نەوتی كەركووك ئێران و رووسیا لە عێراق نزیكتر دەكاتەوە

:: PM:06:31:10/02/2018 ‌

دوور لە خاوەنداریەتی مێژوویی شارەكە كە ناوچەیەكی كوردستانییە، بە درێژایی مێژوو نەوتی كەركووك بووەتە جێی چاوتێبڕینی ناوخۆیی لە نێوان پێكهاتەكانی تری عێراق بەتایبەتی عەرەبی سوننە و توركمان و دەرەكی لەلایەن ئێران و توركیا و زلهێزەكانیتر وەك بەریتانیا و ئەمەریكا و رووسیایشەوە، لە سێپتێمبەری پارساڵ هێزەكانی عێراق بە پاڵپشتیی ئێران هەڵمەتێكی سەربازیان بۆ سەر كەركووك ئەنجام دا و كۆنترۆڵیان كردەوە و ئێستەیش خەریك پڕۆسەیەكی رێكی تەعریب و پاككردنەوەی ناوچەكەن لە هەر باڵادەستییەكی كورد، جگە لەوەیش ئەوان خەریكی پاككردنەوی سنوورەكانن تا دەگات بە ئێران و ئەوانەیش ئامانجێكی ئابووری لەپشەوەیە.

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا ئێران ئەو شتەی دەست دەكەوێت كە لە بەرانبەر دەستگرتنەوەی عێراق بەسەر كەركووك لە كورد رەنگە بەڵێنی پێ درابێت یان چوارچێوەی پلانێكی ئامادەكراو بۆ ئەو مەبەستە بێت؟.

"عێراق رێگەكە بەرەو ئێران پاك دەكاتەوە"، ئەوە ناونیشانی وتارێكی خاتوو ماریانا بیلینكایایە لە رۆژنامەی "كۆمیرسانت" لە بارەی ئەوەی بەغدا ناچارە بۆ وەستاندنی هەناردنی نەوتی كەركووك بەرەو كرمانشان تا كاتی پاككردنەوەی رێگەكە.

لە وتارەكەدا هاتووە، ئێستە سوپای عێراق خۆی بۆ پاككردنەوەی ناوچەی سنووری لەگەڵ ئێران پاك دەكاتەوە بە مەبەستی مسۆگەركردنی گواستنەوەیەكی ئارامی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك بەرەو ئێران، لەو كاتەی لە ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك كەوتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا لە ئەنجامی هەڵمەتێكی سەربازی و كردەكەیش بە بەشداری و پلانی سوپای پاسدارانی ئێران هات لە دوای چەند هەفتەیەك لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق. 

لە 10ی دیسێمبەری رابردوو عێراق و ئێران رێككەوتننێكیان بۆ هەناردنی نەوتی كەركووك بەرەو پاڵاوگەی كرمانشای ئێرانی واژوو كرد و بەر لە سازكردنی رێككەوتننەكەیش بە ماویەكی كورت، وەزارەیت نەوتی عێراق بنیاتنانی هێڵێكی لوولەی نەوتی لە كەركووكەوە بەرەو بەنەدەری جەیهانی توركیا رای گەیاند بە هاوتا لەگەڵ هێڵە كۆنەكە و بەو شێوەیەیش بەغدا ئەوەی بۆخۆی مسۆگەر كرد كە لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات و خۆی بەناچاری یەك لایەن وابەست نەكات، وەك لە وتارەكەدا هات.  

بەپێی شارەزایانی ئەلمۆنیتەر، ئەو هێڵە نەوتییە بەرەو ئێران وەك پاداشتە بۆ ئەو وڵاتە و دانەوەی قەرزە بۆی لە بەرانبەر بەشداریكردنی لە گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ دەسەڵاتی عێراق و ئەو كارەیش بۆ توركیا مایەی نیگەرانییە كە خاوەن دەسەڵاتە لە عێراق.

رسلان مامیدۆڤ، رێكخەری پڕۆگرامەكان لە ئەنجوومەنی رووسیا بۆ كارەوباری نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەكە دەڵێت، لەو رێگەوە بەغدا دەبێتە خاوەن بواری زیاتر بۆ هەناردنی نەوت و بنیاتنانی لوولە نەوت بەرەو ئێران مانای دەستبەرداربوونی لوولە نەوتی توركیا نییە و ئەو كارەیش ئەوەندە سیاسی نییە بەقەد ئەوەی براگماتییە.

زیاتر گوتی، ئەو پرسە بەر لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە و نوێیش نییە و لە چوارچێوەس ستراتیجیەتی ئێران بۆ فرەوانكردنی پێوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ عێراق دێت، بەتایبەتی لە سایەی ئەو بەربەرەكانییەی لەسەر بازاڕەكانی عێراق دروست بووە لە نێوان تاران و ئەمەریكا و ریاز لەو بارەوە. 

بڕیاربوو نەوتی كەركووك لە كانوونی دووەمی رابردوو بەرەو ئێران هەناردنی دەست پێ بكات، بەڵام دوا كەوت و هۆكارەكەیشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ هۆكاری تەكنیكی لێك درایەوە، لەو كاتەی میدیاكانی عێراق بە پرسی ئاسایشی رێگەكەیان بەستەوە لە ناوچە سنوورییەكانەوە.

لای خۆیەوە میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە دەسەڵاتدارانی عێراق یارمەتی كۆمپانیاكانی نەوتی رووسیا دەدەن كە لەو وڵاتەدا كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەهۆی ئەو رێككەوتننامەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژوویان كردوون.

بۆگدانۆڤ زیاتر گوتی، سەبارەت بە كۆمپانیاكانی رووسیا ئەوان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە كاركردن بەردەوامك دەبن، هاوكات هەموو ئەو كێشانەی بەكارخستن كە بەهۆی رێوشوێنەكانی سزایی بەسەر هەرێمی كوردستانەوە سەپێنراون، بە رێگەیەك لە رێگەكان چارەسەریان بۆ كراوە بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی عێراق كە بەو سەختییانە دەزانێت كە سەرمایەدارانی بیانی لەو وڵاتە رووبەڕووی دەبنەوە دەزانێت.

لە دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی لە 25ی سێپتێمبەری پارساڵ، پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر ئاڵۆز بوو و پەرلەمان و حكوومەتی عێراق چەندان رێوشوێنی سزاییان لە بەرانبەر هەرێمی كوردستان گرتە بەر و سزایان خستە سەر بانكەكانی و هەناردنی نەوتیان وەستاند و هاتوچۆی فڕۆكەوانیان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم وەستاند و رێگەی هاتوچۆی زەوینی لە نێوان عێراق و پارێزگاكانی هەرێم كێشەی تێكەوت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل