەكە بە نیوە قیمەت حیساب بكات، كە بۆ هەر تۆنێك ٤٠٠ هەزار دینارە، ئەمەیش بەهیچ شێوەیەك یاسایی نییە و غەدرێكی گەورەیە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی دەكات.

نەجیب روونی كردەوە، پارەی گەنمی جووتیارانی سێ ساڵ دەگاتە ٧٠٠ ملیار دینار، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەكەی حكوومەتی عێراق ئەو بڕە بۆ نیوە كەم دەبێتەوە. روونی كردەوە، ئێستە پارەكە لەلایەن حكوومەتەوە دراوە و ئامادەیە و تەنیا ماوە رێكارەكان بگیرێنە بەر و دەست بە خەرجكردنی بكرێت، بەڵام ئێمە پێی رازی نابین و لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەین.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل