ئەمڕۆ ریال مەدرید یارییەكی قورسی بەرامبەر ڤیاڕیال هەیە

:: PM:12:41:13/01/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو یانەی ریال مەدرید لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یارییەكی قورسی بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال هەیە.

یارییەكە سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان دەست پێ دەكات.

یانەی ریال مەدرید لە 2 یاریی رابردوویدا لە خولی ئیسپانیا نەیتوانیبوو سەركەوتن بەدەست بێنێ، لە یاریی كلاسیكۆدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕا بوو، لە یاریی هەفتەی رابردووش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی سێلتا فیگۆ یەكسان ببوو.

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید ناوی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ ئاشكرا كردبوو، ئەوانیش بەمشێوەی خوارەوەن:-

گۆڵپارێز: ناڤاس، كاسیا، مۆحا

بەرگری: كارڤاخال، ڤاییخۆ، ڤاران، ناچۆ، مارسێلۆ، تیۆ هێرناندێز

ناوەڕاست: كڕووس، مۆدریچ، كاسێمێرۆ، ئەسینسیۆ، ئیسكۆ و كۆڤاسیچ

هێرشبەر: كریستیانۆ، گاریس بێڵ، لوكاس ڤاسكێز و بۆرخا مایۆرال.

یانەی ریال مەدرید چاوی لەوەیە 3 خاڵی تەواوی یارییەكە بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا.

یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 32 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت و 16 خاڵ لە دواوەی یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگەوەیە، یانەی ڤیاڕیالیش بە 28 خاڵ لە ریزی شەشەمی یانەكانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م