حكوومەت گیراوانی سێ‌ ساڵی ڕابردوو لە كەركووك ئاشكرا دەكات

:: PM:03:52:13/01/2018 ‌

كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ڕێكخراوی هیومان ڕاتس وۆچ دەداتەوە لەسەر بوونی گرتووخانەی نهێنی و گیراوانی ساڵی 2014 وە تا هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و دەوروبەری.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی كانوونی دووەم، لە وەڵامێكی بەیاننامەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ هیومان ڕایتس وۆچ هاتووە، ئەو گیراوانەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەكات، لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە خۆیان رادەستی هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە ژمارەیان هەزار كەسە.

لە وەڵامەكە هاتووە، كۆمیتەكە ئاماژەی داوە رۆژی 21/12/2017 ڕێكخراوی Human Rights Watch لە راپۆرتێكی بە ناوی (هەرێمی كوردستانی عێراق شاردنەوەی 350 بەندكراو) باس لە ژمارەیەك لەو كەسانە دەكات كە پێوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لە گرتووخانە فەرمی و نافەرمییەكانی دەزگە تەناهییەكانی حكوومەتی هەرێم گیرابوون لە شاری كەركووك، بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها باس لەوەش دەكات كە خێزانەكانیان داوای دیاریكردنی چارەنووسی كەسوكاریان دەكەن.

كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە بەیاننامەكەیدا وەڵامی راپۆرتی رێكخراوەكەی داوەتەوە تیایدا هاتووە، تا رۆژی 16/10/2017 هیچ گیراوێك لە لای ئێمە لە ئاسایشی كەركووك دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆكەی دووبز گرتووخانەیەكی كاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە كە پێش پرۆسەی رزگاركردنی حەویجە دەهاتنە دووبز و بەشێكیان كە ئەندامی داعش بوون یان هاوكاریی داعشیان كردووە، خۆیان رادەستی هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرد، هەموو گیراوەكان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس بوو، دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونكە هیچ گرتووخانەیەك لە كەركووك نەبووە و لایەنە تەناهییەكانی كەركووك ئەركیان تەنیا هاریكاریكردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەكە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەكانی میحوەری كەركووك جێبەجێ كرا و هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریەتی پرۆسەی گواستنەوەكەیان لە ئەستۆ گرت.

هەروەها ئاماژەی داوە لە دوای شەڕی داعش لایەنە تەناهییەكان چەند رێوشوێنێكی تایبەت دەگرنە بەر لە كاتی گیرانی ئەو كەسانەی گومانی پێوەندیكردنیان بە داعشەوە لێ دەكرێت و ئەوانەی كە دەگیرێن هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردن و بوونی پارێزەر، هەروەها كەسوكاریشیان لە گرتنیان ئاگەدار دەكرێنەوە لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەكانی هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی تەناهی تەنیا پیاوەكان دەپشكێنرێن، بەڵام ژنان ناپشكێنرێن بەهۆی رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵكەكە ئەو پشكنینەش زۆر ئاسایییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە ناویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی.

كۆمیتەكە وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت، زۆر جار لە كاتی روودانی شەڕ هەندێك كەس گیراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە ئەوانەی كە بێتاوانن ئازاد دەكرێن و ئەوانەی كە پێوەندییان بە داعشەوە هەبێت، بەپێی ماددە چواری یاسای دژە تیرۆر كە پێشتر كاری پێ دەكرا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرا بۆ ماوەی (24) سەعات، دواتر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەكە دەكران. ئەگەر دوای لێكۆڵینەوە دەربكەوتایە كە پێوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە، ڕەوانەی دادگای تایبەت دەكرا و هەموو مافێكیان هەبوو و كەسوكاریشیان لە گرتنیان و ئەو تۆمەتەی كە لەسەر گیراوە ئاگەدار دەكرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەكی دروستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەكرا.

لە بەشێكی وەڵامەكە بۆ هیومان ڕایتس وۆچ هاتووە، شێوازی گرتنی ئەو (350) كەسەی كە پێوەندییان بە داعشەوە هەیە و راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەكات جیاواز بوو، چونكە بە تۆمەت نەگیراون، واتە تۆمەتیان ئاراستە نەكراوە و دەزگە تەناهییەكانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵكو لە دوای دەست پێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە و لە كاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان رادەستی هێزە تەناهییەكان كردووە  و ددانیان بەوە نابوو كە سەر بە داعشن و لە خێزانەكانیان دابڕابوون، چونكە ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەكردووە، بەڵام لە هەمانكاتدا خێزانەكانیان گواستراونەوە بۆ كەمپەكانی جعێدە یان جدعە كە دەكەونە ژێردەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەكانیان لە دەستبەسەركردنیان ئاگەدار بكرێنەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە سێی ساڵی 2006 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پێڕەو دەكرا، ئەو یاسایە تا 16/7/2016 كاری پێ كرا. بەڵام ئێستە لە هەرێمی كوردستان بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە كاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون كار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.

كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر روونی كردووەتەوە كە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان لایەنە تەناهییەكان بە سەدان كەسیان بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ داعش گرتووە و دواتریش دادگایی كراون بەپێی یاسا كار پێكراوەكان لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە كەركووك گیراون بە تۆمەتی بوونی پێوەندییان لەگەڵ داعش و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركووك لە سەرەتای شەڕی تیرۆرەوە گیراون، ئاماژەی داوە كە ئامارەكان بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵی (2014) ئەو كەسانەی گیراون ژمارەیان (115) كەس بوون.

لە ساڵی (2015) ئەو كەسانەی گیراون ژمارەیان (182) كەس بوون.

لە ساڵی (2016) ئەو كەسانەی گیراون ژمارەیان (83) كەس بوون.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2017) ئەو كەسانەی گیراون ژمارەیان (19) بوون.

كەسانەی كە تا ئێستە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان بەم شێوەیەیە: 

لە ساڵی (2014) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (33) كەس بوون.

لە ساڵی (2015) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (78) كەس بوون.

لە ساڵی (2016) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (20) كەس بوون.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2017) ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە (شەش) كەسن.

ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە:

لە ساڵی (2014) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) كەس بوون.

لە ساڵی (2015) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (23) كەس بوون.

لە ساڵی (2016) ئەو گیراوانەی كە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) كەس بوون.

 لە شەش مانگی یەكەم ساڵی (2017) هیچ كەسێك سزای بۆ دەرنەچووە، بەڵام (36) كەس سزاكانیان تەمیز كراوەتەوە.

هەروەها لەبارەی دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە كاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان گیراون و رادەستكردنیان بە حكوومەتی فیدراڵی، بەیاننامەكە دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بكات لەبارەی رادەستكردنەوەی گیراوانی داعش و لەم رووەوە لەسەر داوای سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت بەتایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و یۆنامی، هاوئاهەنگی بەردەوامە لەبارەی چارەنووسی ئەو كەسانەی كە بە تۆمەتی تیرۆر گیراون و سزا دراون و لەم رووەوە كۆبوونەوەكان بەشێوەیەكی خولی بەردەوامە، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەكی فەرمی رێكارە یاسایییەكانی نەگرتووەتە بەر بۆ رادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی كە بە تۆمەتی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان گیراون بۆ حكوومەتی فیدڕاڵ.

ڕێكخراو هیومان ڕایتس وۆچ ساڵانە چەندان ڕاپۆرت لەسەر رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق بڵاو دەكاتەوە و لە دوایین ڕاپۆرتیش لەسەر ڕەوشی تەناهیی عێراق بە وڵاتی كارەسات ناوی بردووە.




وشە - رامیار جەواد