ڕۆژانە پێنج ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی كەركووك دەدزرێ

:: AM:10:08:16/01/2018 ‌

دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، نەوت لە كێگە نەوتییەكانی خەبازە و بابەگوڕگوڕ بە بەردەوامی دەردەهێنرێ، چەند گرووپێكی ناو میلیشیاكانی حەشد و گرووپە خیانەتكارەكە، بە هاوبەشی ڕەوانەی ئێرانی دەكەن و داهاتەكەیشی بەشی زۆری دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە و بەشێكیشی بۆ بەغدا دەچێ، بەڵام یەك دیناری بۆ كەركووك و كەركووكییەكان خەرج ناكرێت.

دزینی نەوتی كەركووك و بردنی بۆ ئێران
دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێكی ناو یەكێتی بوون بە هاوکاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كەركووكیان بەدەستەوە دا، پرسیاری سەرەكی چاودێران ئەوە بوو ئەو رووداوە بۆ رووی دا؟ زانیارییەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە، ناپاكەكانی ناو یەكێتی لە بەرانبەر نەوت، كەركووك و كەركووكییەكانی وەك قوربانییەك خستە بەردەمی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەڵام وردە وردە وەڵامەكە روون دەبێتەوە كە كورد و پرسە نەتەوەییەكەی و كەركووییەكان كران بە قوربانی گیرفان.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی نەوتی كەركووك دوای 16ی ئۆكتۆبەر و بڕی بەرهەم و چۆنیەتیی هەناردەكردنی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر هیچ بڕە نەوتێك لە كێڵگەكانی هاڤانا و بای حەسەن دەرنەهێنراوە، ئەو كێڵگانەی لەژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكورن كە بریتین لە خەبازە و بابەگوڕگوڕ وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەكات، گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە بۆ ڕاكێشانی بۆڕی نەوتی بۆ ئێران، بەبێ ئەوەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە، چونكە بە گوێرەی دەستووری عێراق دەبێ سیاسەتی نەوتی بە هاوئاهەنگی و هاوبەشی لە نێوان حكوومەتی ناوەند و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دابڕێژرێت.

عەسكەری كە لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەندامی ئەنجوومەنە، زیاتر گوتی، "هەرچی بەرهەمی نەوتی كێڵگەی نەوتی خەبازە و بابەگوڕگوڕە، بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر ڕۆژانە 150 تا 160 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهات و كۆمپانیای نەوتی باكور بەڕێوەی دەبرد، ئەو بڕە نەوتەیش بەشێكی بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ دەنێردرا، بەمەبەستی پاڵاوتن و دەرهێنانی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەشێكیشی بۆ ئێران دەڕۆیشت، ئێستەیش ئەو بڕە نەوتە هەر بەرهەم دەهێنرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتوون، ئێستە نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەی كەوروگۆسك له‌ هه‌ولێر نانێردرێ، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتێ بۆ ده‌چوو، 20 هەزاریش بۆ بازیان و 20ی تریش بۆ بەغدا، واتە كۆی گشتی 100 هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆ بەكارده‌هات، ئەوەی تریشی ڕەوانەی ئێران دەكرا یان بە پاڵاوگە نایاساییەكان دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئێستە زۆرینەی بەرهەمی نەوتی كێڵگەی خەبازە و بابەگوڕگوڕ بۆ ئێران لە ڕێی تانكەرەوە دەڕوات، بەشێكیشی بۆ پاڵاوگەی بازیان و بەشێكیشی دەچێتە بەغدا و دەپاڵێورێت.

كاوێز مەلاپەروێز ڕۆژنامەنووس و خەڵكی كەركووك كه‌ به‌ وردی به‌دواداچوونی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆخی شاره‌كه‌ی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی ئێستە لە كێڵگەكانی خەبازە و بابەگوڕگوڕ بەرهەم دەهێنرێت، بە ئاسایی و بە تانكەر بۆ ئێران دەڕوات و داهاتەكەیشی كەس نازانێ بۆ كوێ و بۆچی خەرج دەكرێت.

چۆنیەتیی ڕەوانەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران
ئەفسەرێكی باڵای پۆلیسی که‌رکووک، ڕێگە نهێنییەكانی هەناردەكردنی نەوتی كەركووكی بەشێوەیەكی نایاسایی ئاشكرا كرد، ئەو بۆ "وشە" دەڵێ، نەوتی كەركووك ئێسته‌ به‌ دوو ڕێگە هەناردە دەكرێن، رێگه‌یه‌کیان كە زۆرینەی نەوتی كەركووكی پێ هەناردە دەكرێ، لە ڕێی كۆمپانیای (سەنگاو) و چەند كەسێكی گرووپە ناپاكەكەی ناو یەكێتی دەبرێتە سلێمانی و لەوێشه‌وه‌ نازانین بۆ كوێ دەڕوا و چی بەسەر دێ و داهاتی ڕۆژانەی 3.6 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكاییە، رێی دووه‌م له‌ كەركووكەوە به‌ تانكه‌ر ده‌ڕوات به‌ خورماتوو و كفری و خانەقین و لەوێوە ئاودیوی ئێران دەكڕێت، له‌ شه‌قام ده‌گوترێت ئەو نەوتەیش لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە "میلشیای به‌در و لاهور جەنگی" دەبردرێ و ئەوان لێی بەرپرسن و كەس ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات.

سەرچاوەیەك لە كەركووك بۆ "وشە" گوتی، بە گشتی ڕۆژانە داهاتی نەوتی كەركووك نزیك دەبێتەوە لە پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایسی، بەڵام هەمووی دەدزرێ و دەچێتە گیرفانی حەشدی شەعبی و خیانەتكارەكانەوە.

داهاتی نەوتی كەركووك بۆ گیرفانی ناپاكەكان و بەغدایە
ئەو بڕە نەوته‌ی ئێستە لە كەركووك بەرهەم دێ، یەك دیناری بۆ كەركووك و كەركووكییەكان نییە، بەڵكو بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ میلیشیاكان و گرووپە ناپاكەكەی ناو یەكێتییە و ئەوەی تریش دەچێتەوە گیرفانی بەغدا، هیچ بڕێك لە داهاتی ئەو نەوته‌ لە شاری كەركووك و بۆ خزمەتی كەركووكییەكان خەرج ناكرێت. زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور به‌رمیلی به‌ "ته‌نیا 10 دۆلار" دێته‌ كڕین و دواتر مامه‌ڵه‌كانی تر بۆ قازانجی ئه‌و گرووپانه‌یه‌.

عیرفان كەركووكی ئەندامی توركمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك, بۆ "وشە" گوتی: دوای 16ی ئۆكتۆبەر ڕۆژانە لە كێڵگەكانی خەبازە و بابەگوڕگوڕ كە لە ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكورن، نزیكەی تا 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێ، بەشێكی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەكار دەهێنرێت و ئەوەی تریش بە گوێرەی ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێران و بەغدا بە تانكەر ڕەوانەی ئێران دەكرێت و كەس وردەكاری ڕێككەوتنەكە نازانێت.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە سلێمانی, بۆ "وشە" گوتی، داهاتی ئەو نەوتەی دەچێتە ئێران و دێتە سلێمانی، بۆ میلیشیاكان و ناپاكەكانە و دینارێكیشی لە كەركووك و كەركووكییەكان خەرج ناكرێ.

عیرفان كەركووكی ئاماژەی دا، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە نەوتی كەركووك بە بەرچاوی كەركووكییەكانه‌وه‌ بۆ ئێران دەڕوات و هیچ داهاتێك و دینارێكیشی بۆ شارەكە نییە، بەڵكو هەمووی دەچێتەوە بەغدا و بەغداش لە چوارچێوەی بودجەی عێراق بەشێكی كەم وەك خێر پێكردن بۆ كەركووك دەنێرێتەوە، واتە ئێستە نەوتی كەركووك بۆ ئێران دەڕوا و پارەكەیشی دەچێتە گیرفانی بەغدا و سوودی بۆ شاری كەركووك و خەڵكی كەركووك نییە.

گرووپی مافیایی نەوتی كەركووك بە تاڵان دەبەن
ئەندامێكی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، مافیاكان لە كەركووك نەوتی خاو بە تاڵان دەبەن و چەندان جاریش گیراون، بەڵام دەستی باڵایان لە پشتە و ئازاد دەكرێن و تۆمەتەكانیان بۆ سووك دەكرێت.

ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی عەرەبی, بە"وشە"ی ڕاگەیاند،  گرووپی مافیایی هەن و كاریان بە تاڵان بردنی نەوتە لە كەركووك، زۆر بە دواداچوون كراوە، خەڵكیش گیراون لەسەر تاڵانی نەوتی كەركووك، بەڵام دواتر دۆسیەكانیان ئاسان كراوە و گوتوویانە ئەوانە نەوتی خاویان بەتاڵان نەبردووە، بەڵكو تانكەرەكانیان بەنزینی تێدا بووە.

دووپاتی كرده‌وه‌ "خەڵكانێك هەن خۆیان و تانكەری پڕ لە نەوتی خاویان پێ گیراوە، كەچی دواتر كراوە بە نەوتی ڕەش یان قیر و ئازاد كراوە، هەموو ئەو باندە مافیاییانەیش نەوت بۆ ئێران بەشێوەی قاچاغ و دوور لە یاسا دەگوازنەوە". 

وشە/هەولێر-كەركووك-باز-محەمەد-فەرمان.


وشە - تایبه‌ت