چەند گوندێكی سیدەكان بۆ تەلەفۆنكردن سەردانی گۆڕستان دەكەن

:: PM:10:23:13/01/2018 ‌

چەندان گوند لە شارەدێی سیدەكان، 144كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، تا ئێستە  هێڵەكانی گەیاندن لە گوندەكانییان كار ناكات و بێبەشن لە هەموو جۆرە پێوەندییەكی تەلەفۆنی مۆبایل و ئینتەرنێت.

عوزیر حاجی زوبێر، هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی "دەراو" لە سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، لەناو گوندەكەماندا هیچ جۆرە شەبەكەیەكی مۆبایل و ئینتەرنێت كار ناكات، بەم هۆیەوەیش ئێمەی گوندنشینانی "گەلی لێتان"، كێشەیەكی زۆرمان بۆ دروست بووە و تەنیا لە یەك شوێنی گۆڕستانی سەرووی گوندەكەمان یەك خاڵ شەبەكە هەیە و دوای هەوڵدانێكی زۆر تا دەتوانین یەك پێوەندی تەلەفۆنی وەردەگرین، بۆ تەلەفۆنكردن ناچارین سەردانی گۆڕستان بكەین لە خەڵكیش وایە بۆ پاڕانەوەی مردوو دەچین.

زیاتر گوتی، بەهۆی سەرسنووریی گوندەكەمان زۆر جار لەلایەن ئێران و توركیاوە بە مەبەستی جیا جیا تۆپباران و بۆردومان دەیگرێتەوە، بەهۆی نەبوونی شەبەكەی مۆبایلش ناتوانین پێوەندی بكەین، ئاماژە دەكات كە 12 موختاری گوندەكان مۆر و واژوویان كۆكردووەتەوە و پێشكەشی لایەنی پێوەندیداریان كردووە، بەڵام تا ئیستە لایەنی پێوەندیدار ئامادەیی دەرنەبڕیوە لە گوندەكانمان شەبەكەی مۆبایل دابنێت .

جەواد خدر، گەنجێكی دانیشتووی گەلی لێتان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە چەندینجار داواكاریمان ئاراستەی دەزگا پێوەندیدارەكان كردووە بە مەبەستی دابینكردنی تاوەری كۆمپانیایەكی گەیاندن، بەڵام تا ئێستە بێبەشین لە هەموو جۆرە پێوەندییەكی تەلەفۆنی و ئینتەرنێت.

بێ پلانی حكوومەت وای كردووە گوندەكان چۆڵ ببن، پێویست بوو بەر لە هەموو شوێنەكان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان بە گوندەكان گەیەنرابابووایە تا زیاتر ئاوەدانیان بەخۆوە بینیبا كە ئێستە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەكان خەڵكەكە بەرەو شار و شارۆكەكان كۆچ دەكەن، ئەمەیش دواجار زیان بە ئابووریی وڵات دەگەیەنێت . خدر وای گوت.

سدقی سەلیم، هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی "تالەجاڕ"ە لە دەشتی هێرتێ بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی شەبەكەی مۆبایل هاتووەتە دەڤەرەكەمان، تا ئیستە ژمارەیەك گوندی دەشتی هێرتێش بێبەشن لە پێوەندیكردنی مۆبایل و ئینتەرنێت و داواكارین لە حكوومەت هەوڵ بدات بۆ دابینكردنی تاوەری كۆمپانیاكان و بیانگەیەنێتە گوندەكانمان. 

لای خۆیەوە ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵكەوتەی جیوگرافیای دەڤەری سیدەكان شوێنێكی شاخاوییە و گرد و چیای زۆری لێیە، ئەمەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەموو گوندەكانی سنوورەكەمان سوودمەند نەبن لە هیڵەكانی گەیاندن بە مۆبایل و ئینتەرنێتەوە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەیاندن هەوڵی زۆرمان داوە بۆ دانانی تاوەرەكانی شەبەكە لە گوندەكانی گەلی لێتان كە ژمارەیان 12 گوندە، هەروەها لە هەوڵی بەردەوامداین كە لە ماوەی داهاتوودا ئەو گوندانەیش شەبەكەی مۆبایل و ئینتەرنێت سوودمەند بكەین.

ئەمە لە كاتێكدایە تەواوی هاوینەهەوار و كوێستانەكانی دەڤەرەكە بێبەشن لە پێوەندی تەلەفۆنی و تۆڕەكانی ئینتەرنێت.

سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانە بەدووری 144كم لە باكوری شاری هەولێر هەڵكەوتووە  و كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، سیدەكان خاوەنی 250 گوندە و 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردومان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ، ئاوەدان نەكراونەتەوە و زیاتر لە 15 هەزار كەس لەو شارەدێیە نیشتەجێیە.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل