بە بۆچوونی پێلێ ئەمساڵ كامە هەڵبژاردە مۆندیال دەباتەوە؟

:: AM:09:55:16/01/2018 ‌

پێلێ ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهان بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو هەڵبژاردەیەی ئەمساڵ جامی مۆندیالی رووسیا دەباتەوە ئاشكرا كرد.

پێلێ لە ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانیەتیی ریۆ دی جانێرۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرای كرد كە هەڵبژاردەی بەڕازیل ئەمساڵ ناسناوی مۆندیال بەدەست دێنێ.

پێلێ لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا 3 جار جامی مۆندیالی لە ساڵانی 1958، 1962 و 1970 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بەدەستهێناوە، ماوەیەكیشە باری تەندروستی تەواو نییە و چەند نەشتەرگەرییەكی بۆ كراوە.

هەڵبژاردەی بەڕازیل لە مۆندیالی رابردوو لەنێو خاك و جەماوەری لە قۆناغی پێش كۆتادا تووشی شكستێكی گەورە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە ئەنجامی 1-7 گۆڵ هاتبوو، دواتریش بۆ ریزبەندی سێیەم بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا دۆرا.

لەمبارەیەوە پێلێ رایگەیاند: هەڵبژاردەی بەڕازیل لە مۆندیالی رابردوو باشترین یاریزانی لەسەر ئاستی جیهان هەبوو، بەڵام هەڵبژاردەكە بەتەواوی رێك نەخرابوو و هەر لەبەر ئەمە لە یارییەكانی كۆتادا بەم ئەنجامە گەورانە دۆڕا.

زیاتر گوتی: تیتی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی بەڕازیل توانیویەتی هەڵبژاردەكە رێك بخاتەوە و ئێستا باشترین تیپی لەسەر ئاستی جیهان هەیە و پاڵێوراوی یەكەمی بردنەوەی جامی مۆندیالی رووسیایە.

لەبارەی تەندروستیشییەوە پێلێ رایگەیاند: سوپاس بۆ خوا ئێستا باری تەندروستیم زۆر باشە و سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم كە لە ماوەی رابردوودا لە هەواڵیان پرسیوم.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م