فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی كرانەوە

:: PM:04:04:13/02/2018 ‌

بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات دەستەی فڕۆكەوانی عێراقی قبووڵی كردووە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی دەست پێ بكاتەوە، بەڵام كاتی دیار نییە چ ڕۆژێكە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نووسراوێكی فەرمی هەیە بۆ دەستپێ كردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، گەشتەكان بۆ عومرەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ بۆ سعوودیە، بەڵام كاتەكەی تا ئێستە دیاری نەكراوە كە چ ڕۆژێك گەشتەكان دەكرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پێوەندی بە حەج و عومرەی عێراق دەكەین تاوەكو گەشتەكان بكرێت.

دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراق لە نووسراوێكی فەرمیدا ئاشكرای كردووە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رەزامەندی دا فڕۆكەكانی گواستنەوەی عومرەكاران لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و سلێمانی بفڕن و بنیشنەوە.

لەڕۆژی 29ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 18 بڕیار دژی هەرێمی كوردستان دەرچوو كە یەكێك لە بڕیارەكان بریتی بوو لە وەستانی گەشتی فڕۆكەخانەكان.



وشە - رامیار جەواد