لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە ئەمەریکا بۆ یەکەم جار گورزی وەشاندووەتە رووسیا

:: PM:04:31:14/02/2018 ‌

 

هەفتەی رابردوو لە سووریا رووداوێک تۆمار کرا کە هەواڵەکەی لە لایەن میدیاکانی دنیا و ناوخۆ بە ئاراستەی جیاواز بڵاو کرایەوە. سەرەتا گوترا هیزێکی سەر بەئێران بوون و لە لایەن ئەمەریکاوە پێکراون، دواتر گوترا ئەوانە هیزی بەشار ئەسەد بوون و لە هەندک ماڵپەڕیش باس لەوە کرا بە هەڵە شەڕڤانانی کورد کراونەتە ئامانج، بەڵام دوای هەفتەیەک لەم رووداوە خەریکە وردەکارییەکەی ئاشکرا دەبێت، کە هێرشی ئەمەریکا بووە بۆ سەر هێزێکی رووسیا و ٢٠٠ سەربازی رووسیا لە هێرشەکەدا کوژراون و ئەمەریکا و رووسیاش کێشەکەیان لە نیوان خۆیاندا چارەسەر کردووە.

 

دوایین زانیاری ئەوەیە ئەمەریکییەکان ٢٠٠ سەربازی رووسیایان کوشت و دەگوترێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمە بە خراپترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا هەژمار دەکرێت.

 

 لە ماڵپەڕی بلوومبێرگ باس لەوە کراوە کە ئەو ٢٠٠ کەسەی کوژران زۆربەیان رووسی بوون بەڵام بەرگریان لە سوپای بەشار ئەسەد کردووە و بە هەڵە لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا  وهاوپەیمانان لە ناوچەی دێرەزۆر پێکراون. سەرەڕای ئەم زانیارییە جیاوازانە، ئەمەریکا ژمارەی کوژراوەکانی بە ١٠٠ کەس و ژمارەی بریندارانیشی بە ٢٠٠ تا ٣٠٠ کەس هەژمار کردووە.

 

لەسەر ئەوەی سەربازەکان هیی رووسیا بن یان بۆ رووسیا کاریان کردبێت قسەی جیاواز دەگوترێت، بلوومبێرگ دەڵێت جەنگ لە سووریا زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە میدیاکان باس دەکرێت، جەنگێک کە لە سەرکوتکردنێکی ناوخۆیی نێوان حکوومەت و خەڵک دەستی پێ کرد بەڵام زۆربەی هێزە ناوچەیی و رۆژئاواییەکان تیایدا بەشدارن. جگە لە هیزی هاوپەیمانان کە لە دەیان وڵات پێکدێن، رووسیا، تورکیا، ئێران، لوبنان، سعوودیە و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەم شەڕە تێوەگلاون.

 

بە گوێرەی "رادیۆ فەردا" سوپای رووسیا دەڵێت ئەمەریکا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی بە ئەستۆ گرتووە، هاوکات جێمز مەتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دۆخەکە لێڵ و ئاڵۆزە و باسی لە وردەکاری زیاتر نەکردووە، تۆماس ئێف ڤاڵ گوتەبێژی سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، هاوپەیمانان لە گەڵ رووسیا لە پێوەندیدابوون و پێیان گوتراوە، هیچ مەبەستێکیان لەو هێرشەدا نەبووە، هەڵەیەک بووە و رووی داوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە بۆچی ئەم لێدوانە فەرمییانە هەفتەیەک دوای ئەم هێرشە ئاشکرا دەکرین، پسپۆڕان پێیان وایە بۆیە دوای هەفتەیەک ئەم زانیارییانە ئاشکرا بوون چونکە بەرپرسانی ئەمەریکا و رووسیا لە دانوستاندابوون و پێدەچێت کێشەکەیان لە نێوان خۆیاندا چارەسەر کردبێت.

