یەکەم: سەربردەی مەحموود دەروێش

:: PM:11:57:17/01/2018 ‌
کاتێ باسی گەورەیی و کاریگەریی شاعیری مەزنی عەرەب"موتەنەببی"(915 - 965)دەکرێ، دەگوترێ "شاعر ملا الدنیا و شغل الناس" ، واتە شاعیرێک کە دنیای پڕکردەوە و خەڵکی بەخۆیەوە خەریک کرد، ئەگەر لە دنیای تازەی شیعری عەرەبیدا یەکێک هەبێت ئەم گوتەیەی بەسەردا بچەسپێ، ئەوا بێ سێ و دوو ئەو کەسە "مەحموود دەروێش"ی شاعیرە.

مەحموود دەروێش هەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ماوەیەکی کەم بەر لە مەرگیشی لە نووسینی شیعر و خۆتێپەڕاندن لە دنیای داهێنانی شیعریدا بەردەوام بوو. ئەو سەرەتا وەک شاعیری بەرەنگاری دەرکەوت، بەحوکمی ئەوەی لەناو خاکێکی بریندار دەڤەرێکی پڕ کۆچ و مەرگەساتدا چاوی هەڵێنا و بە نەبوونی و ڕەنج و ئەشکەنجە و لە خێزانێکی کەمدەرامەتدا هۆش و گۆشی کرایەوە، ڕۆحی تووڕەیی و گیانی بەرەنگاری بوونە دوو ئەدگاری شیعرە سەرەتاییەکانی. ئەو هێشتا تەمەنی چواردە ساڵان دەبێت، کە لە فێستیڤاڵێکی قوتابخانەی دەیرولئەسەد شیعرێک دەخوێنێتەوە دەبێتە مایەی سەغڵەتبوونی حاکمی عەسکەریی ئەوێ و دوای ئەوەی حاکمەکە بانگی دەکات، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکات ئەگەر جارێكی تر شیعری وا بنووسێت، باوکی لەسەر کارەکەی لادەبەن. 

مەحموود دەروێش هەر لە مناڵییەوە خولیای وێنەکێشان بوو، بەڵام لەبەرئەوەی باوکی توانای ئەوەی نەبوو کەرەسەکانی وێنەکێشانی بۆ بکڕێت، ئیتر ڕووی کردە شیعرنووسین. چونکە هەر لە منداڵیشەوە چێژی ئاوارەیی و بێ داڵدەیی و پەنابەریی چەشت، ئازاری بەسوێی بێ نیشتمانی و بێئەنوایی بووە هەوێنی بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی. ئەو تەمەنی شەس ساڵان بوو وەختێ لەساڵی 1947دا دوای ئەوەی دێهات و شارۆکەکانیان کەوتنە بەر هێرش و وێرانکردن، لەگەڵ هەزاران فەلەستینیی تردا ڕێی باشووری لوبنان دەگرنە بەر  و لەوێ بۆ یەکەم جار لەو تەمەنەدا ئەزموونی کۆچبەری و پەناهەندەیی تاقی کردەوە. 

مەحموود دەروێش لە تەمەنی دوانزدە ساڵییەوە دەست بە شیعرنووسین دەکات و لە هەژدە و نۆزدەساڵیدا یەکەم دیوانی خۆی بەناوی"چۆلەکە بێباڵەکان"ەوە لە چاپ دەدات. ئەم دیوانەی کۆمەڵێک شیعری سەرەتایی ئەو لەخۆ دەگرێت، کە کەفوکوڵ و جۆشوخرۆشی سیاسی زاڵە بەسەریاندا و کاریگەریی شاعیرانی بەرەنگاریی عەرەب و جیهانی پێوە دیارە، بەڵام کۆمەڵێک شیعری غەزەلیشی تیایە، کە بەئاشکرا کاریگەریی نزار قەببانییان پێوە دیارە و خۆیشی نکووڵیی لەم کاریگەرییە نەکردووە.  

مەحموود دەروێش دوای ئەوەی خوێندنی سانەوی تەواو دەکات، لەگەڵ کەسانی خێزانەکەیدا لە ساڵی 1960 دا دەچنە حەیفا و لەوێ لە دێی ئەلجەدیدە نیشتەجێ دەبن. هەر لەو ماوەیەدا لە ڕۆژنامەی"ئیتیحاد" و گۆڤاری"ئەلجەدید"دا کار دەکات، کە زمانحاڵی حیزبی کۆمۆنیست دەبن. لەنێوان ساڵانی 1961 و 1965یشدا دوو جار زیندانی دەکرێ و دواتریش دەخرێتە ژێر ئیقامەی جەبرییەوە. 

لەساڵی 1964 دا دیوانی"گەڵا زیتوونەکان" چاپ دەکات، دیسانەوە ئەم دیوانەyشی پڕە لە ڕۆحی تووڕەبوون و ڕووبەڕووبوونەوە و بەرجەستەکردنی ئێشوئازارەکانی خەڵکانی هەژار و ڕەنجدەر و چەوساوە. گەرچی لەم دیوانەدا بەرەوپێشچوونێک دەبینین لەڕووی ڕیتمی شیعرییەوە. یەکێک لە شیعرەکانی ئەم دیوانەش"ناسنامە"ەیە کە تێیدا دەڵێت"بنووسە من عەرەبم" و  زۆر دەنگی دایەوە و وای لێ هات کەوتە سەر زمانی زۆربەی خوێنەران و خوێندکاران و هەوادارانی مەحموود دەروێش و وەک مۆرکێک پێوەی نووسا، گەرچی لە یەکێک لە گفتوگۆکانی ئەم کتێبەدا، شاعیر ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بەم حاڵەتە دەردەبڕێت لەوەی ژمارەیەکی زۆری خوێنەر تەنیا لەڕێی ئەم شیعرەیەوە دەروێش دەناسێت و حوکمی بەسەردا دەدات. بەڵام زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانەی لە مانیفێستی سیاسی دەچوون بۆ ئەو ڕۆژگارە. هەر بۆ نموونە، ئەو لەم دیوانەدا وا باس لە شیعر دەکات:

شیعرەکانمان بێڕەنگن
بێتام و بێدەنگن
گەر لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ چرا هەڵنەگرن
گەر چی خەڵکی سادەیە لێیان تێنەگا
وا چاکترە بیاندەینە دەم با 
خۆشمان خامۆش بین.
گەر ئەم شیعرانەم دەبوونە ئەسکەنە
لە دەستی ڕەنجدەرا
گەر دەبوونە نارنجۆک 
لە دەستی خەباتگێڕا
گەر ئەم وشانەم
گەر ئەم شیعرانەم دەبوونە گاسن
لە دەستی جووتیارا

مەحموود دەروێش بۆ یەکەم جار سەفەر دەکات بۆ دەرەوەی فەلەستین، لە ساڵی 1971 دا دەبێت. وەختێ دەڕوات بۆ یەکێتیی سۆڤێت و لەوێ دەبێت بە خوێندکاری پەیمانگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام تەنیا ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە. دوای ئەوە دەچێت بۆ قاهیرە و لەوێ ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب"محەمەد حەسەنێن هەیکەل" پێشوازیی لی دەکات و لەلای ڕۆژنامەی ئەهرامەوە جێوڕێی بۆ دابین دەکات و ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی نووسەرانێکی گەورەی وەکو نەجیب مەحفووز و تۆفیق حەکیم و یوسف ئیدریس و ڕەجا‌و نەققاش بناسێت. ئەو کاتێ باس لەم قۆناغەی خۆی دەکات بە حەسرەتەوە باسی ئەوە دەکات کە لەو ماوەیەیدا لە قاهیرە نەیتوانیوە نووسەری گەورە تەها حوسەین و هونەرمەندی گەورە ئوم کەلسووم ببینێت، بەڵام توانیویەتی محەمەد عەبدولوەهاب و عەبدولحەلیم حافز ببینێت. هەروەها لەناو شاعیرانیشدا لەوێ، پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سەڵاح عەبدولسەبوور و ئەمەل دنقل و ئەحمەد حیجازیدا هەبووە.
پاش قاهیرە، مەحموود دەروێش ڕوودەکاتە بەیرووت و تا ساڵی 1982 لەوێ دەمێنێتەوە. بەیرووت، کە ئەو دەمە مەکۆی ئەدیبان و شعیران و ڕۆشنبیران بووە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروێش کردووە و ئەویش خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ ئەو شارە هەبووە.

لە ساڵانی ژیانی لە بەیرووتدا گۆڤاری"کاروباری فەلەستینی" دەردەکات و دەبێتە سەرنووسەری. هەروەها لە ساڵی 1981 دا یەکەم ژمارەی گۆڤاری"کەرمەل" دەردەکات، کە گۆڤارێکی تایبەت دەبێت بە ئەدەب و ڕۆشنبیری. بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە، کا کارێکی زۆر لەسەر دەروونی دەکات، بەیرووت جێدێڵیت و لەکاتێکدا خۆی لە پاریس دەبێت، بە هاوکاریی شاعیری بە ڕەچەڵەک کورد"سەلیم بەرەکات"، کە ئەو دەمە لە قوبرس دەبێت، گۆڤارەکە لە قوبرس دەردەکات. پاش ئەوەش لە ڕامەڵڵا، تا دواجار لەساڵی 2007 دا لە دەرچوون دەوەستێت. دوای کۆچی دوایی ئەو و لەساڵی 2009 دا دواژمارەی لێ دەردەچێت کە تایبەتە بە مەحموود دەروێش خۆی. لەڕاستیدا ئەم گۆڤارە یەکێکە لەو گۆڤارە سەنگینانەی کە لەودەمەدا دەرچوون.

سەبارەت بە ژیانی سیاسیی مەحموود دەروێشیش، ئەو لە سەرەتای لاوییدا چووە ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی ئیسرائیلەوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەو حیزبەدا کاری کرد و بە دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانبار کرا و چەند جارێک دەسبەسەر کرا و زیندانی کرا و تا دواجاریش خرایە ژێر ئیقامەی جەبرییەوە. 

ئەو هەر لە سەرەتای شیعرنووسینییەوە بە شاعیری بەرەنگاری و شاعیری فەلەستین ناوبانگی دەرکرد. دەبێ ئەوەیش بڵێین، کە ئەو کاتی خۆی زۆر لە یاسر عەرەفاتەوە نزیک بوو و تا گەیشتە ئەوەی عەرەفات لە ساڵی 1988دا زۆری لێ کرد ببێتە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین. مەحموود دەروێش دواتر خۆی لە چەند شوێنێکدا ئەوەی درکاندووە, کە لە دڵەوە ئەوەی پێ خۆش نەبووە، چونکە هەستی کردووە ئەوە کارێکە لەگەڵ شاعیربوونیدا ناگونجێت، بەڵام وەکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی پێنج ساڵێک ئەو کارەی کردووە تا پاشان ژیانی بۆ شیعر تەرخان بکات.




وشە - ژیڤان خۆرانی