یەكێك لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر پەشیمان دەبێتەوە.. نهێنییەكی تر ئاشكرابوو

:: PM:09:47:06/02/2018 ‌
لەسەر خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر ئاراس جەنگی یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی پەیامێكی جیاواز بڵاو دەكاتەوە و ڕای گەیاند، بەڵێن درابوو كە هەنگاوی ڕژد بۆ بارودۆخی خەڵكی كەركووك بنرێت، بەڵام تا ئێستە هیچ لەو هەنگاوانە بەدی ناكرێت.

لە پەیامێكدا كە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە ئاراس جەنگی یەكێك لە بنەماڵەی تاڵەبانی ڕای گەیاندووە، دوای گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچەكانی تر بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئیتیحادی بەڵێن درابوو كە هەنگاوی ڕژد بۆ بارودۆخی خەڵكی ئەو ناوچانە بنرێت، بەڵام تا ئێستە هیچ لەو هەنگاوانە بەدی ناكرێت.

ئاراس جەنگی كە بەیەكێك لە بكەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دادەنرێت رای گەیاندووە، پۆستی پارێزگاری كەركووك پشكی یەكێتییە و تا ئێستە یەكلای نەكراوەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو هەنگاوانە جێبەجێ‌ نەكرێن، ئەوا بە قسەی خۆی " كاردانەوەی ڕژدیان دەبێت".

ئاراس دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەنگاوەكان سستن لەبارەی كەركووك و ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد.

رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر  میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بەناپاكەكانی ناسراون هێرشیانكردە سەر كەركووك و داگیریانكرد لەو كاتەوە تا ئێستە شارەكە بەداگیر كراوی ماوەتەوە و دۆخی تەناهی و كۆمەڵایەتیشی بەتەواوی تێكچووە.

خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆست و دەستكەوتی تایبەتی خۆیان كەركووكیان رادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، بەڵام وەك خۆیان باسی دەكەن بەغدا بەڵێنەكانی بۆ جێبەجێ‌ نەكردوون.

خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كاردانەوەی توندی ناوخۆی و دەرەوەی لێ‌ كەوتەوە تەنانەت هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانی ناو یەكێتی خیانەتكارانیان بە "كاڵفام" و "فەیسبووكباز" ناو برد.





وشە - وشه‌