بانكی ناوەندی بەغدا مامەڵە بانكییەكانی لەگەڵ هەرێم دەست پێ كردەوە

:: PM:07:07:15/01/2018 ‌
دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگ بانكی ناوەندی بەغدا مامەڵە بانكییەكانی لەگەڵ بانكەكانی هەرێم ڕاگرت ئێستە مامەڵەكردنی دەستی پێ كردووەتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، لە دوای ئەم ڕاگرتنە، پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر بانكی ناوەندی بەغدا دروستبوو بۆ ئاڵوگۆڕی دراو.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی كانوونی دووەم، ئەمین بەكر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە، بەغدا بڕیاریدا مامەڵە بانكییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕابگرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش سەرجەم بانكەكان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمدا ڕاگیرا.

زیاتر گوتی، لەدوای ئەم ڕاگرتنە، پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر بانكی ناوەندی بەغدا دروستبوو بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵام ئێستە بانكی ناوەندی بەغدا دەستی كردووەتەوە بە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بەرانبەردا هەرێم پابەندبوونی خۆی بەرانبەر چەند داواكارییەكی بانكی ناوەندی دەربڕیوە.

هۆكاری ڕاگرتنی مامەڵە بانكییەكانی لە لایەن بەغداوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك كاردانەوەیەك بوو لە بەرانبەر ڕیفراندۆمەكەی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان، كە جیا لەوانە بەغدا چەندان سزای تری بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم