وێنەیەكی دزەپێكراوی گالاكسی S9 بڵاو كرایەوە

:: AM:08:55:14/01/2018 ‌
میدیاكان بە چڕی وێنەیەكی نوێترین ڤێرژنی مۆبایلی زیرەكی گالاكسی كۆمپانیای سامسۆنگیان بڵاو كردەوە، بەگوێرەی وێنەكەیش گالاكسی S9 هاوشێوەی ڤێرژنی پێشوو گالاكسی S8ە لە ڕووی شێوە و ڕووكاری دەرەوەیەوە، بەڵام هەندێ جیاوازی لە ناوەڕۆك و تایبەتمەندییەكانی كراوە.

بەگوێرەی وێنە دزە پێكراوەكە كە وێنەی كارتۆنی گالاكسی S9یە و تایبەتمەندییەكانی مۆبایلەكەی لەسەر نووسراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور بەردەوام لە پەرەپێدانی تایبەتمەندییەكانی ئەو مۆبایلە نوێیەی، تا بە تەواوی بازاڕ داگیر بكات و قازانجێكی زۆر دەستەبەر بكات.

بەگوێرەی تایبەتمەندییە نووسراوەكان لەسەر كارتۆنی مۆبایلە نوێیەكە، شاشەی گالاكسی S9 قەبارەكەی 5.8 بۆسە دەبێ و هاوشێوەی S8 دەبێ، بە تەكنیكی ئامۆلد و بە توانای 2960*1440 پیكسل شاشەكەی وێنە پێشان دەدات. وەك ڤێرژنەكانی پێشوویشی گالاكسی بەردەوام بە بەرزی توانای كامێراكەی هەمووانی شۆك كردووە، بۆ ئەم مۆبایلە نوێیەیش، كامێرای پێشەوەی هەشت مێگاپێكسل و كامێرای پشتەوەیشی 12 مێگاپیكسل دەبێ.

گالاكسی S9 تایبەتمەندی كامێراكەی لە هی گالاكسی هەشت زۆر باشتر كراوە، چونكە لەلایەن بەكارهێنەرانی گالاكسییەوە ڕەخنەی زۆر لە ڤێرژنی S8 گیرا، جیا لەوەیش دەتوانرێ بە شێوەی لاسلكی شەحن بكرێتەوە، بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتووتر كە ئایفۆن و كۆمپانیای ئەپل بەرهەمیان هێناوە.

بڕیارە كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی مۆبایلی زیرەك لە مانگی داهاتوو "شوبات/فێبرایەر" بە فەرمی گالاكسی S9 بخاتە بازاڕەكانەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د