مەسروور بارزانی: ئێران ڕێی نەدا دەزگەی بارزانی هاوكاری بگەیەنێتە كوردانی ڕۆژهەڵات

:: AM:11:55:05/02/2018 ‌
سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگه‌ی خێرخوازی بارزانی ئاشكرای كرد، داوا له‌ لایه‌نه‌ پێوه‌نداره‌كان ده‌كه‌ین، ئاسنكاری بكه‌ن، تا كۆمه‌ك له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی خێرخوازی بارزانی بگه‌یه‌نرێته‌ ئاواره‌كانی عه‌فرین، هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، له‌ كاتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ڕۆژهه‌لاتی كوردستان، ئێران ڕێگه‌ی نه‌دا ده‌زگه‌ی بارزانی كۆمه‌ك بگه‌یه‌نێته‌ خه‌ڵكی ئه‌و دیوی سنوور پێ.

ئەمڕۆ دووشەم مەسروور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنفڕانسی ساڵانەی كار و چالاكییەكانی دەزگە وتارێكی پێشكەش كرد و ئاشكرای كرد، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی ماڵێكە بۆ هەمووان و بەردەوام دەبێ لە هاوكاری ئاوارە و لێقەوماوان، داوایش دەكەین ئاسانكاری بكرێ تا دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بتوانێ هاوكاری بگەیەنێتە خەڵكی سڤیلی عەفرین.

مەسروور بارزانی گوتی، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، لە فەرموودەیەكی مەلا مستەفای بارزانی سەرچاوەی گرتووە كە دەڵێ "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میلەتی خۆی بێ"، مستەفا بارزانی هەموو لە هەموو ژیانی خۆی هەوڵی دا خزمەت بە گەلەكەی و مرۆڤایەتی بكات، ئێمەیش هەوڵمان دا، دوای ئەویش ئەركی ئێمەیە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو مرۆڤە مەزنە بین و دەزگەیەك بەناوی بارزانی دابمەزرێنین، بۆیە لە 2005 لە ژێر فەرمان و ڕێنمایی سەرۆك بارزانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانیمان دامەزراند.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی دا، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، باوەشی بۆ هەمووان كردووەتەوە كە لە ترسی تیرۆر و هەڕەشەی كوشتن شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە كوردستان كردووە، ئەوانەی لە نەبوونی ئازادی ڕوویان لە كوردستان كرد، تا بە ئازادی لێرە بژین، دەزگەی بارزانی بە هانای هەمووانەوە دەچێ كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە، بێ جیاوازیی ئاینی و مەزەوی و بیروبۆچوونی سیاسی.

سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لەسەر دۆخی ئاوارەكانی عەفرین گوتی، داوا لە لایەنە پێوەندارەكان دەكەین، ئاسانكاری بكەن تا دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بتوانێ هاوكاری پێشكەشی خەڵكی سڤیلی عەفرین بكات، هاوكات لە كاتی بوومەلەرزەكەی گەرمیان و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبەر دەزگەكە هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە و خەڵكی ئاوارەبووی شاری كەركووك و خورماتووی كرد، هەرچەندە دەزگەكە داوای كرد، هاوكاری پێشكەشی خه‌ڵكی ئه‌و دیوسنووریش بكات لە كاتی بوومەلەرزەكەی ساڵی ڕابردوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێیان پێ نەدان.





وشە - باز ئه‌حمه‌د