 

بە گوێرەی "دۆنیایێ ئێقتێساد" هێرشەکە لە دووری هەشت کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی فورات لە حەوتی ئەم مانگە رووی داوە. هێزەکەی رووسیا کۆمەڵێک تانک و چەکی قورسیان پێ بووە و بە پشتیوانی تۆپخانە ویستوویانە پێشڕەوی بکەن بەڵام لە لایەن هیزەکانی ئەمەریکاوە دەبنە ئامانجی هێرش. لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکی ئەمەریکی و هیزەکانی سوریای دیموکرات زیانیان بەرنەکەوت.

 

دوای هێرشەکە بەشێکی زۆر لە هێزەکە پاشەکشە دەکات بەڵام فڕۆکەکانی ئەمەریکا وازیان لێدەهێنن و هەر ئەوکاتیش حکوومەتی سوریا هاتە دەنگ و بە تاوانی جەنگی هەژمار کرد.

 

دەگوترێت رادەی ئەو زیانەی لەم هێرشەدا بەر هیزەکانی رووسیا کەوتووە پێنج هێندەی هەموو ئەو زیانانەیە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەر هێزەکانی رووسیا لە سووریا کەوتووە.

 

فەرماندەیەکی سەربازی لایەنگری رووسیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە بلوومبێرگی گوتووە ژمارەی قوربانیان لە زیادبووندایە و هێشتا بریندارانی ئەم هێرشە لە مۆسکۆ و پیتێرزبورگ چارەسەر وەردەگرن.

 

ئەلکساندی یۆنیۆڤ سەرۆکی ئەو دامەزراوەیەی لە لایەن کرێملینەوە پشتیوانی دارایی دەکرێت و پێوەندی بەو هیزانە هەیە کە بەرگری لە سوپای سووریا دەکەن، دەڵێت زۆرێک لەو سەربازە رووسیانەی لەم جەنگەدا کوژراون یان بریندار بوون کۆنە سەربازی جەنگی ئۆکراینن.

 

هێشتا قسەی جیاواز لەسەر ئەم هێزە دەگوترێن، هەندێک کەس دەڵێن ئەوانە رووسین و هەندێکی تریش دەڵێن سوورین یان هێزی جیاوازن کە لە خزمەتی سوپای رووسیا دان. بۆچوونێکی تریش هەیە دەڵێت ئەمانە هیزێکن کە بە "واگنر" ناسراون و هاوشێوەی ئەو هیزەی ئەمەریکان کە  بە "بلەک واتر" ناسراون و مەبەستیشیان پاراستنی دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە وزەیە لە نیو خاکی سووریا و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و رووسیا کردووە.

 

نیوری بارمین لێکۆڵەری پرسی رۆژهەڵاتی نێوەراست لە مۆسکۆ پێی وایە لە دێرەزور پاڵاوگەیەک هەیە کە پیشتر لە دەستی چەکدارانی داعشدابوو بەڵام ئێستە لە ژێر دەستی سوپای بەشار ئەسەددایە. هەندێک رەخنە لە ئەمەریکا گیراوە لەوەی مەبەستی لەو هێرشە ئەوە بووە دەست بەسەر ئەو دامەزراوەیەی وزەدا بگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکەن ئەمەریکا لە نێو خاکی سووریا بەدوای دەستکەوتی داراییدا دەگەڕێت.

 

هەندێک بۆچوون یش وای لێک دەدەنەوە رووبەرووبوونەوەکەی نێوان رووسیا و ئەمەریکا لەوەتەی شەڕی ڤێتنامەوە بێوێنە بووبێت. ڤلادمێر فرۆلۆڤ دیپلۆماتکاری پێشووی رووسیا لەبارەی ئەم هێرشەی ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانی سەر بە رووسیا گوتوویەتی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەی نێوان ئەمەریکا و رووسیا بە یەکەم رووبەرووبوونەوەی سەربازی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەوەتەی جەنگی ڤێتنامەوە هەژمار دەکرێت.

 

 



وشە - سلێمان تاشان