ڕاگەیەندراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:07:41:15/01/2018 ‌

حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی، پەرۆشیی خۆیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە، كە هەموو هەوڵ و تواناكانیان بخەنە گەڕ تا بارودۆخەكە لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو باشتر بەرن.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ شاندی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتوو كۆبووەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە یاداشتنامەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرا، كە پێشتر پێشكەش بە سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرابوو و خرایە بەر گفتوگۆ و گرنگیی خاڵەكانی نێو یاداشتنامەكە دووپات‌ كرایەوە.

لەو كۆبوونەوەیە ئاماژە بەوەیش كرا‌ وەك حكوومەت و ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدارن لە كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، پەرۆشیی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخ و نەهێشتنی ئەو تەنگەژانەن، كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە و هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە، كە هەموو هەوڵ و تواناكانیان بخەنە گەڕ تا بارودۆخەكە لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو باشتر بەرن.

هەردوولا بڕیاریان دا بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش،‌ كۆبوونەوەی هاوشێوە بەردەوام بن.

ڕۆژی 25 ی مانگی ڕابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ماوەی 20 ڕۆژی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری كرد بۆ ئەوەی چەند خاڵێك جێبەجێ‌ بكات و یاداشتێكی 24 خاڵیش پێشكەش بە حكوومەت كرا، هاوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رای گەیاند، حكوومەت تاوتوێ‌ یاداشتەكەی یەكگرتوو دەكات.



وشە - رامیار جەواد