حەشدی شەعبی هێزی زیاتر لە كەركووك جێگیر دەكات

:: PM:07:21:15/02/2018 ‌
تادێت دۆخی ناوشاری كەركووك بەهۆی پێشێلكاریی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی زیاتر ئاڵۆز دەبێت و چەند شەوێكە میلیشیاكانی حەشد لە گەڕەكە كوردییەكانی شارەكەدا جمووجۆڵیان زیاتر بووە و هاووڵاتییانی كورد لەگەڕەكەكان بێزار دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی شوبات، سەرچاوەیەك لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند شەوێكە دۆخی ناوخۆی شاری كەركووك بە تەواوی تێكچووە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە گەڕەكە كوردییەكان كەوتوونەتە گیانی هاووڵاتییانی كورد و پێشێلكاریان بەرانبەر دەكەن.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ترسیان هەیە لەوەی خۆبەخشەكان هێرشیان بكەنە سەر، بۆیە جمووجۆڵەكانیان زیاتر كردووە و هەموو جۆرە پێشێلكارییەك ئەنجام دەدەن.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە چەند شەوی ڕابردوو لەلایەن خۆبەخشەكانەوە دەستڕێژی گوللە لە مەفرەزەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كراوە و ئێستە حەشدی شەعبی هێزی زیاتری هێناوەتە ناو شارەكە.

هاوكات، جوان حسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەوەتەی هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دۆخی ناو كەركووك خراپە و پێشێلكاری ئەو هێزەی لەوێن بەرانبەر هاووڵاتییانی كورد بەردەوامی هەیە.

رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون هێرشیانكردە سەر كەركووك و داگیریانكرد، لەوكاتەوە تا ئێستە دۆخی تەناهی و كۆمەڵایەتی شارەكە بەتەواوی تێكچووە و بە سەتان هاووڵاتیی كوردی شارەكە ئاوارە بوون و دەزگە فەرمییەكانی كەركووك ناتوانن كاروبارەكانیان بكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم