ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرا

:: PM:06:05:15/01/2018 ‌

شاندی حكوومەتی عێراق بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە هەولێر و كۆبوونەوەی فرەوانی نێوان هەردوولا دەستی پێ كرد، هەریەك لە كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی كوردستان و مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر كۆبوونەوەكە هاتووە، لیژنەی باڵای پێكهاتوو بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران حەیدەر عەبادی بە سەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕالی بە مەبەستی پێداچوونەوەی گشتی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دووهەمی خۆی لە شاری هەولێر گرێدا لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆی هەرێم كەریم سنجاری.

لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە،  لە كۆبوونەوەكەدا بە ئەمنداری ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە لەسەر پەرۆشی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی كێشە هەڵپەسێراوەكان بەشێوازێكی شایستە و بەپێی بەندەكانی دەستووری عێراقی و یاساكانی فیدڕالی.
 
لە ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە وەزیری ناوخۆی هەرێم هیوای خواست بە گەیشتن بە چارەسەری سەرجەم پرسەكان، كە لە خشتەی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا هاتووە بۆ ئەم مەبەستە پێنج كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان پسپۆڕان و بەرپرسانی هەردوولادا لە بوارەكانی (ئاسایش، دەستوور، فڕۆكەخانەكان، گومرگ، دەروازە سنوورییەكان، بەنداوەكان و نەوت).

ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، كەشوهەوای متمانە و لێك تێگەیشتن بەسەر كۆبوونەوەكەدا زاڵ بوو و كۆبوونەوەكان كۆتاییان هات بە نووسینی كۆنووس بۆ هەر تەوەرێك لە تەوەرەكان و تیایدا ژمارەیەك لە راسپاردەی لەخۆ گرتووە و  بە پێی فەرمانی دیوانیی ژمارە 137 لە ساڵی 2017 بەرزدەكرێتەوە، كە بەپێی ئەو فەرمانە لیژنەی باڵای گفتوگۆ پێكهاتووە.

ڕۆژی شەموو شاندێكی كوردستان بە سەرۆكایەتی كەریم سنجاری گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ كۆبوونەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبوونەوەكەی بە بەرهەمدار وەسف كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش و دووشەم كە دەكاتە ئەمڕۆ لە هەولێر كۆ دەبنەوە، تا بگەن بە چارەسەر لەسەر كێشەكان.



وشە - رامیار جەواد