ئه‌مڕۆ دووشه‌م، نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له قوتابیانی پۆله‌كانی 12ی ئاماده‌یی له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان، له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی كه‌لار له دژی هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك مامۆستا بۆ وه‌ستانی پرۆسه‌ی خوێندن گرد بوونه‌وه.
ژماره‌یه‌ك مامۆستا "وشه"یان له‌وه ئاگادار كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی كه‌لار، ژماره‌یه‌ك مامۆستا خۆیان به‌نیازی خۆپیشاندان بوون، ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌دا ژماره‌یه‌ك قوتابی كچ كه نوێنه‌راتیی قوتابیانی 12ی ئاماده‌یی ده‌كه‌ن، دژی ئه‌و هه‌وڵه، له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی كه‌لار گرد بوونه‌وه.
ئاورنگ محه‌مه‌د، وه‌ك یه‌كێك له نوێنه‌رانی قوتابیانی خۆپیشانده‌ر بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، ئێمه وه‌ك قوتابیانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی، تكا و داوا له مامۆستایانی به‌ڕێز ده‌كه‌ین، ده‌ست به ده‌وام بكه‌نه‌وه، چونكه كاتمان زۆر لێ ڕۆیشتووه و وانه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌رماندا كه‌ڵه‌كه بووه.
ئه‌و ده‌ڵێ،، ده‌مانه‌وێ هاوشێوه‌ی قوتابیانی بهكالۆریی ناوچه‌كانی تری كوردستان و عێراق، چارنووسمان نه‌فه‌وتێ و به نیگه‌رانییه‌وه باسی له‌وه كرد، بۆ ته‌واوكردنی وانه‌كانی وه‌رزی دووه‌م "ده‌بێت ئێمه مامۆستای تایبه‌ت وه‌ربگرین، له كاتێكدا له ته‌نگژه‌ی داراییداین".
شاگوڵ بورهان یه‌كێكی تر له قوتابیانی خۆپیشانده‌ر بۆ "وشه" پێداگری كرد: ئێم هبه زمانی تكا، داوا له مامۆستایان ده‌كه‌ین، چارنووسمان پێوه‌سته به ده‌وامی ئه‌وانه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن.
ئه‌وه‌شی گوت، زۆربه‌مان له توناناماندا نییه مامۆستای تایبه‌ت بگرین، با ناچار نه‌بین بیر له باركردن بۆ ناوچه‌یه‌كی تر كه خوێندن تێیدا ئاسایه بكه‌ینه‌وه.
قوتابیه‌كی تر كه پێی خۆش بوو ناوی بڵاو نه‌بێته‌وه، باسی له‌وه كرد، مامۆستا هه‌یه ناڕازاییه و خۆی به داكۆكیكاری خه‌ڵك ده‌زانێ، كه‌چی له‌گه‌ڵ بایكۆتكردندا وانه‌ی تایبه‌ت ده‌ڵێته‌وه.
دارا ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێمه داوامان له مامۆستایان ئه‌وه‌یه، دۆخی قوتابیانی به‌كالۆری له‌به‌رچاو بگرن، بۆ ئه‌وه‌ش له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستایانی ئه‌و قوتابخانانه‌ی بایكۆتیان كردوه كه به گوته‌ی ئه‌و "زۆر نییه".
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرینی