له هه‌نگاوێكی نوێ و وه‌رچه‌رخانێكی ته‌كنه‌لۆجیدا، كۆمپانیای گووگڵی ئه‌مه‌ریكی، "Redux"ی به‌ریتانی كڕی كه وا ده‌كات شاشه به بڵندگۆ كار بكات.
ئه‌گه‌رچی تا ئێسته هیچ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی له كۆمپانیای Redux ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام به‌پێی هه‌واڵی ماڵپه‌ڕه ته‌كنه‌لۆجییه‌كان، ئه‌و كۆمپانیایه له 13ی كانوونی یه‌كه‌می ڕابردووه‌وه پشكه‌كانی فرۆشتووه و ئامانجیش لێی سوودوه‌رگرتنێكی بۆ به‌رهه‌مه نوێیه‌كانی گووگڵ.
كۆمپانیای گووگڵ ده‌یه‌وێ له ڤێرژنی داهاتووی مۆبایلی گووگڵ پیكسڵ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵندگۆ دابنێ، له ڕێی شاشه‌كه‌وه‌وه ده‌نگ بێته‌ده‌ر، ئه‌مه‌ش تازه‌ترین نوێكارییه له دنیای ته‌كنه‌لۆجیای مۆبایل و تا ئێسته كۆمپانیا ڕكابه‌ره‌كانی وه‌ك سامسۆنگ و ئه‌پڵ نه‌یانكردووه.
كۆمپانیای گووگڵ، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به سیسته‌می كاره‌كانی هێنا و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بوو كه ساڵی 2016 یه‌كه‌م مۆبایلی به سیسته‌مه‌كه‌ی خۆی (ئه‌ندرۆید) به‌رهه‌م هێنا، ده‌خوازێ له ڕێی ئه‌و مۆیایله و چه‌ند به‌رهه‌مێكی تری ته‌كنه‌لۆجی وه‌ك تابلێت و چه‌ند ئامێرێكی تری هۆشمه‌نده‌وه، به ته‌واوی بازاڕی ته‌كنه‌لۆجیا قۆرخ بكات، دوای ئه‌وه‌ی توانی بازاڕی تۆڕی ئینته‌رنێت بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه.