كۆمپانیای مۆتۆڕۆلا شاشەیەكی ناوازە دروست دەكات

:: PM:06:13:13/01/2018 ‌

كۆمپانیای مۆتۆرۆلا ئێستە كار دەكات لەسەر بەرهەمێكی نوێ، بەپێی سەرچاوەكان دەڵێن ئەم كۆمپانیایە سەرقاڵی دروستكردنی شاشەیەكە بۆ مۆبایلە نوێكەی كە لە دوای شكانی خۆی توانای چاكبوونەوەی هەیە.

بەپێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕ "cnbc"دا بڵاو كراوەتەوە و باس لەو شاشەیە دەكات، كە كۆمپانیای مۆتۆرۆلا بەتەمایە دروستی بكات و دەڵێت، كۆمپانیای مۆتۆڕۆلا بەتەمایە شاشەیەك دروست بكات بۆ یەكێك لە مۆبایلەكانی، كە دوای شكانی ئەم شاشەیە خۆی چاك دەبێتەوە، كە ئەم تایبەتمەندییە زۆربەی بەكارهێنەرانی مۆبایلی زیرەك رزگار دەكات لە ترسی شكانی شاشەكەیان. 
 
ئەم شاشەیە بە جۆرێك دروست دەكرێت، كە لە دوای شكان پێكهاتەكانی ناو شاشەكە جارێكی تر خۆیان ڕێك دەخەنەوە بۆ ئەوەی بكەونە سەربارێك كە پێشتر بۆیان دیاری كراوە، ئەمەیش لە رێگەی دەردانی وزەی گەرماوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها كۆمپانیایەكە ئەوەیشی روون كردووەتەوە، كە بەرنامەیەك دروست دەكات لە ڕێگەیەوە دەتوانیت خۆت بە پەنجە شوێنی شكانەكان دیاری بكەی و بەرنامەكە شوێنە شكاوەكەت بۆ چاك بكاتەوە.

بەڵام ئەم تەكنەلۆجیا نوێیە تەنیا بۆ درزی بچووك و شكانی كەم بەكاردەهێنرێت، واتە ناتوانێت پارچەیەكی گەورە چارەسەر بكات، هەروەها زۆربەی زاناكانی ئەم كۆمپانیایە كار دەكەن لەسەر گەورەكردنی ئەم بەرهەمە كە بتوانێت درزی گەورەش چاك بكاتەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان