ئه‌مساڵ شه‌قامی 120 مه‌تری باوه‌ش به هه‌ولێردا ده‌كات
سه‌رباری ته‌نگژه‌ی دارایی و په‌ككه‌وتنی زۆربه‌ی زۆری پڕۆژه‌كان، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێر هه‌ر به‌رده‌وامه و له كۆتای ئه‌م مانگه‌دا به‌شێكی گرنگی ده‌كرێته‌وه. به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر "جه‌نجاڵییه‌كی زۆری شار كه‌م ده‌كاته‌وه" و له‌مساڵیشدا به‌شی كۆتای و بازنه‌ی شه‌قامه ٣٨ كیلۆمه‌ترییه‌كه به‌یه‌كجار ته‌واو ده‌بێت.
به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێر كه‌وته واری جێبه‌جێكردنه‌وه. ئه‌و شه‌قامه شه‌شه‌مین شه‌قامه كه به مه‌ودایه‌ك دووری و به بازنه‌یی، به‌ده‌وری قه‌ڵای هه‌ولێردا ده‌سووڕێته‌وه. ١٢٠ مه‌تری، كیلۆمه‌ترێك دوورتری 100 مه‌ترییه و به چه‌ند مه‌ترێك پانتر له‌و شه‌قامه، جیا له دوو سایده سه‌ره‌كییه پانه‌كه‌ی، به سایدێكی خزمه‌تگوزاری ده‌سته ڕاستییه‌وه، باوه‌شی به هه‌ولێردا كردووه.
ئێسته كه زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان ته‌نگژه‌ی دارایی په‌كی خستوون، ئه‌و پڕۆژه‌یه له كاره‌كانی به‌رده‌وامه و به تێچوویه‌كی زه‌به‌لاحه‌وه له به‌شی سێیه‌م و كۆتایه‌كه‌ی كار ده‌كرێت. له جێبه‌جێكردندا شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، دابه‌شی سێ به‌ش كراوه و دوو كۆمپانیا ڕۆی ده‌نێن. به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامه‌كه ١١ كیلۆمه‌تری چه‌ماوه‌یی ڕێی سه‌ره‌كیی كه‌ركووك تا ڕێی مووسڵ بوو. ئه‌و به‌شه كۆمپانیای "ئجكله‌ر"ی توركی ته‌واوی كرد. دوو به‌شه چه‌ماوه‌كه‌ی تریش یه‌كیان ١٦ كیلۆمه‌تره و له ڕێی سه‌ره‌كی مووسڵ تا ڕێی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌یه و ته‌واو بووه، له‌وێشه‌وه ١١ كیلۆمه‌تره‌كه‌ی كۆتای تا ڕێی كه‌ركووك به‌شی سێیه‌مه و كۆمپانیای ناوخۆیی "هێمن گرووپ" جێبه‌جێی ده‌كات كه تێچووه‌كه‌ی ١٤٧ ملیۆن دۆلاره.
ئه‌میر عه‌بدلخالق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ڕێگه له هێمن گرووپ، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه كاره‌كان به‌رده‌وامه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌ك به‌شی دووه‌می شه‌قامه‌كه به‌ر له واده‌ی خۆی ته‌واوی بكه‌ن كه واده‌كه‌ی هه‌زار و ٢٥٠ ڕۆژه. ئه‌و بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "له كۆتای ئه‌و مانگه شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه به شه‌قامی سه‌ره‌كی كۆیه ده‌به‌سترێته‌وه كه كاره‌كانی ته‌واو بووه و ده‌كرێته‌وه".
ئه‌و به‌شه كه نزیكه‌ی چوار كیلۆمه‌تر و نیوه، به‌لای هاتوچۆوه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. فازڵ حاجی گوته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌و به‌شانه‌ی تری شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری كه كراونه‌ته‌وه، ڕۆڵێكی وای نه‌بووه له ڕووی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغییه‌وه، چونكه به به‌راوردی ئه‌و به‌شه‌ی به‌و نزیكانه ده‌كرێته‌وه شوێنی نیشته‌جێی كه‌مه و به "وشه" ده‌ڵێ "به‌شی ڕێی شه‌قڵاوه تا شه‌قامی كۆیه، قه‌ره‌باڵغی ١٠٠ مه‌تری كه‌م ده‌كاته‌وه كه به‌رده‌وام له شه‌قامی شه‌قڵاوه تا شه‌قامی كۆیه ئۆتۆمبێل تێیدا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه".
جیا له‌وه، شه‌قامی سه‌ره‌كیی كۆیه كه پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێی زۆره، به‌رده‌وام قه‌ره‌باڵغه و یوتێڕنه‌كانی به یه‌كجار هاتوچۆی خنكاندووه، به كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ١٢٠ مه‌تری، ئه‌ویش چاره ده‌بێت و دیزاینی پڕۆژه‌كه به جۆرێكه سووڕانه‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری. بۆیه حاجی ده‌ڵێ، "ته‌واوبوونی ئه‌و به‌شه له‌ڕووی هاتوچۆوه زۆر گرنگه".
ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی ١٢٠ مه‌تری بكرێته‌وه، ته‌نیا گرێدانی شه‌قامه‌كانی كۆیه و كه‌ركووك ده‌مێنێته‌وه. مه‌وداكه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش كیلۆمه‌تر و نیوه و كاری خۆڵكاری تێدا كراوه. ئه‌میر عه‌بدلخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ڕێگه له گرووپی هێمن دووپاتی ده‌كاته‌وه، "له كۆتای ئه‌مساڵ به‌شی كۆتای شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ته‌واو ده‌كه‌ین".
هه‌ڵبه‌ت جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه جگه له گرفته‌كانی وه‌ك بۆڕی ئاو، ڕاگری كاره‌با، هێڵه‌كانی پێوه‌ندی كه ته‌واوبوونی به‌دواخستووه، به‌هۆی زیاده‌ڕۆیی و باڵه‌خانه و هه‌ندێك زه‌وی خه‌ڵكی كه به‌ر پڕۆژه‌كه كه‌وتن، هێنده ئاسان نه‌بووه.
تاهیر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر "به"وشه"ی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی هه‌ولێره و ده‌بێت به‌و دیزاینه‌ی هه‌یه، جێبه‌جێ بكرێت. چونكه به‌گوته‌ی ئه‌و "هیچ سه‌رپێچییه‌ك، یا موڵك و باڵه‌خانه، نابێت به ڕێگری ئه‌و پڕۆژه‌یه و هه‌رچیه‌كیش هه‌بێت، هه‌ڵیان ده‌گرین".
شوان یوسف به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنیكی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر ئاماژه به هه‌ڵگرتنی چه‌ند شوێنێكی زیاده‌ڕۆی سه‌ر پڕۆژه‌كه ده‌دات و ده‌ڵێ، هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌ك ببێت به به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گشتی، به پشتبه‌ستن به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵده‌گیرێت و ئه‌گه‌ر موڵك بێت قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه. شوان بۆ "وشه" دووپات له نه‌گۆڕینی دیزاینه‌كه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، "دیزاینی پڕۆژه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
هه‌ر له سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ئه‌ندازیار سه‌رتیپ سابیر قادر سه‌رپه‌رشتیاری شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری به"وشه"ی راگه‌یاند، "له به‌شی سێیه‌م و كۆتا، له‌لای پردی بنه‌سڵاوه زیاده‌ڕۆیی هه‌بوون و هه‌ڵگیران".
ئێسته شه‌قامی بازنه‌یی ١٢٠ مه‌تری شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌ركووك و مووسڵ و له‌وێشه‌وه تا ده‌گاته‌وه شه‌قامی شه‌ڵاوه به یه‌كتره‌وه به‌ستووه‌ته‌وه و كراوه‌ته‌وه، له كۆتای ئه‌م مانگه‌یشدا ده‌گاته شه‌قامی كۆیه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه حه‌وت كیلۆمه‌تری به‌ستنه‌وه‌ی شه‌قامی كۆیه بۆ كه‌ركووكه كه به‌یه‌كجاری بازنه‌كه ته‌واو ده‌كات و ئه‌ویش له كۆتای ئه‌مساڵدا ته‌واو ده‌بێت.
شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قامی خێرایی ١٢٠ مه‌تری، به مه‌ودای ٣٨ كیلۆمه‌ترییه‌وه باوه‌ش به هه‌ولێردا ده‌كات و تێچووه‌كه‌ی ٤٥٠ ملیۆن دۆلاره. دیزاینی ئه‌و شه‌قامه خێرایه به شێوه‌یه‌كه بێ ترافیك له چوارڕیانه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌په‌ڕێته‌وه و ئه‌گه‌ر وه‌ك دیزاینه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێت، قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر كه‌متر ده‌كاته‌وه.
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید