ریال مەدرید نزیك بوو لە 2013 گرێبەست لەگەڵ میسی بكات

:: PM:12:26:13/01/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی ئاشكرای كرد، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاواتەخوازبوو لە 2013 گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و ركابەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە ئیمزا بكات.

رۆژنامەی (دێر شپێگل) لە رێگەی ئەنیگۆ خوارێزی پارێزەری تایبەتی باوكی میسی زانیویەتی كە یانەی ریال مەدرید لە 2013 پلانی داڕشتبوو پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی میسی بدات بە یانەی بەرشەلۆنە كە 250 ملیۆن یۆرۆ بوو و مووچەكەشی لە یانەكەدا بۆ 23 ملیۆن یۆرۆی خاوێن و بەبێ باج بەرز بكاتەوە.

هەروەها یانەی ریال مەدرید بڕیاریشی دابوو لەكاتی رێككەوتن لەگەڵ میسی، بڕی ملیۆنێك یۆرۆش وەك پاداشت بدات بە باوكی كە هانی بدات یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵێ.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: بڕیاربوو فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ میسی و باوكی كۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گرێبەستەكە، بەڵام پارێزەرەكەی ئامۆژگاری كردبوو خۆی لەم گرێبەستە بەدوور بگرێت بەهۆی كێشەكانیان لەگەڵ باج و یاسای خاوێنی یارییەوە، لەبەر ئەمە یانەكە وازی لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ میسی هێنا و ئەو كات گرێبەستی لەگەڵ گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی ئیمزا كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م