میلیشاكان لە ئێرانەوە مادەی هۆشبەر دێنن بۆ خورماتوو

:: PM:09:17:13/01/2018 ‌
 
شارۆكەی خورماتوو، كە یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و تێكەڵێكی كورد و عەرەب و توركمانی شیعە پێك هاتووە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەردا دۆخەكەی بەیەكجاری روو لە ئاڵۆزییە و میلیشیا شیعەكان چەندان كاری ناوێزە ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆیش لەو شارۆكەیە دەست بەسەر پێنح تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.

سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو تایبەت بە"وشە" رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 13ی كانوونی دووەم لە دووكانی توركمانێكی شیعەی خەڵكی شارۆكەی خورماتوودا، دەست بەسەر بڕی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
زیاتر گوتی، لە كاتێكدا هێزێكی تەناهی ماڵ و دووكانەكان گەڕاون بەدوای چەك، ئەو بڕە زۆرەی مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە، كە پێكهاتووە لە مادەكانی تریمادۆل و كریستاڵ لەناو كارتۆندا شاردرابووەوە.
 
لای خۆیەوە عەلی هاشم، گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەو هەواڵەی پشت راست كردوە و بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، خاوەنی دووكانەكە لە كاتی پشكنینی دووكانەكەیدا هەڵاتووە.
 
هەر لەو بارەوە عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و دوایشی، میلیشاكانی حەشدی شەعبی لە ئێرانەوە بە لێشاو مادە هۆشبەرەكان دێنن بۆ شارۆكەی خورماتوو.
 
گزیاتر گوتی، باشترین بەڵگەیش ئەو مادە هۆشبەرانە دەدەن بە چەكدارەكانیان بۆ سووتاندنی ماڵ و دووكانی هاووڵاتییانی كورد بۆ ئەوەی بێئاگا بن لە ئەنجامدانی تاوانەكانیان.

پێشتر "وشە"،پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە زاری بەرپرسانی شارۆكەی خورماتووەوە ئاشكرای كرد، میلشیاكانی شیعە بە لێشاو لە ئێرانەوە مادە هۆشبەرەكان هاوردەی خورماتوو دەكەن، بەجۆرێك لە ناوەندی قوتابخانەكانیشدا قوتابیان بەكاریان دەهێنا.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل