ئایا تۆ كه‌سێكی زوو و به‌رده‌وام توڕه ده‌بی و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خێزان و براده‌ره‌كانت گرفتت هه‌یه و هه‌مووان بێزارن لێت، به‌هۆی خێرا و زۆر توڕه‌بوونه‌كانت؟ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه وا بیر مه‌كه‌وه كه بێ چاره‌سه‌ره و ئه‌و خووه هه‌میشه له‌گه‌ڵت ده‌مێنێته‌وه و وازت لێ ناهێنێت، به‌ڵكوو چاره‌سه‌ری زۆر ئاسانی ئه‌و كێشه‌یه بوونی هه‌یه، خواردنه‌كان پێوه‌ندی پته‌ویان به میزاج و باری ده‌روونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، بۆیه به خۆراك ده‌توانی كۆتایی به توڕه‌یی بهێنێت و جارێكی تر ڕووت تێ نه‌كاته‌وه.
هه‌ندێ حاڵه‌تی توڕه‌بوون پێویست به نه‌بوونی نیكۆتین و كافایین و كهوول له‌به‌رده‌ستی كه‌سه‌كه و نه‌مان و لێبڕانی ئه‌و مادانه له جه‌سته وا ده‌كات به‌رده‌وام توڕه بن و بۆ بچووكترین شت، زۆرترین توڕه‌بوون پێشان بده‌ن، له هه‌ندێ حاڵه‌تی تریش دوودڵی و نیگه‌رانی و ناهاوسه‌نگی هۆرمۆن و بوونی كێشه‌ی گه‌وره و خه‌م وا ده‌كات زوو زوو توڕه ببن و خۆتان پێ كۆنتڕۆڵ نه‌كرێ و نه‌توانن به‌سه‌ر توڕه‌یی زاڵ بن.
شاره‌زایان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ندێ خۆراك هه‌ن یارمه‌تیده‌ری زۆر به‌هێزن بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست كێشه‌ی توڕه‌یی زۆره‌وه ده‌ناڵێنن، كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه.
یه‌كه‌م: مۆز، ئه‌وه ئاشكراكردنی نهێنییه‌ك نییه، له دێرزه‌مانه‌وه ئه‌وه باوه كه مۆز فشاری خوێن كه‌م ده‌كاته‌وه و میزاج زۆر خۆش ده‌كات و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ كه زۆر به ئه‌سته‌م تووڕه ببن، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌و جۆره كه‌سانه‌ن زوو توڕه ده‌بن، مۆز بكه‌ن به هاوڕێی خۆتان و به‌مشێوه‌یه به‌سه‌ر توڕه‌یی زاڵ ده‌بن.
دووه‌م: شۆكۆلاته، ئه‌گه‌ر دوای هه‌ر ژه‌مێكی خواردن، پارچه‌یه‌كی بچووكی شۆكۆلاته بخۆیت، ئه‌وا باشترین چاره‌سه‌ره بۆ ڕێگری له توڕه‌یی، شۆكۆلاته ماده‌یی كیمیایی پێویست به مێشك ده‌گه‌یه‌نێت و میزاج خۆش ده‌كات، به مه‌رجێك شۆكۆلاته‌ی تاڵ بێ و 70%ی كاكاو بێ، به‌مشێوه‌یه هیچ كات خۆت له دۆخێكی توڕه‌یی نابینێته‌وه.
سێیه‌م: توو، دژه ئۆكسیدی زۆر تێدایه و یارمه‌تیده‌ره له ئارام كردنه‌وه‌ی مێشك، له ڕه‌شبینی و نیگه‌رانی دوورتان ده‌خاته‌وه و یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێزه بۆ باشبوونی دۆخی ده‌روونی و ڕێگری له توڕه‌بوون.
چواره‌م: چه‌ره‌زات، خواردنی بڕی كه‌م كه‌می چه‌ره‌زات كه ڕێژه‌یه‌كی زۆری ترشه‌چه‌وری و ئۆمێگا3یان تێدایه، ده‌توانن ڕێگه له هه‌ڵچوون بگرن، زۆرێك له توێژینه‌وه‌كان دووپاتیان له گرنگی خواردنی چه‌ره‌زات به‌شێوه‌ی ڕۆژانه و به بڕی كه‌م كردووه‌ته‌وه، چونكه ده‌روون باش ده‌كات و ئاڵۆزییه‌كانی مرۆڤ ناهێڵێت.