ئەندامێكی كوردی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، كە حكوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشكەشی كردووە بۆ بودجەی ساڵی 2018 و دووپاتی كردەوە ئەگەر سبەی پڕۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوە بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیە دەكەین.
زانا رۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە حكوومەتی عێراق سوورە لەسەر پڕۆژەكەی خۆی بۆ بودجەی ساڵی 2018 و هیچ داواكارییەكی كورد و نوێنەرانی كورد كە پێشتر پێشكەش كرابوون، جێبەجێ نەكراون.
زیاتر گوتی، ئەگەر سبەینێ پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2018 بخرێتە ناو بەرنامەی كار و خوێندنەوەی یەكەم، كە دەنگدانە بۆی بكرێت، ئەوا سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبوونەوەكە جێدێڵین و ناچینە ناو كۆبوونەوە و لەو كاتەیشدا ناتوانرێ كۆبوونەوە بكرێت.
رۆستایی روونی كردەوە، ناكرێت سبەینێ لە پەرلەمان پڕۆژە یاسای بودجە و هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنرێت پێكەوە، چونكە ئەوە كارێكی قورس دەبێت، لە هەر حاڵەتێكیشدا ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەكان بەر لە هەڵبژاردنەكان دەرنەچێت هەڵبژاردن دوا ناخرێت و لە كاتی خۆیدا دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، لەو حاڵەتەدا بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ كار بەو یاسایەی ئێستە دەكرێت، كە هەیە و تا ئەو كاتەی یاسای هەڵبژاردن دەردەچێت، لەگەڵ ئەوەیش یاسای هەڵبژاردن ئامادە نەكراوە بۆ دەنگدان لە پەرلەمان.
كۆتای 2017 حكوومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی رەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام بەهۆی پاشەكشەی كورد و سوننە لە دانیشتنی پەرلەمان نەتوانرا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و ئەوان هەریەكەیان چەند تێبینییەكیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت و داوا دەكەن كە پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتەوە هەمووار بكرێتەوە، هاوكات بڕیار دراوە، كە لە دانیشتنێكی پەرلەمان بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی ئەو پڕۆژە بخرێتە روو.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی