نه‌دا مێرگه‌سۆری په‌رله‌مانتاری عێراق و بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هۆی په‌رته‌وازه‌یی كورد له به‌غدا له ئه‌ستۆی هه‌ندێك لایه‌نی كوردییه. دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه بوونه‌ته رزگاركه‌ری عێراق و نابن به‌هۆی به‌هێزیی كوردستان، له كاتێكدا له‌ناو حكوومه‌تی هه‌رێم پشكدارن له هه‌موو شتێك‌دا".
مێرگه‌سۆری نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێ له ناته‌باییی كورد و ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه داهاتووی عێراق هیچ روونییه‌كی تیادا نییه و شیعه‌یش هه‌رگیز وه‌ك ئێسته په‌رته‌وازه نه‌بووه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، "كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كوردیش ئێسته په‌رته‌وازه‌یه و سوننه‌یش ده‌ترسن به‌هۆی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌گات به په‌رله‌مان".
وه‌ك ئه‌زموونی په‌رله‌مانتاری له به‌غدا، داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق چۆن ده‌بینی؟
داهاتووی سیاسیی عێراق ناڕوونه و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام، عێراقی له‌سه‌ر بنیات نرایه‌وه، پشتگوێ خراون و كاریان پێ ناكرێت، پره‌نسیپی سازانی سیاسی و هاوسه‌نگی نێوان پێكهاته‌كان كاری پێ ناكرێت و چه‌مكی زۆرینه بووه‌ته ئامرازی حوكمكردن له عێراق، زۆرینه‌ی شیعی قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتا ده‌كات.
ئه‌و دیموكراسییه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا تامه‌زرۆیی بوون له عێراقی دوای (2003) پێڕه‌وی بكه‌ن، جێی بۆ تاكڕۆیی و حوكمی تاكه‌لایه‌نه‌ی شیعه چۆڵ كردووه، ئه‌وه‌ش به‌ره‌و دیكتاتۆریمان ده‌بات، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هێزی چه‌كداری ناده‌ستووری بوونیان هه‌یه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تدا نین و عێراق پڕه له هێزی میلیشیایی كه بوونه‌ته مه‌ترسی بۆ داهاتوو، چونكه ئه‌م هێزه ناده‌ستوورییانه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق له 12ی ئایاری داهاتوو به‌شدار ده‌بن و كه‌سه یه‌كه‌مه‌كانیان پێ ده‌چێت ده‌نگی زۆرینه‌ی شه‌قامی شیعی به‌ده‌ست بێنن و ببن به زۆرینه و حكوومه‌تی داهاتوو پێك بێنن، ئه‌مه‌ش به راستی زه‌نگی مه‌ترسییه بۆ داهاتووی عێراق. وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكاش باش له‌م مه‌ترسییه تێده‌گه‌ن و چه‌ندان جار نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان له‌و رووه‌وه راگه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌مه راستیی ئێسته و داهاتووی عێراقه.
پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن وه‌ك بڕیارى لێ دراوه ده‌كرێت, پێگه‌ی كورد چۆن ده‌بینن بۆ داهاتوو، یان به‌پێی ئه‌زموونی تۆ كورد چى بكات باشه؟
مشتومڕی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ناو په‌رله‌مان زۆری خایاند، به‌ڵام له دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سوننه‌كانیش ناچار بوون رازی بن به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت، هه‌رچه‌نده سوننه له داهاتووی خۆیان نیگه‌رانن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ دێنن، نوێنه‌رایه‌تیی راسته‌قینه‌ی سوننه نه‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش ناوچه‌كانیان حه‌شدی شه‌عبی تێدایه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناوچه‌كانیان وێران بووه و ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه و رێژه‌یه‌كی زۆری ئاواره‌كانیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان، گله‌یی ئه‌وه‌یشیان له عه‌بادی هه‌یه كه ئه‌ركی خۆی به‌رانبه‌ر به سوننه به‌جێ نه‌گه‌یاندووه.
به‌داخه‌وه كورد په‌رته‌وازه‌یه، ئه‌م په‌رته‌وازیییه كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌مان له به‌غدا، روونیشه هۆی ئه‌م په‌رته‌وازیییه ئه‌و لایه‌نه كوردییانه‌ن كه سیاسه‌تێكی دووفاقی ده‌كه‌ن. ئه‌وانن بۆ بێ هێزكردنی هه‌رێم و حكوومه‌ته‌كه‌ی، رازین هه‌ر كارێك بكه‌ن. ئه‌م جۆره هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان به گشتی. بۆیه ئه‌وه‌ی پێوسته له‌سه‌ر كورد بیكات، ئه‌وه‌یه یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ بێت له به‌غدا، جا با له كوردستان هه‌زار ده‌نگ بێت، به‌ڵام پێویسته بۆ پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی گه‌لی كوردستان یه‌كده‌نگ بن، نه‌ك هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سازێك لێ بدات و ژێر به‌ژێر رێككه‌وتن بكه‌ن و پلان دابڕێژن و خاك و نه‌ته‌وه و ناوبانگ و به‌رژوه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان هه‌رزانفرۆش بكه‌ن. هێشتا زووه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین كورد هاوپه‌یمانی بكات یان نا، یان له‌گه‌ڵ كام لایه‌نی شیعی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت، به‌ڵام پێویسته به چاوكراوه‌یی بڕوانێـته داهاتووی عێراق.
كه‌واته هه‌ر شیعه سوودمه‌نده، باشه كورد بۆچی به‌م رۆژه گه‌یشت؟ چی بكات بۆ داهاتوویه‌كی باشتر؟
هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێسته ناوماڵی شیعی په‌رته‌وازه نه‌بووه، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه ئێسته ناوماڵی كوردیش په‌رته‌وازه‌یه، ئۆباڵی ئه‌وه‌یش له ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان كوردیان گه‌یاند به‌و ئاسته و هۆكار بوون بۆ زۆر له‌و رووداوانه‌ی له (2014)ـه‌وه تا ئێسته روویان داوه و بوونه‌ته رزگاری عێراق، به‌ڵام ئاماده نین ببن به رزگاركه‌ر و پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێم، له كاتێكدا هه‌موویان پشكداری باشی و خراپییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ن، به‌ڵام شان ناده‌نه به‌ر ئه‌و به‌رپرسیارێتی، هه‌رچه‌نده خۆیشیان بێ جیاوازی پشكداری هه‌موو ئه‌و ته‌نگژانه‌ن كه به‌رۆكی هه‌رێمی گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ى دیاره و ڕوونه، به‌شدارى نه‌كردنى كورده به‌یه‌ك لیست له هه‌ڵبژاردنى كه‌ركووك, زیانی ئه‌مه بۆ داهاتووى كورد له‌و شاره چییه؟
بۆچوونم وایه به‌شداربوونی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك، شه‌رعیه‌تدانه به كارێكی ناشه‌رعی و ناده‌ستووری كه حكوومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر پارێزگای كه‌ركووك و هاووڵاتییانی شاره‌كه ئه‌نجامی داوه.