" كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق هیچ ئەنجامێكی نابێت"

:: PM:08:12:14/02/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، پێشنیار كراوە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن و كێشەی پڕۆژە یاسای بودجە یەكلایی بكەنەوە، بەڵام پێشبینی ناكرێت كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، سەرحان سلێڤانەیی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق درێژە بە كۆبوونەوەكانی بدات لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن پەسەندی بكەن، بەڵام كورد سوورە لەسەر ڕێگری كردن لە پەسەند كردنی تا داواكارییەكانمان جێگیر نەكرێت.

زیاتر گوتی، پێشنیار كراوە لەلایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە كە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن و كێشەی پڕۆژە یاسای بودجە یەكلایی بكەنەوە، بەڵام پێشبینی ناكرێت كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی هەبێت.

سلێڤانەیی دووپاتی كردەوە كە كورد لەسەر بایكۆتی دانیشتنەكانی عێراق تایبەت بە بودجە یەك دەنگە و بایكۆتكردنیش بەردەوام دەبێ‌.

كورد دوو داواكاری سەرەكی لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق هەیە كە پشكی هەرێمی كوردستان لە17% كەمتر نەبێت و ناوی پارێزگاكانی هەرێمیش بكرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. كێشەكان لەسەر بودجە لەكاتێكدایە كە سەرەڕای ئەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان چەندان جار لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەتەوە و دواتریش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم