شارەوانی سلێمانی: ئەگەر پارەمان بۆ خەرج نەكرێت ناچارین زەوی تر بفرۆشین

:: PM:10:15:13/01/2018 ‌

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رای گەیاند، كە بۆ ئەو پڕۆژانەی تا ئێستە لە سلێمانی تەواو نەكراون سێ پێشنیازیان لەبەردەمدایە بۆ تەواوكردنیان، كە ئەگەر پارەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی یان لە بەشێكی داهاتی شارەوانی بۆ تەرخان نەكرێت، ئەوە ناچاری فرۆشتنی هەندێك زەوی نایابن لە سلێمانی بۆ تەواوكردنی پڕۆژە تەواو نەكراوەكان.

یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێك لەو پێشنیازانە ئەو بودجەیەی، كە ساڵانە لە وەزارەتی داراییەوە وەری دەگرن كە ئەگەر وەزارەت بۆیان خەرج بكات ئیش لە پڕۆژە گرنگە تەواو نەكراوەكان دەكرێت، ئەگەر ئەو پارەیەیش نەبوو لە بڕی لە %20ی داهات، كە بۆ شارەوانی خەرج دەكرێت لەو پڕۆژانە بەكاری دێنن.

زیاتر گوتی، ئەگەر بەو دوو پێشنیازە نەتوانرا پڕۆژەكان تەواو بكرێن ئەوكات ناچار دەبین نووسراو ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی بكەین بۆ ئەوەی هەندێك زەوی نایاب هەیە بیفرۆشین و ئەو پڕۆژانە تەواو بكەین.

روونی كردەوە، ساڵی رابردوو بە بەهای زیاتر لە 8 ملیار دینار زەوی فرۆشرا، بەڵام بڕێكی ئەو پارەی ساڵی رابردوو ماوە و دەتوانین لە پڕۆژەكانی ئەمساڵ بەكاری بێنین، لەگەڵ ئەو پارەیەی كە بەردەستمان دەكەوێت لەو سێ پێشنیازەی كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین.

ساڵی رابردوو بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆژە تەواو نەكراوەكانی شارەكە، شارەوانی سلێمانی چەند زەوییەكی نایابی فرۆشت، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیش دەڵێت، پێویستە شارەوانی پلانی هەبێت و بۆ ئەمساڵ یان حكوومەت هاوكاری بكات بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی.

محەمەد رەسووڵ، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی رابردوو، كە شارەوانی سلێمانی زەوی فرۆشت، ئێمە ئەو كارەمان پێ باش نەبوو، بەڵكو لەگەڵ ئەوە بووین، كە شارەوانی ئەو زەویانە بداتە كەسانێك و بیانكاتەوە و دواتر ساڵانە یان مانگانە پارە بداتە شارەوانی و شوێنەكانیش وەك خۆیان دەمانەوە.

زیاتر گوتی، بۆ ئەمساڵ تا ئێستە نازانین شارەوانی بە نیازی چییە بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی كە بە ناتەواوی ماونەتەوە و پێویستە تەواو بكرێن؟، بە تایبەتی ئەوانەی پێویستین و خزمەتگوزارین بۆ هاووڵاتییان.

رەسووڵ روونی كردەوە، ئێستە شارەوانی سلێمانی لە %20ی داهاتی بۆ خۆی بەكار دێنێت، بەڵام داهاتەكەی كەمە و بەشی ئەوە ناكات پڕۆژەی تەواو نەكراوی پێ تەواو بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیشی رۆژانەی شارەوانییەكانی پێ بەڕێ بكات.

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، بۆ ئەو پڕۆژە تەواو نەكراوانە ئەگەر شارەوانی خۆی پلانی نەبێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم هەوڵ بدات تا ئەو پڕۆژانەی كە گرنگن تەواو بكرێن.

شایەنی باسە ساڵی رابردوو شارەوانی سلێمانی پێویستی بەوە هەبوو بە بەهای زیاتر  لە 15 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی زەوی بفرۆشت تا پڕۆژە گرنگ و تەواو نەكراوەكان تەواو بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل