خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. ریال و بەرشە سەرنجڕاكێشترین یانەن

:: AM:11:06:14/02/2018 ‌

یاریی هەردوو گەورە یانەی ئیسپانی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا سەرنجڕاكیشترین یارییەكانن بۆ هاندەرانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان، ئەم بەگوێرەی تۆژینەوەیەك كە كۆمپانیای (ستاب هاب)ی تایبەت بە فرۆشتنی بلیتی یارییەكان ئەنجامیداوە.

كۆمپانیاكە ئاشكرای كردووە: یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان ریال مەدرید و پاریس سان جێرمان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ زۆرترین فرۆشی بلیتی تێدا ئەنجامدراوە كە رێژەی 25%ی بلیتی سەرجەم یارییەكان بووە، دوای ئەویش یارییەكەی نێوان بەرشەلۆنە و چێڵسی بووە لەنێو یاریگەی كامپ نوو كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بێتە ئەنجامدان بە رێژەی فرۆشتنی بلیتی 23.5%.

هاندەرانی بەڕازیلی كڕیاری زۆرترین بلیتی یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و پاریس سان جێرمان بوونە كە 17%ی كڕیارانی بلیتەكانیان پێكهێناوە، ئەمەریكییەكانیش بە رێژەی 24% بلیتی یارییەكەی نێوان بەرشەلۆنە و چێڵسییان كڕیوە، بێگومان ئەمەش رێژەی گەشتوگوزار لە ئیسپانیا زیاد دەكات.

لەناوەخۆی ئیسپانیاشدا یارییەكەی نێوان ریال مەدرید پاریس سان جێرمان سەرنجڕاكیشترین یاریی بووە كە 57%ی بلیتەكانی یارییەكەیان كڕیوە، هەروەها كڕیارانی بلیتی یارییەكەی نێوان بەرشەلۆنە و چێڵسیش لەلایەن ئیسپانییەكانەوە برێتی بوونە لە 28%ی فرۆشتنی سەرجەم بلیتەكان.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م