بەغدا گورزێکی تری لە کەرکووک دا

:: PM:05:17:16/01/2018 ‌

پەرلەمانی عێراق دەنگی بە کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دا و بیانووی ئەو کارەیشی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت بوو، بە گوتەی پەرلەمانتار و نوێنەرانی كورد ئەو بڕیارە زیان بە پێگەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگەیەنێت. 

لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ١٠ کورسی درا و بۆ هەموو پارێزگاکانیش بەو شێوەیە دەبێت و پێوەست نییە بە گەورەیی و بچووکی پارێزگا و ژمارەی دانیشتووانەوە. 

نەدا مێرگەسووری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، کە بیانووی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکان، کەمکردنەوەی خەرجی و گەڕانەوەی بودجەی زیاتر بۆ حکوومەتی عێراق بووە. 

جیا لە دانانی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەو کارە مەبەستی سیاسی لە پشتە و بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. 

نەدا مێرگەسووری لەو بارەوە بە "وشە" دەڵێت، "لەمەودوا ئیستحقاقی هەڵبژاردن رۆڵی زیاتر دەبینێت، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. حاڵەتەکان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر جیاوازە، بەڵام بێگومان ئەو گۆڕانکارییە مەترسی زیاتری بۆ سەر کورد هەیە."

دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لەشکرکێشیی حەشد شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان، ئێستە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە دۆخی "نائاسایی" دان و بەشێک لە پارتە كوردییەکان بە ناوچە "داگیرکراوەکان" ناوی دەبەن. 

زۆرینەی سیاسیانی کورد دووپاتی دەکەنەوە لەو دۆخەدا ئەگەر کورد بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، "زیانی گەورە"ی بەر دەکەوێت. محەمەد کەمال ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هەمان بۆچوونی هەیە و باس لە دەسەڵاتی سەربازیی ئەو ناوچانە دەکات.
 
ئەو بە "وشە" دەڵێ، "ئێستە ئەو ناوچانە لەژێر دەستەڵاتی سەربازی دانە و داگیر کراون و لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، دۆخەکە بۆ کورد خراپتر بووە و بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگ و پێگەی کورد لە کەرکووک دەبێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری داوە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقی لە کەرکووک بایکۆت بکات و هۆیەکەیشی بۆ دۆخی ئێستەی ئەو پارێزگایە دەگەرێنێتەوە و وەک محەمەد کەمال باسی لێوە دەکات، ئێستە سەرکردایەتی پارتی بەشدار نەبوونیان لە ناوچەکانی دەشتی مووسڵیش بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێ دەکەن. 

پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاگان، یەک لەو پرۆژانەیە، کە تا ئێستەیش لە ناو پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ و پەسند نەکراوە. 

هەولێر/ کاوە جەم 








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل