ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەگاتە حەوت ملیۆن بەرمیل


وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە وڵاتەكەی بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو تا ساڵی 2020 بۆ حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرز بكاتەوە، ئاماژەیشی كرد كە یەدەگی گازی عێراق دەگاتە 135 ملیار پێی سێجا.

جەبار لعێبی لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت ئەمڕۆ چوارشەم لە وتەیەكی تیشكی خستە سەر بواری نەوت و غازی عێراق و ئاماژەی كرد كە مەبەستی ئەوان بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بە قەبارەی 2.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەشێوەیەك لە 2020 بگاتە ئاستی حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

ئێستە عێراق خاوەنی بڕی یەدەگی 145 ملیار بەرمیل نەوت و 135 ملیار پێی سێجا گازە و چاوەڕوان دەكرێت لە ئەنجامی وەبەرهێنان لەو كەرتەدا قەبارەی یەدەگی نەوتی بگاتە 250 ملیار بەرمیل.

لعێبی ئاماژەی كرد كە عێراق هەروەها بە نیازە بەرهەمهێنانی گاز زیاد بكات بۆ حەوت ملیار پێی سێجای رۆژانە تا ساڵی 2021 لەو كاتەی توانای بەرهەمهێنانی ئێستەی لە غاز بریتییە لە 2.7 ملیار پێی سێجا.

روونی كردەوە كە وڵاتەكەی پێویستی بە چوار ملیار دۆلاری ئەمەریكایی هەیە بۆ وەبەرهێنانی نوێ لە كەرتی نەوت و چەندان پلانیشی لەو بارەوە بۆ ساڵانی داهاتوو خستە روو، لەو كاتەی ئێستە عێراق خاوەنی 73 كێڵگەی نەوتییە و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیشی دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل و لە یەدەگی گازیش چوارەم وڵاتە لەسەر ئاستی دنیا.

كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە بەشداری وڵاتانی كۆمەكبەخش لە 12ی ئەم مانگەی دەستی پێ كرد و تا ئەمڕۆیش بەردەوام بوو و تیایدا وڵاتان و كۆمپانیا و وەبەرهێنەران بە بەهای چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی كۆمەكیان بۆ عێراق راگەیاند لەسەر شێوەی قەرز و هەلی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی عێراق بە گشتی و ناوچە زیانلێكەوتووەكان بەهۆی داعش بەتایبەتی. 

سەرچاوە: موستەقیلە





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:05:09:14/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